Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 08:28

پڕۆژەى ئاوى بارزان کێشەى 51 گوندى ناوچەکە چارەسەر دەکا

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەبارەی پڕۆژەی ئاوی بارزان ڕایگەیاند، لە هەر کاتژمێرێکدا هەزار و 200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە 31 هەزار دانیشتووی سنوورەکە دابین دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان زانیاری لەسەر پڕۆژەی ئاوی بارزان بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاند: پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بارزان دوای سێ ساڵ لە وەستان کەوتەوە کار و دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاوی پاك بۆ دانیشتوانی سنوورەکە و سەرچاوەکەشی رووباری شینە لە ناوچەی باڵندا.

ڕاشیگەیاند: پڕۆژەکە ئاوی رووبار بۆ بەشی پاڵاوتن دەگوازێتەوە، لەوێشەوە رادەی پاکی و پێکهاتەکانی ناو ئاوەکە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی کە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ خواردنەوە شیاو بێت. ئاوەکە پاشان لە رێگای کۆگاکانی پڕۆژەکەوە بۆ گوندەکانی ناوچەکە دەگوازرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم پرۆژەیە بۆ ناوچەکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، تەنیا دوو سێ گوند کانی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوانی دیکە دەبێت بچن لەناو رووبار ئاو بهێنن یان ئاو بکڕن. پڕۆژەکە ئاوی تەواوی گوندەکانی سنوورەکە دابین دەکات.

هاووڵاتییەکی سنوورەکە لە ڕێگەی ماڵپەڕی حکوومەتەوە، زۆر سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: بەهۆی ئەم پرۆژەوە ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی ناوچەکەمان سوودی لێ دەبینن، چونکە ناوچەکەمان نزیکەی 4 تا 5 کیلۆمەتر لە ئاوەوە دوورە، بە تەواو بوونی ئەم پرۆژەیە کێشەی ئاوی ناوچەکەمان چارەسەر دەبێت.

هاووڵاتییەکی دیکەی ناوچەکە دەڵێت: ئەم پرۆژەیە بۆ ناچەکەمان شتێکی زۆر گرنگە، داواکارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان چۆن پرۆژەی ئاوەکەی جێبەجێ كرد، جادەکانیشمان بۆ چاک بکاتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە داوە کە پڕۆژەی ئاوی بارزان بە گوژمەی 138 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و لە پێنج کۆگای سەرەکی و 51 کۆگای لاوەکیی ئاو پێکهاتووە.

ئاماژەی بەوەش داوە کە پڕۆژەکە لە رێگەی زیاتر لە 500 کیلۆمەتر بۆڕی بە قەبارە و شێوەی جیاواز ئاوەکە بۆ گوندەکانی ناوچەکە دەگوازرێتەوە و کێشەی کەمئاوی لە 51 گوندی ناوچەی بارزان بە تەواوەتی چارەسەر دەکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.