وهزارهتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند كه رێگهی دووڕیانی ژاڵەناو و 30 مەتری رێڕەوی بارھەڵگرەکان لە دەربەندیخان قیرتاو دەکرێت.
دوای ئاراستەکردنی نووسراو لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکە، ئاوات جهناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری رەزامەندی بۆ تەرخانکردنی بودجەی پڕۆژەکە دەربڕیوە و نووسراو ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی سلێمانی 2 دەکرێت.
پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی چینی بایندەر بۆ شەقامی قیری دووڕیانی ژاڵەناو و سی مەتری رێڕەوی بارھەڵگرەکان بەدرێژی 7 کم، کە بڕی 487.790.000 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانییەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت كه رۆژی 29/4/2022 دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تونێلی دەربەندیخانی بەسەرکردەوە و بڕیاری دا بە قیرتاوکردنی رێگاکە، ھاوکات لە ئێستادا کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.