Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 18:39

تکایە، خانووی هونەرمەند زرار محەمەد بپارێزن!

کوردستان TV
100%


لە پایتەختی میرنشینی سۆران، شاری شۆڕشگێڕ و کوردپەروەران، شاری پاشای گەورە و وەستا ڕەجەب، شاری حوزنی موکریانی و مەڵبەندی زرار محەمەدی هونەرمەند؛ کە ناوێکی دیار و ئەستێرەیێکی گەشی ئاسمانی هونەری کوردییە. ساڵانێکی زۆر، خزمەتێکی جوانی پێشکێش بە نەتەوەکەی خۆی کردووە. لە سەدەی بیستەم، ناوی حوزنی و چاپخانە و گۆڤار و  قەڵەمەکەی، ناوی ڕواندزی بەرز ڕاگرت و ناوێکی جوانی لە مێژووی کورد تۆمار کرد، دوای ئەویش، هونەرمەند زرار محەمەد مستەفا، کە هونەردۆستانی شارەکە ناوی (ڕابەری هونەر)یان بۆ دانا؛ بووە ناوێکی نەمر و خۆشەویست لە کوردستان. بڕوانن لە ساڵی ١٨٣٧ پاشای گەورە، میرە بوێرەکەی کوردان، لە ناو دەبردرێت، دوای یەک سەدە، لە هەمان شار، هونەرمەندێک لە ساڵی ١٩٣٧ چاو بە ژیان هەڵدێنێ،  جارێکی دیکە ناوی پاشای گەورە و شکۆی شارەکە زیندوو دەکاتەوە. ڕەنگە سەدەیێکی دیکەی بوێت، تا زرارێکی دیکە، بەو گەورەیی و جوانیی و خۆبەخشی و پڕ کار و داهێنان و خزمەتەوە دروست بێتەوە. ئەو لە سەرەتایی حەفتاکانەوە، وەک موزیکژەن و شانۆکار و خۆشنووس و وێنەکێشان و پەروەرەکار و ڕاهێنەر، دێتە مەیدان و ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی چەندین ڕۆڵە و کادیری لێهاتوو لە بوارە جیاوازەکان. دەستەی دامەزرێنەری یەکەم تیپی موزیک لە ڕواندز و کۆمەڵەی هونەر و وێژەیی لە شارەکەو سەرۆکی تیپی موزیکی پاشای گەورە بووە. ئەو لە ڕێگەی هونەرەکەی، دەبێتە ناوێکی دیار و جوان لە کوردستانی گەورە. لە دوای ڕاپەڕینیش، باوەش بۆ چەندین چالاکی و کاری هونەری و هاوکاریکردنی هونەرمەندان و پێگەیاندنی منداڵە چاوگەشەکان و کردنەوەی چەندین خولی موزیک لە دەڤەرەکە. دەستەی داکۆکیکردن لە ئەنفالکراوەکانی ڕواندز بوو، لە ٢٠٠٩/١١/١١ ڕۆڵی دەبێت لە دروستکردنی (ڕێکخراوی هاوڕییانی کتێب) و کردنەوەی چەندین کتێبخانە لە دەڤەرەکە. وێرای بەشداری کردن لە دەیان پێشانگە و کار و جالاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییەکان و ئەنجامدانی چەندین کۆڕی هونەری و ڕۆشنبیری. ئەو خوێنەرێکی باش و  خەمخۆرێک بوو لە پاراستنی ئەرشیفی شار. کارەکتەرێکی سەرەکی و بە ئاگای نێوی مێژووی شارەکە و دەڤەرەکە. خاوەن بیرۆکەی (ئینسکلۆپیدیای ڕواندزێ) بوو، ئاواتی ئەوەبوو ئەو پڕۆژەیە بخرێتە بواری جێبەجێکردن و هەوڵی خۆشی بۆ داو لەم پێناوەش دوو بەرهەمی لەسەر مێژووی شارەکە بەچاپ گەیاند. بەڕاستی ئەو، ئینسکلۆپیدیای ڕواندزێ بوو. باوەڕپێکراوی لێکۆڵەر و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بوو، هەمیشە بەسەریان دەکردەوەو ئەویش بێ جیاوازی، باوەشی بۆ دەکردنەوە و لێدوان و زانیاری بەسوودی پێدەدان.  لە دوای کۆچیدوایی ئەو مرۆڤە مەزنە، بۆشاییەکی گەورە لە مەیدانی هونەری شارەکە بەجێهێشتووە. بەڵام ناو و کار و خزمەت و بەرهەم و چالاکی و خەڵات و مەداڵیا و ڕێزلێنانەکان و گەورەیی و خۆشەویستی ئەو، لەنێو دڵی هەموو کوردێکی دڵسۆز، هەمیشە  بە جوانی و بەرزی دەمینێتەوە. بۆیە لە دوای مردنی ئەو، هەرچی بۆ بکرێت، هێشتا هەرکەمە. ئەوەی من ئاگاداربم و لەگەڵ هاوڕێ (دادیار ئازاد) بیرەوەرییەکانی ئەومان ئامادەکردووە و لە ئایندەیێکی نزیک دەیخەینە بەر دیدەی خوێنەران و هونەردۆستان. ئەو باس ئەوەی کردووە لە دوای مردنی، ماڵەکەی بکرێته ماڵێکی هونەری، تێیدا خەڵک سوود لە ئەرشیف و کارەکانی وەربگرن و هەموو کەرستەکانی پارێزراو بن. ئەمەش جێگای خۆیەتی و کارێکی جوانە. ماڵی ئەو وەک زۆربەی هونەرمەندانی دونیا پارێزراو بێت و خەڵک سەردانی بکەن. بنەماڵەکە و دۆستان و خەڵکی شارەکەش، هاوڕان ماڵی ئەو ببێتە ماڵی هونەری، بەناوی ئەو بێت یان هەرناوێکی دیکە کە گوزارشت لە گەورەیی هونەری ئەو بکات.

شوێنەوارناس و لێکۆڵەری گەورەی کورد (عەبدولڕەقیب یوسف) لە ڕۆژنامەی هەوڵێر، ژمارە (٣٧٢٧)، ڕۆژی ٢٠٢٢/٩/٢٧ بابەتێکی لەسەر ماڵەکەی زرار محەمەد مستەفا نووسیوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و  بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران دەکات، کە ماڵی ئەم هونەرمەندە کوردپەروەرە، وەک خانووێکی کەلەپووری بپارێزرێت. ئێمەش وەک هاوڕێیانی ڕابەری هونەر و مامۆستای هەمیشە لەیاد، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف. داوا لە لایەنی پەیوەندیدار و سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەین، بەجددی ئەم داواکاریەمان قبووڵ بکات و تا زووە فریای خانووەکەی ئەو بکەون، کە لە بنەڕەتدا موڵکی خۆیەتی و لە لایەن حکومەت بکڕدرێتەوە، وەک خۆی بپارێزریت، وەک ماڵێکی هونەری، ڕۆشنبیری و مۆزەخانەیێکی جوان، تێدا سەرجەم کەلوپەل و ئەرشیف و کتێب و کاسێت و ئامێر و خەڵات و مەداڵیا و ڕێزلێنانەکان، هەموو ئەو شتانەی پێویستن بە خودی مامۆستا، لەو ماڵە هونەرییە، نیشانی میوانان و گەشتیاران و هونەرمەندان بدرێت. تا زووە ئاوڕێکی لێبدەنەوە، بۆ ئەوەی وەک ماڵی حوزنی موکریانی لەدەستمان نەچێت و لە ئایندەش نەڵێین بەداخەوە! گرنگیدان بە  خانوو و ماڵی زرار، ڕێزگرتن و وەفادارییە بۆ سەرجەم هونەرمەندانی شارەکە و تیپی موزیکی پاشای گەورە و هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی هەموو ئەوانەی جێپەنجەیان لە هونەری شارەکەدا دیارە. بۆ دەڤەرەکەش دەبێتە شانازیێکی گەورە، دەسکەوتێکی مەزنیش بۆ ئەوانەی بە پیر بانگەوازەکەی ئێمەوە دێن و ڕۆحی مامۆستا ئاسوودە دەبێت و ماڵی ئەویش دەبێتە ماڵێکی هونەری بۆ سەرجەم هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی کوردستان.
یاسین برایم
 

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.