Erbil 38°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 22:47

محه‌مه‌د شیاع سوودانی بۆ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: ئێوه‌ به‌ربژێره‌كان پێشكه‌ش بكه‌ن و ئێمه‌ش‌ هه‌ڵیان ده‌بژێرین

کوردستان TV
100%

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو ئه‌مڕۆ هه‌ینی وه‌ڵامی به‌یاننامه‌كه‌ی شه‌وی ڕأبردووی هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، ئێوه‌ به ڕێككه‌وتن به‌ربژێری وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تی نوێ پێشكه‌ش بكه‌ن، سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراویش له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك هه‌ڵیان ده‌بژێرێ.

نووسینگه‌ی ڕأگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: به‌ ئاماژه‌دان به‌ به‌یاننامه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، ئێمه‌ دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ڕیككه‌وتنی نێوان هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ چواچێوه‌كه‌ پێك ده‌هێنن بریتییه‌ له‌ پێدانی ده‌رفه‌ت به‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بۆ پێشكه‌شكردنی به‌ربژێره‌كانیان بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان.

ڕاشیگه‌یاند: بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی به‌ربژێره‌كانیش بۆ خودی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو جێهێڵراوه‌،‌ ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی و ده‌ستپاكی و توانای به‌ڕێوه‌بردنی وه‌زاره‌ته‌كان و هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی قه‌باره‌ی لایه‌نه‌كان له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌ڵیان ده‌بژێرێ.

هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئێواره‌ی دوێنێ پێنجشه‌م له‌ شاری به‌غدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ و تێپه‌ڕاندنی هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ڕایگه‌یاند: محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو سه‌رپشكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی وه‌زیرانی كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی، هه‌روه‌ها سه‌رپشكه‌ له‌ دیاریكردنی به‌ربژێری نوێ و گۆڕینی وه‌زاره‌ته‌كان له‌نێوان پێكهاته‌كاندا یاخود له‌نێو‌ یه‌ك پێكهاته‌شدا.

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ته‌نانه‌ت محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رپشك كرد له‌ دیاریكردنی وه‌زیره‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش.

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا داوا له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو كرا‌ كه‌سانی شیاو و پسپۆڕ بۆ پۆستی وه‌زیرانی ناوخۆ و به‌رگری دیاری بكات و ئه‌م دوو پۆسته‌ به‌ده‌ر بكات له‌ پشكه‌كان و به‌ربژێرانی كه‌سایه‌تی مه‌ده‌نی یان سه‌ربازی، به‌ مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكوومه‌تێكی خزمه‌تگوزاری كاریگه‌ر به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ وزارییه‌كان.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆببێته‌وه‌ بۆ ده‌نگدان و متمانه‌به‌خشین به‌ كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودان و حكوومه‌تی نوێی عێراق، باس له‌وه‌ش ده‌كرێ كه‌ ڕه‌نگه‌ كۆبوونه‌وه‌ك ڕۆژی دووشه‌م بێته‌ ئه‌نجامدان.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.