Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 18:22

بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکی کرد

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی 10ـی 2022 کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێک کرا.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی دیدگە و ستراتیجی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی، سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی وەزیفەی گشتیی کە لەلایەن سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتیی خرایەڕوو.

ئاماژەمان بە گرنگیی هەبوونی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتیی کرد،  کە دامەزراوەیەکی زۆر پێویستە بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و وەزیفەی گشتی و یەکێکیشە لە بڕگەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی ئەنجامدانی چاکسازی ئیداری و ڕێکخستنەوەی میلاکی گشتی فەرمانبەران و سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوە و پێداچوونەوە بە پەیکەری پێکهاتەی وەزارەتەکان و دامەزراوەکان، بە میکانیزمێکی زانستی و گونجاوتر و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان، بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی حکوومەت لە‌ پرسی ڕێکخستنەوەی میلاکات و درێژەپێدانی ڕیفۆرمی ئیداری و ڕێکخستنی پلەبەندی ڕاژەی فەرمانبەران لە کەرتی گشتی بەپێی پێویستی و پسپۆڕییان و دیاریکردنی پلە و وەسفی وەزیفی فەرمانبەران لەناو دامەزراوەکانی حکوومەت، پشتبەست بە میلاكاتی ئە‌لیكترۆنی کە بڕیارە بە ئامانجی بەئەلیکترۆنیکردنی دۆسیەی فەرمانبەران و شەفافکردن و نەهێشتنی ناڕێکییە کارگێڕییەکان دروستبکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، دیدگە و ستراتیجی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتیی پەسەند کرد، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ، ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی ڕاسپێردرا، بە تاوتوێکردنی بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و کارمەندانی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێم، لەبەر ڕۆشنایی دیدگە و ستراتيجی پەسەندکراوی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی.

لە بڕگەی دووەمدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار،  لەپێناو ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی موڵکی گشتیی،  پێشنیارێکی وەزارەتەکەی خستەڕوو،  سەبارەت بە هەموارکردنی شێوازی بەکرێدانی ناوچە پیشەسازییەکان، کە موڵکی گشتین. بە مەرجێک ڕەچاوی ئاسانکاریی پێویست بکرێت، بۆ برەودان بە پڕۆژە و چالاکیيە پیسەشازییەکان و ڕێگەنەدرێت بە کەسانێک کە خاوەنی هیچ پیشە و چالاکیەکی پیشەسازیی نین، بە شێوەیەکی ناڕەوا، سوود لە زەوی پڕۆژەکان وەربگرن و زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنن. دوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و ڕاسپاردە، ئەنجوومەنی وەزیران، پێشنیارەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشنیار و تێبینیانەی خرانەڕوو، پەسەند کرد.

پاشان ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە ڕەوشی پێکهاتەی نەتەوەیی تورکمان و کلدانی سریانی ئاسووری و ئەرمەن و پێشنیاریان بۆ جێگیرکردنی ڕۆژێک وەک بۆنەیەکی فەرمی لە ڕۆژمێری فەرمیی هەرێمی کوردستان بەناوی ( ڕۆژی بەیەکەوەژیان) پشتبەست بە یاسای یاسای مافی پێکهاتەکان ژمارە 5ـی ساڵی 2015 پێشکەش کرد.

هاوکات سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان کردەوە کە بووەتە سیمایەکی گەش و مایەی شانازی هەمووان و دووپاتی کردەوە کە هەرچی پێویست بێت بۆ برەودان بە کولتووری پێکهاتە جیاوازەکان دەیکەین، لەپێناو زیاتر لەیەک نزیککردنەوەی پێکهاتەکان و دەوڵەمەندکردنی کولتووری هەمەڕەنگی کوردستان و خزمەتکردنی گشت هاونیشتمانییانی کوردستان بە بێ جیاوازی.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و دامەزراوە  پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بەدواداچوون بۆ پێشنیارەکانی هاتوو لە ڕاپۆرتی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بکەن، لەپێناو برەودان بەیەکەوەژیانی ئاشتیيانە لە کوردستان، کە نیشتیمانی هاوبەشی گشت پێکهاتە نەتەوەیی وئایینیەکانە بەبێ جیاوازیی، لەسەر بنەمای هاووڵاتیی بوون لە چوارچێوەی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان.

لە بڕگەی چوارەم و کۆتاییدا، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی کێشەکانی تایبەت بە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان وکۆگاکەن و گواستنەوەی ئەو بەشەخۆراکە و هەماهەنگیکردن لە گەڵ وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی فیدراڵی بۆ مسۆگەرکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوەکانی بودجەی عێراق بۆ دابینکردنی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان خستەڕوو، بە ئامانجی چارەسەکردنی ئاستەنگ و کێشەکانی تایبەت بەم بابەتە و چارەسەرکردنی دواکەوتنی گەیشتنی بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانی هەرێم.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی كردن لە وەزیری بازرگانی وپیشەسازیی، بۆ سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی فیدڕاڵیی و دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەم بارەیەوە، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم.  لەهەمانکاتدا،  ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی (بازرگانیی وپیشەسازیی و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پلاندانان و دارایی وئابووری) ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری ئەم کابینەیە، کار بکەن بۆ دابینکردنی ئاسایشیی خۆراک لە هەرێم و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوبەشدا، پێشنیارەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.