Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 12:36

قۆناغی كۆتایی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەری لەماوەی ساڵێكدا تەواو دەكرێت

کوردستان TV
100%

لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، قۆناغی كۆتایی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر دەستی پێكرد و بە شێوازێكی مۆدێرن و بە دروستكردنی ئاو و ئاوەڕۆ و راكێشانی كارەبا نۆژەن دەكرێتەوە.
پارێزگای هەولێر، سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی یەك سەرپەرشتی پڕۆژەكە دەكەن و گوژمەی 2،1 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوودا كارەكانی نۆژەنكردنەوەكە لەلایەن كۆمپانیای "خاكان" تەواو بكرێت.
لەوباریەوە ئەندازیار تریفە نەجات عەساف، بەڕێوەبەری شارەوانی یەك، لە لێدوانێكیدا گوتی: بازاڕی قەیسەری، مێژوویەكی دێرینی شاری هەولێرە. لە ماوەی رابردوودا بەشێكی نۆژەنكراوەتەوە، ئێستاش قۆناغی كۆتایی نۆژەنكردنەوەكە بەڕێوەدەچێت كە گوژمەی 1،2 ملیار دیناری لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بۆ تەرخانكراوە و لە 21ی ئەیلوولەوە پڕۆژەكە دەستی پێ كردووە و بڕیارە لەماوەی 365 رۆژدا تەواو بكرێت.
هەروەها گوتی: نۆژەنكردنەوەكە لە چەند هەنگاوێك پێك دێت كە بریتیین لە لێكردنەوەی جەمەلۆنەكان، هەڵكەندنی بناغەی دینگەكان و دانانی دینگەكان بە شێلمان و ئاسن و رووپۆشكردنی دیوار و دینگەكان بە كەرپووچ، دروستكردنی سەقفی قەوس و تەخت، هەروەها دروستكردنی ئاوەڕۆ، تۆڕی ئاو و كارەبا.
لە قۆناغی یەكەمدا بەشێكی ئەم بازاڕە نۆژەن كراوەتەوە و دیوی ناوەوەی بە كەرپووچ روپۆشكراوە و بەشی سەرەوەی دوكانەكان بە شێوازێكی رێك داپۆشراوە و ئەو جەمەلۆنانەی كە میچی دوكانەكانی داپۆشیبوو، لێكرانەوە و لە قۆناغی ئێستاشدا، بەشەكەی دیكەی بازاڕی قەیسەری كە زیاتر كۆڵانی كوتاڵشفرۆشان و پێڵاوفرۆشان دەگرێتەوە، نۆژەن دەكرێتەوە.
بازاڕی گەورە یان بازاڕی قەیسەری یەكێكە لە شوێنەوارە كۆنەكانی شاری هەولێر و مێژووەكەی بۆ نۆ سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ئێستاش سەرەڕای بوونی چەندین بازاڕ و مۆڵی گەورە، بەڵام بەشێكی زۆری خەڵكی شارەكە بۆ پێداویستییەكانیان سەردانی بازاڕی قەیسەری دەكەن و دەتوانن لەوێ سەرجەم پێداویستییەكانیان دەست بكەوێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.