Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 08:25

وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیەنراوێک لەسەر هەڵمەتی داماڵینی چەک بڵاو دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی 10ـی 2022 لە هەفتەی جیهانی چەکداماڵین ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون کە لەهەر کوێیەک لە شوێنە گشتییەکان و ناو ئۆتۆمبێل چەکی بێمۆڵەت هەبێت دەستی بەسەردا بگرن و مامەڵەی یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی بکەن.

لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەپێناو کەمکردنەوەی دەرفەتی تاوان و پەنابردن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە توندوتیژی و چەک، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بایەخێکی گرنگی بە بابەتی ڕێکخستنی چەکهەڵگرتن و سنووردارکردنی دیاردەی چەکداری داوە.

ڕاشیگەیاند: لەو سۆنگەیەوە یاسای کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان ژمارە 18ـی ساڵی 2021 و یاسای چەک ژمارە 2ـی ساڵی 2022 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون و چەند ڕێنماییەک بۆ جێبەجێکردنییان لە وەزارەتی ناوخۆ دەرکراون.

سەبارەت بە ئامانجی ئەو ڕێنماییانە وەزارەتی ناوخۆ ڕوونی کردۆتەوە کە "ئامانجی ئەو یاسا و ڕێنماییانە ئەوەیە کە چەکی بێمۆڵەت نەمێنێ و دیاردەی چەکداری تا ئەوپەڕی سنووردار بکرێت."

لە ڕاگەیەنراوەکە داوایەکیش ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات و تێیدا هاتووە کە "لە هەفتەی جیهانی چەکداماڵیندا، کە ساڵانە نەتەوەیەکگرتووەکان لە 24 تا 30ـی ئۆکتۆبەر بۆ سنووردارکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و کێبڕکێی خۆپڕچەککردن لە ئاستی نێودەوڵەتیی و ڕێکخستنی چەک و دیاردەی چەکداری لە ناوخۆی وڵاتان بەڕێوەی دەبات، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هانیشتمانییان دەکات پێگیری بە ڕێنماییەکان بکەن و چەکی قورس و جەنگی، ئەگەر لایانە، دەستبەجێ بدەنەوە حکوومەت و چەکی ئاگرین (دەمانچە، کلاشینکۆف و هاوشێوەکانی) لەو بنکانە تۆمار بکەن کە دەستنیشان کراون دەستبەکار دەبن."

هاوکات ئاماژەی بەوە داوە کە "ماوەی ساڵێک دەستنیشان کراوە بۆ تۆمارکردن و لەو ماوەیە ڕێگە نادرێت هیچ کەس چەکی بێمۆڵەت ئەگەر تۆمارکراویش بێت بهێنێتە دەرەوە و لە شوێنە گشتییەکان هەڵبگیرێ، چونکە ئەمە پێچەوانەی یاسای چەکە."

وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردۆتەوە کە "ئەم هەفتە جیهانییە بۆ ئەوەیە کە هەموومان بیر لەو کارەسات و ڕووداوە ناخۆشانە بکەینەوە کە بڵاوبوونەوەی چەک و بەکارهێنانی، بەسەر هاووڵاتییان دێنێت، بۆیە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و تاوان و پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، لە هەفتەی جیهانی چەکداماڵین و هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون کە لەهەر کوێیەک لە شوێنە گشتییەکان و ناو ئۆتۆمبێل چەکی بێمۆڵەت هەبێت دەستی بەسەردا بگرن و مامەڵەی یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی بکەن."

هەر لەو ڕاگەیەنراوە وەزارەتی ناوخۆ داوایەکی ئاراستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کردووە و دەڵێت، "داوا دەکەین کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هاوکاربن و ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ چەک و لێکەوتەکانی کە دەرفەتی تاوان و توندوتیژی زیاد دەکات."

دەقی نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.