Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 18:35

وەزیری خوێندنی باڵا: دەبێت زانکۆکانمان ببنە باشترین زانکۆکانی جیهان

کوردستان TV
100%

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەخت دەکاتەوە کە دەب‌ێت زانکۆ تایبەتەکان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و وەبەرهێنانی زیاتر لە پەرەپێدانی کوالێتی خوێندن ڕاهێنان ئەنجام بدەن، ببنە باشترین زانکۆکان لە سەرتاسەری جیهان.

د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى 26ـی 10ـی 2022 کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم سەرۆک زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان، کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتىی وەزارەت ئامادەی بوون، ئەنجام دا.

وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: چاوەڕوانی ئێمە و هاووڵاتییان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ئەوەیە بەئاستێکی زانستی بەرز و بەپێی ستانداردی ئەکادیمی خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن، لەهەمان کاتدا دەبێت زانکۆ تایبەتەکان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و وەبەرهێنانی زیاتر لەپەرەپێدانی کوالێتی خوێندن و ڕاهێنان ئەنجام بدەن، چونکە گەنجانی وڵاتەکەمان شایستەی باشترین و بەرزترین ئاست و کوالێیتی خوێندنن.

ڕاشیگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا کارمان کردووە بۆ ئەوەى ڕیفۆرمى قوڵ لە سیستمى خوێندنى وڵاتەکەمان بکەین، بەشێکى ئەم پڕۆگرامانە پەیوەندیدار بوون بە خوێندنى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، هەروەها بەشی دیکەى بریتی بووە لەوەى کە بەشى هەرە زۆری دەرچووانی ئامادەیی جێگە بکەینەوە و سوود لە ئەوپەڕی توانای وەرگرتنی زانکۆکان وەربگرین، بۆ ئەوەی هەمو گەنجانی وڵاتەکەمان دەرفەتیان هەبێت لەناو وڵاتی خۆمان خەونەکانیان بێتەدی و ڕێگە بگرین لە کۆچی بەلێشاوی هزرو توانا مرۆییەکان و چوونە دەرەوە و بەهەدەردانی سەرمایەی نیشتیمانی.

باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا 45%ـی کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێل و 10% تا 25% کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان داشکێنرا، بەڵام هێشتا زانکۆ تایبەتەکان دەبێت لەڕێگەی پرۆگرامی سکۆڵەرشیپی تایبەتەوە هاوکاری زیاتری سەرکەوتوو بکەن و نەهێڵن کرێی خوێندن ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان، بەڵکوو دەبێت بە هەمو لایەکمان هەوڵ بدەین دەرفەتی یەکسان بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان بڕەخسێنین.

وەزیرى خوێندنى باڵا گوتیشى: دەبێت هەوڵ بدەین زانکۆکانمان ببنە باشترین زانکۆکان لە سەرتاسەرى جیهان و لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و تەنانەت عێراقیش، بۆ ئەوەى بتوانین بەشدارى ڕاستەقینە لە بەرهەمهێنانى توانا مرۆییەکانى وڵاتەکەمان بکەین، وتیشى: ئێمە وەک وەزارەت بەجدى هەوڵ دەدەین لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان کارى هاوبەش و پێکەوەیی بکەین.

سەبارەت بەپلان و ستراتیجیەتى وەزارەت بۆ بەستنەوەى زانکۆکان بەبازارى کار، وەزیرى خوێندنى باڵا وتى: پڕۆسەی خوێندن دەبێت ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری کوردستان بێت، دەبێت باشتر هەوڵ بدەین ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئاکامەکانی پرۆسەی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە ببەستینەوە و باشتر دەرچووان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بتوانن لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کێبڕکیی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن، بۆ ئەوەش باسى لە پلان و ستراتیجیەتى وەزارەت کرد و ڕایگەیاند: پلانمان ئەوەیە زیاتر زانکۆکانمان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاری کار کارلێک بکەن و بەردەوام ڕوپێوی ئەو کارامەییانە بکەین کە بۆ بازاڕی کار پێویستن، هەروەها هەنگاوی جدیمان ناوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر سود لە دەستی کاری ناوخۆیی وەربگرین و لەهەمو بوارەکانی کەرتی ئابووری و پیشەسازی جێگەیان بکەینەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.