Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 17:11

دوو هاووڵاتی كورد لە شارەکانی مەهاباد و سنە بە تەقەی هێزەکانی ئێران بوونه‌ قوربانی

کوردستان TV
100%


لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردووی شاره‌كانی كوردستانی ئێران کە 13 شاری گرتەوە، لانی کەم 2 هاووڵاتی لە شارەکانی مەهاباد و سنە بە ناوەکانی ئیسماعیل مەولوودی و محەممەد شەریعەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شەوی چوارشەممەی رابردوو،  لە شاری سنە، لاوێکی تەمەن 21 ساڵ بە ناوی محەممەد شەریعەتی لە کەمەربەندی 25 ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، محەممەد شەریعەتی تاقانە کوڕی بنەماڵەیەکی خەڵکی گوندی سیاناوی سەر بە شارۆچکەی موژژ بووە.

لە لایەکی دیکە و هاوکات، لە خۆپیشاندانەکانی شاری مەهاباد، لاوێکی دیکە بەناوی ئیسماعیل مەولوودی تەمەن 35 ساڵ ناسراو بە سمکۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە کانی حکومەت گیانی لەدەستدا.

شەوی ڕابردوو تەرمی سمکۆ لەسەر شانی خەڵک بەوتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێ" بۆ مزگەوت گوازراوەتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی به‌خاسپاردنی ناوبراو کاتژمێر 9 بەڕێوە بچێت.

ڕۆژی ڕابردوو خەڵک لە شارەکانی، ئورمیە، مەهاباد، بۆکان، سەقز، دیواندەرە، مەریوان، سنە، قوروە، کامێران، ڕوانسەر، کرماشان، قەسری شیرین و ئیلام ڕژانە سەر شەقامەکان و هێزەکانی حکومەت لە زۆرێک لەو شارانە ڕاستەوخۆ خەڵکیان داوەتە بەر دەستڕێژ و لە شارەکانی کرماشان، سنە، سەقز، بۆکان، مەریوان، قوروە و مەهاباد بە دەیان کەس برینداربوون.

ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە هەنگاو باس لە کوژرانی دوو هاووڵاتی دیکە لە شارەکانی سنە و مەهاباد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان دەکەن کە هەنگاو لە هەوڵی پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانەدایە.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.