سەرلەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە 2022.10.24، د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستیى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر،و کونسڵى گشتیى ئەڵمانیا لە هەولێر و ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و قائیمقامى ناوەند و بەڕیوەبەرى گشتیى تەندروستیى هەولێر و بەڕیوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و نوێنەرانى ڕێکخراوى UNDP و ژمارەیەکى تر لە پزیشک و کارمەندان، لەرێورەسمێکدا نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا و نەخۆشیە گوازراوەکانى هەولێریان لە بەحرکە کردەوە.
لەرێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لەوتارێکدا باسى لە ڕۆڵى گرنگى خوالێخۆشبوو د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووى هەولێرى کرد لە بونیاتنان و دروستکردنى ئەم نەخۆشخانەیە بۆ چارەسەرکردنى تووشبووانی کۆرۆنا لە شاری هەولێر و ڕایگەیاند: "براى جوانەمەرگمان خوالێخۆشبوو د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووى هەولێر ڕۆڵێکى گرنگ و کاریگەرى هەبوو لە دروستکردن و بونیاتنانى ئەم نەخۆشخانەیە بۆ چارەسەرکردنى تووشبووانی کۆرۆنا و لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵێکى خۆى خستبووە گەڕ، کە بەداخەوە لەدەرەنجامدا هەر بەم نەخۆشیى و پەتایە ڕوحى شادى سپارد".
پارێزگارى هەولێر، وێڕاى ئەوەى بەناوى وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر سوپاسى سەرجەم ئەو خێرخواز و رێکخراو و لایەنە کۆمەک بەخشانەى کرد کە لە دەرەوە و ناوخۆى کوردستان هاوکار و پشتیوانى ئەم پڕۆژەیە بوونە، گوتى: "ئومێد دەکەین لەگەڵ وەزارەتى تەندروستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان بتوانین هەرچى زووە پێداویستیی و ستافى کار بۆ ئەم نەخۆشخانەیە دابین بکەین، بۆئەوەى لەماوەیەکى نزیکدا وەک خزمەتگوزارییەکى گرنگى کەرتى تەندروستیى گشتیى بکەوێتە خزمەت هاوڵاتییان".
جێگەى باسە، پڕۆژەى نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا و نەخۆشیە گوازراوەکان لەبەحرکە لەسەر ڕووبەرى 15,000مەتر2 و بەگوژمەى (4 ملیار و 400 ملیۆن دینار) لەسەر ئەرکى بەشێک لە ڕێکخراو و کۆمپانیا و خێرخوازانى شارى هەولێر و ڕێکخراوى UNDP دروستکراوە و بەشێکى زۆر لە پێداویستی پزیشکی و ئامێرە تایبەتیەکانی بۆ دابین کراوە، واچاوەڕوان دەکرێت لەماوەیەکى نزیکدا وەک خزمەتگوزارییەکى گرنگى کەرتى تەندروستیى گشتیى بکەوێتە خزمەت هاوڵاتییان.
هەولێر... نەخۆشخانەیهكی تایبەت بە کۆڕۆنا و نەخۆشییە گوازراوەکان کرایەوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.