Erbil 38°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 22:51

ئاماره‌كان: له‌ عێراق هه‌موو رۆژێك دوو كه‌س خۆی ده‌كوژێ

کوردستان TV
100%

پۆلیسی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق ئاشكرای كرد كه‌ ڕێژه‌ی خۆكوشتن له‌ وڵات به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه‌ و به ‌شێوه‌یه‌كه‌ كه ئه‌مساڵ‌ هه‌موو رۆژێك دوو حاڵه‌تی خۆكوشتن تۆمار كراوه‌.

عه‌مید غالب عه‌تییه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕایگه‌یاند: له‌ چوار مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا له‌ ناوخۆی عێراق زیاتر له‌ 200 حاڵه‌تی خۆكوشتن هه‌بووه‌.

ڕاشیگه‌یاند: له‌ حاڵه‌ته‌كانی خۆكوشتندا هه‌موو ته‌مه‌نێك هه‌یه‌، به‌ڵام زۆرینه‌یان ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدان.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری په‌نابردن بۆ خۆكوشتن، عه‌مید غالب عه‌تییه‌ ڕایگه‌یاند: خراپی باری دارایی و بێكاری و ئالووده‌بوون به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر و خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی و توندوتیژی خێزانی زۆرترین هۆكاره‌كانی په‌نابردنن بۆ خۆكوشتن.

لای خۆشییه‌وه‌ عه‌لی به‌یاتی ئه‌ندامی كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق پێشتر ڕایگه‌یاندبوو: حاڵه‌ته‌كانی خۆكوشتن له‌ عێراق له‌ زۆربه‌ی پارێزگاكان بۆته‌ ڕووداوی ڕۆژانه‌ و ئه‌وانه‌شی خۆیان ده‌كوژن زیاتر كچ و ئافره‌تانی گه‌نجن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدابوو كه‌ په‌نابردنی كچان بۆ خۆكوشتن زیاتر به‌هۆی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆیانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ماڵباته‌كانیانه‌وه‌ ده‌خرێنه‌ سه‌ریان.

ئه‌ندامه‌كه‌ی كۆمیسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ داواشی له‌ حكوومه‌ت كرد هه‌نگاوی به‌په‌له‌ بهاوێژێ بۆ ڕێگریكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاماره‌كانی خۆكوشتن له‌ عێراق.

به‌گوێره‌ی ئامارێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ڕێژه‌ی خۆكوشتن له‌ ساڵی 2021 بریتی بوو له‌ 772 حاڵه‌ت، واته‌ به‌ ڕێژه‌ی 100 حاڵه‌ت زیاتر بووه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2020 كه‌ له‌و ساڵه‌دا 663 حاڵه‌تی خۆكوشتن هه‌بوو.

له‌ ئاماره‌كه‌شدا هه‌روه‌ها هاتووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی خۆیان كوشتووه‌ به‌ ڕێژه‌ی 36.6% ته‌مه‌نیان له‌ خوار 20 ساڵه‌وه‌ بووه‌.

شێوازی ژیان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.