Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 00:24

ئوكراینا داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و چەكی دیكە لە ئەڵمانیا و ئەمریكا دەكات

کوردستان TV
100%

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئوكراینا، بە ئاماژەدان بەوەی وڵاتەكەی پێویستی زیاتری بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئەڵمانیایە، داوای لەو وڵاتە كرد لە رێگای پێدانی چەكی زیاتریش هاوكاری ئۆكراینا بكات.
شەوی رابردوو، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لەگەڵ سەركۆماری ئەڵمانیا، فرانك ڤالتەر شتاینمایەر كە بەرەبەیانی دوێنێ بە شەمەندەفەر گەیشتە كیێڤ پایتەختی ئۆكراینا، كۆبوویەوە.
دوای كۆبوونەوەی دووقۆڵی هەردوولا كە دوور لە چاوی كامێراكان لە كۆشكی سەرۆكایەتی ئۆكراینا ئەنجام درا، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان بۆ رێك خرا.
سەرۆكی ئوكراینا سوپاسی ئەڵمانیای كرد بۆ ئەو هەماهەنگییەی كە لەگەڵ وڵاتەكەی ئەنجامی داوە بەشەرپەرشتی یەكێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی تەوەرەكانی پێشخستنی ئاسایش، ئابووری و ئەمنی و گوتی: "بابەتە گرنگەكانمان تاوتوێ كرد. ئەمڕۆ لەگەڵ سەركۆمار دانوستانی گرنگمان ئەنجام دا كە بەتەواوی لەگەڵ پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات دێنەوە".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی سوپاسی ئەڵمانیای كرد كە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "IRIS-T" بۆ ئۆكراینا دابین كردووە بە مەبەستی پاراستنی كایەی ئاسمانیی ئۆكراینا و هیوای خواست ئەڵمانیا بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنی وڵاتەكە و گوتی: "هێندەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێویستییمان بە چەك (و پێداویستی سەربازیی) دیكەیشە بە تایبەت سیستەمی تۆپهاوێژ و زریپۆش".
لەلایەكی دیكەوە دوو بەرپرسی ئەمریكی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەمریكا بیر لە ناردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی هاوك دەكات بۆ ئۆكرانیا، بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكی كروز لەلایەن سوپای رووسیاوە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.