محەمەد عامر دێرشەوی چاودێری سیاسی و دانا شـەهید جـەزا ـ ئەنـدامی خولی پێشـووی پـەرلەمانی عـێراق لە بەرنامەی مژار سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق جەختیان کردەوە کە پێشبینی ناکرێت هیچ گۆرانکارییەکی بنەڕەتی لەم کابینەیە بکرێت.
محەمەد عامر دێرشەوی چاودێری سیاسی لە میانی بەرنامەکە ڕایگەیاند: محەمەد شیاع سوودانی خاڵی لاوازی لە چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە، چونکە پشتیوانی نییە و پێگەیەکی بەهێزی لەناو چوارچێوەش نییە.
ڕاشیگەیاند: ئەم کابینەیە مەبەستی پێکهێنانی حکوومەت نییە، بەڵکوو سەرەتا مەبەست لە لادانی کازمییە.
ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق پێویستی بە سەرکردەیەکە بۆ ئەوەی لەم تەنگەژەیە ڕزگاری بێت. جەختیشی کردەوە کە عێراق دەسەڵاتی گشتیی و بنەماکانی دەوڵەتبوونی تێدا نییە.
هاوکات دانا شـەهید جـەزا، ئەنـدامی خولی پێشـووی پـەرلەمانی عـێراق لە میانی بەرنامەکە ڕایگەیاند: پێشبینی ناکرێت هیچ گۆرانکارییەکی بنەڕەتی لەم کابینەیە بکرێت، کە عێراق لەم قۆناغە بەرێت بۆ قۆناغێکی دیکە، لەوانەیە تاوەکو هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی دیکە جۆرێک لە سەقامگیری دروست بێت، ئەگەر بمانەوێ عێراق ببەینە قۆناغێکی دیکەوە پێویستە هەنگاوی دیکە بگرینەبەر بۆیە خەڵک چاوەڕوانی گۆڕانکاری ناکات.
ڕاشیگەیاند: ئەگەر بمانەوێت دەوڵەتێکی سەقامگیری بەهێز ببینین پێویستە میلیشیاکان لەناو حکوومەت نەمێنن، کەس دەسەڵاتی بەسەر حکوومەتەوە نەبێت و یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێت، پێویستە ئەولەویەتی حکوومەت پەنجەخستنە سەر ئەو کێشانەیە کە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە عێراق خاوەن پێگە و سەروەری خۆی بێت، ئەمەش بڕیاری گرنگ و بوێرانەی دەوێ، بەڵام لەم قۆناغەی ئێستا ئەوە نابینرێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.