Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 00:29

ئەگەر پوتین چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنێت رۆژئاوا چۆن وەڵامی دەداتەوە ؟  

کوردستان TV
100%

بەپێی شیكارییەك كە گۆڤاری تایم بڵاویكردووەتەوە، دوای چەند مانگێك لە جەنگی ڕووسیا لە ئۆكرانیا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕووسیا خۆی ببینێتەوە كە ناتوانێت سەركەوتن بەدەستبهێنێت، "جگە لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی، یان "بۆمبی پیسی تیشكدەر" نەبێت.
لە ئەگەری ئەوەی كە پوتین پەنا بۆ چەكی ئەتۆمی ببات، ڕۆژاوا لێكۆڵینەوە لە بژاردە و سیناریۆ ئەگەرییەكان دەكات، بە تایبەت كە سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری ڕووسیا لە میانی وتووێژەكانی لەگەڵ هاوتاكانی لە ناتۆ، ئیدیعای كرد كە ڕەنگە كیێڤ ئەو شتە بەكاربهێنێت كە ناوی لێناوە "بۆمبی پیس".
نووسەری شیكارییەكە، جەیمس ستاڤریدیس، فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی ئەمریكا و ناتۆ، ڕوونی دەكاتەوە كە "بۆمبی پیس" "تەقەمەنییەكی گەورەیە كە ماددەی تیشكدەرەوەی تێدایە"، توانای زیانگەیاندن بە شار و گوندەكان و بڵاوكردنەوەی تیشكی زیانبەخشی تێدایە.
ئەو ڕوونی دەكاتەوە كە پێشخستنی ئەم بیرۆكەیە لەلایەن مۆسكۆوە بەو مانایەیە كە "كرێملین" دەیەوێت بەكارهێنانی ئەم جۆرە بۆمبانە دروست بكات، پاشان پەنجەی بۆ "ئۆكران" نیشان دەدات، تاكتیكێك كە پێشتر ڕووسیا بە هاوكاری لەگەڵ ڕژێمی سووریا بەكاری دەهێنا، كاتێك كە ماددە كیمیاییەكانی لە شەڕی سوریادا بەكارهێناوە  و پاشان ئیدیعایان كرد كە ئەوە ئۆپۆزسیۆن و ئەمریكایە كە ئەو جۆرە چەكانەیان بەكارهێناوە.
ستاڤریدیس كۆمەڵێك بژاردەی لەبەردەستی ڕۆژئاوا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی ئەتۆمی ڕووسیا خستەڕوو كە چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت:
- ئیدانەكردنی هەر جۆرە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ڕووسیاوە، وەك یەكەم بەكارهێنان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
-چاودێری بەڵگەكان دەكەن لە ئەگەری ڕوودانی تیشكدانەوە لە ئەنجامی چالاكییەكانی ڕووسیا.
-دەركردنی ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەوەی هەر زاڵ بن بەسەر هەر ڤیتۆیەكی چاوەڕوانكراوی ڕووسیا .
-داوا لە چین و هیندستان و وڵاتانی دیكە دەكرێت كە ئیدانەی پوتین بكەن و پەیوەندییە ئابوورییەكان ببڕن.
-زەوتكردنی سەروەت و سامانی ڕووسیا لە دەرەوەی ڕووسیا، و بەكارهێنانی پارە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئۆكرانیا.
-دابینكردنی فڕۆكەی میگ-29 بۆ ئۆكراینییەكان و گفتوگۆكردن لەسەر ئەگەری گەیاندنی فڕۆكەی ئێف-16.
-زیادبوونی دابینكردنی سیستەمی بەرگری مووشەكی بۆ ئۆكرانیا.
-دامەزراندنی ناوچەی "دژە فڕین"ی ناتۆ بۆ پشتیوانی لە هێزی ئاسمانی ئۆكرانیا.
-پەنابردن بۆ هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ بە ئامانجگرتنی توانا سەربازییەكانی ڕووسیا.
-بە ئامانجگرتنی بەلەمەكانی ڕووسیا لە دەریای ڕەش.
لە لێدوانەكانی ئەم دواییەیدا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا جەختی لەوە كردەوە كە "ڕووسیا مافی خۆیەتی چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنێت، تەنیا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشێكی ئەتۆمی یان هێرشێك بە چەكی كۆمەڵكوژی دیكە"، جا چ دژی ڕووسیا بێت یان هەریەكێك لە هاوپەیمانەكانی.
بەپێی شیكردنەوەیەك كە گۆڤاری فۆرین ئەفێرز بڵاویكردووەتەوە، هەڕەشەكانی پوتین نیگەرانی دراوسێ ئەوروپییەكانی رووسیا و تەنانەت ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكای لێكەوتووەتەوە، بەتایبەتی كە وتارەكانی "ئارەزووی زیاتری مەترسی" نیشان دەدەن و هەر بۆیەش وڵاتانی رۆژئاوایی پێویستە هەوڵبدات لە "حیساباتی مەترسییەكانی پوتین" تێبگات و "دەسەڵاتی سەربازی ڕاستەقینەی ڕووسیا بپێوێت" بۆ ئەوەی دیاری بكات كە "مۆسكۆ لە داهاتوودا چی دەكات."

شیكارییەكە ئاماژە بەوە دەكات كە بەكارهێنانی "چەكی ئەتۆمی" لەلایەن پوتینەوە ڕەنگە بۆ گۆڕینی ڕەوتی جەنگ بێت لە بەرەكانی جەنگدا یان وەك جۆرێك لە "تیرۆری دەروونی"، یان تەنانەت وەك كارتێكی فشار لە هەر دانوستانێكی ئەگەریدا بەكاریبهێنێت.
ئەو ڕوونی دەكاتەوە كە ڕۆژئاوا هیچ ڕێگەیەكی دیكەی نییە جگە لە درێژەدان بە "پشتیوانی یەكگرتوو و بەهێزی ڕۆژئاوا بۆ ئۆكرانیا"، لە هەمان كاتدا پێشنیاری ئەوە دەكات كە پوتین چەندین ڕێگەی لەبەردەستدایە بۆ "درێژكردنەوەی شەڕ".
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.