Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 16:30

فڕۆکەخانەی کەرکووک لە یەکەم گەشتی سەرپێچی کرد و سزا دەدرێت

کوردستان TV
100%

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکووک، دوای ئەوەی لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو 16ـی ئۆکتۆبەری 2022 کرایەوە، لە یەکەم گەشتی خۆیدا سەرپێچی تۆمار کرد و بڕیارە سزا بدرێت.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک لە یەکەم گەشتی خۆیدا، لە کەرکووکەوە بۆ شاری مەدینەی سعوودیە کە ڕاکان سەعید جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک لەو گەشتەدا بووە، بەپێی نووسراوێکی کۆمپانیاى هێڵەکانى ئاسمانى عێراق، سەرپێچی تۆمار کراوە.

لە نووسراوەکەی کۆمپانیاى هێڵەکانى ئاسمانى عێراق هاتووە، ئاگادارتان دەکەینەوە کە سەرپێچییەک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی مەدینە و بەشی پاسپۆرت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەدینە تۆمار کراوە سەبارەت بە گەشتی ژمارە IA4323 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووکەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەدینە.

سەبارەت بە سەرپێچییەکان ئاماژە بەوە دراوە کە دوو سەرپێچی تۆمار کراون کە بریتین لە، نەبەستنەوەی گەشتەکە بە سیستەمی ڕۆیشتنی ئۆتۆماتیکی لە وێستگەی گەیشتن، بەمشێوەیە تۆمارنەکردنی زانیاری سەرنشین و تیمی فڕۆکەوانان بۆ فڕۆکەخانە، پاسپۆرت، و سەنتەری نیشتمانی ئاسایشی سەرنشین، هەروەها گەشتەکە لە خشتەی فڕۆکەخانەی مەدینەدا نییە بەهۆی نەگۆڕینی فڕۆکەی SLOT لەلایەن جوڵانەوەکە لە (بەغدا- مەدینە- بەغدا) و (کەرکووک- مەدینە- بەغدا).

هاوکات کۆمپانیاى هێڵەکانى ئاسمانى عێراق هۆشداری داوە کە پێشێلکاری لەمشێوەیە هێڵە ئاسمانییەکە دووچاری سزای دارایی قورس دەکاتەوە، داوای چارەسەرکردنی ئەم کێشانەش دەکات.

جەختیشی کردۆتەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە فڕۆکەخانەی مەدینە بۆ ئەوەی سزا بەسەر کۆمپانیاکە نەسەپێنرێت سەبارەت بەم گەشتەی ئەنجام دراوە.

د. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەمبارەیەوە دووپاتی کردۆتەوە کە پێویستە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت پێداگربوون لەسەر کردنەوەی فڕۆکەخانەی کەرکووک بەبێ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگە هونەرییەکان.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.