Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 02:31

کۆشکی سپی: سەربازانی ئێران هاوکاریی ڕووسیایان لە بۆردومانەکانی سەر کیێڤ کردووە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، جۆن کێربی ئاشكرای كرد، سەربازانی ئێران لە کرێمیاوە هاوکاریی ڕووسیایان لە بۆردومانەکانی سەر کیێڤ کردووە و گوتی: ئێستا ئێران لە گۆڕەپاندایە و ڕاستەوخۆ بەشدارە لە شەڕەکەدا.

جۆن کێربی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ڕایگه‌یاند، ڕووسیا ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە ئێران کڕیویەتی بۆ کرێمیای گواستووەتەوە، ئەوە پشتڕاست دەکەینەوە ئەو سەربازانەی ڕووسیا کە لە کرێمیا جێگیر کراون، فڕۆکەوانە ئێرانییەکانییان لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر کیێڤ بەکارهێناوە، ئەوە دەزانین کە سه‌ربازه‌كانی ئێران لە کرێمیان و لەو ئۆپەراسیۆنانەدا هاوکاریی رووسیایان کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕووسیا تاوەکو ئەمڕۆ دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێران کڕیوە و ئەو کڕین و گواستنەوەیە بەردەوام دەبێت و لەوه‌ زیاتر نیگەرانی ئەوەین کە ڕووسیا لە ئاییندەدا بەهۆی کەمبوونی تەقەمەنی و هۆکارەکانی دیکەوە، چەکی ئاسایی وەکو مووشەک لە ئێران بکڕێت.

بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەش کرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دروستکراوەکانی ئێران لە ئۆکرانیا، ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان ده‌پێكن و گوتی: ئێران نکۆڵی لە فرۆشتنی درۆن بە ڕووسیادا ده‌كات، بەڵام ناتوانن ڕاستییەکان بشارنەوە، ئێستا ئێران لە گۆڕەپاندایە و ڕاستەوخۆ بەشدارە لە شەڕەکە.

جۆن كێربی جەختی لەوە کردەوە، ئەمه‌ریکا بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزای سەخت بەسەر ڕووسیا و ئێراندا و گوتی: پڕۆسەی فرۆشتنی چەکی ئێران بە ڕووسیا قورس دەکەین.

کێربی باسی لەوەش کرد کە ئێستا ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كارا نییە و گوتی: تیشک ناخەینە سەر هیچ كارێكی دیپلۆماتیی لەگەڵ ئێران.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.