ئەمڕۆ یەكشەم لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەژێر ناوی هەزارەی دووەم لە کوردستانی عێراق، ئەنجامی نوێ، ڕوانگەیەکی نوێ، كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی شوێنەوار و كەلەپوور دەستی پێ كرد و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
كۆنفرانسەكە بە هاوبەشی لەلایەن پەیمانگەی فەڕەنسی بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیك (IFPO) و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەكی زۆر لە شوێنەوارناسانی کوردستان و پەیمانگە و زانکۆکانی ئەوروپا بەشدارن.
كۆنفرانسهكه بە مەبەستی پەرەپێدانی سێكتەری شوێنەوار زیاتر لە شازدە بابەت و توێژینەوەی زانستی پێشكەش دەكرێن و ئەنجامی کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری دەخرێتەڕوو، بە تایبەتی ئەو شوێنە شوێنەواریانەی دۆزراونەتەوە و ئێستاش كاركردن لە بەشێكیان بەردەوامە.
ئەم كۆنفرانسە زانستییە یەكێكە لە ئامانج و بایەخدانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەو سێكتەرە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕێگەی پرۆژە و كۆنفرانس و تویژینەوەی زانستییەوە دەیەوێت پەرە بە شوێنەوار بدات و وەك كەرتێكی گرینگ مامەڵەی لەگەڵدا بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.