Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 14:28

له‌چامپیۆنزلیگدا بایرن میونشن برینی بارسێلۆنای قوڵتر كرد، ئینته‌رمیلان و لیڤه‌رپولیش گه‌یشتنه‌ قۆناغی شازده‌

کوردستان TV
100%

لە گەڕی پێنجەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی تۆپی پێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاو لە یاری لوتكەی گڕوپی سێیەمی خولەكەدا، یانەی بایرن میونشن سەركەوتنی لەبەرامبەر یانەی بارسێلۆنا دووبارە كردەوەو لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە سێ‌ گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانە كاتالۆنیەكەی بردەوە.
 لە خولەكی دەدا، سادیۆ مانێی سەنیگالی گۆڵێكی بۆ بایرن تۆماركرد، پاشان ئێریك ماكسیم چۆپۆی كامیرۆنی گۆڵی دووەمی تیپی میوانی لە خولەكی سیی و یەك بەدەستهێناو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو.
 لە گێمی دووەم و لە دواساتەكانی یاریدا، بێنیامین پاڤاردی فەڕەنسی گۆڵی سێیەمی تیپە باڤاریەكەی تۆماركرد، بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی بایرن لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی سێیەم بۆ پازدە خاڵ بەرزبووەوەو پێشتر بە شێوەی پێشوەخت گەیشتنی بۆ قۆناغی شازدە مسۆگەركردبوو.
 بارسێلۆناش بە چوار خاڵ لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە مایەوەو هیچ ئومێدێكی نەما بۆ گەیشتن بۆ قۆناغی شازدەو بۆ دووەم وەرزی لەسەریەك لە قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ ماڵئاوایی كردو گەیشتە پاشكۆی قۆناغی شازدەی یۆرۆپالیگ .
 
 
لە یاریه‌كی دیكه‌ی گەڕی پێنجەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگدا، یانەی ئینتەرمیلان گەیشتە قۆناغی شازدەی خولی تۆپی پێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، لە گەڕی پێنجەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولەكەو لە گڕوپی سێیەمدا، یانەی ئینتەرمیلان بە چوار گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی ڤیكتۆریا پلزنی چیكی میوانی بردەوە.
 لە خولەكی سیی و پێنجدا، هێنریك مخیتەریانی ئەرمینی گۆڵێكی بۆ ئینتەر تۆماركرد، پاشان ئیدین دزیكۆی بۆسنی گۆڵی دووەمی تیپی میوانداری لە خولەكی چلودوو بەدەستهێناو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو، لە گێمی دووەم و لە خولەكی شەستوشەشدا، دزیكۆ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی تیپەكەی تۆماركرد، دواتر ڕۆمیلۆ لوكاكوی بەلجیكی گۆڵی چوارەمی نیراتزۆری لە خولەكی هەشتاوحەوت بەدەستهێنا.
بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی ئینتەرمیلان لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپی سێیەم بۆ دە خاڵ بەرزبووەوەو بەفەرمی و بە شێوەی پێشوەخت گەیشتنی بۆ قۆناغی شازدە مسۆگەركرد، ڤیكتۆریا پلزنیش پێنجەم یاری لەسەریەكی دۆڕاندو بەبێ‌ هیچ خاڵێك لە دوایین خانەی ڕیزبەندی گڕوپەكە مایەوە.
 
 
یانەی لیڤەرپولیش گەیشتە قۆناغی شازدەی خولی تۆپی پێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، ئەویش دوای ئەوەی لە گەڕی پێنجەمی قۆناغی كۆمەڵەكان و لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە سێ‌ گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی ئەیاكس ئەمستردامی میوانداری بردەوە.
 لە خولەكی چلودوودا، محەمەد سەڵاحی میسری و ئەستێرەی لیڤەرپول گۆڵێكی بۆ تیپەكەی تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو، لە گێمی دووەم و چوار خولەك دوای فیكەی دەستپێكی ئەم گێمە، داروین نونێزی ئۆرگوایی گۆڵی دووەمی تیپی میوانی بەدەستهێنا، هێندەی نەبردو سێ‌ خولەك دواتر، یاریزان هارڤی ئێلیۆت گۆڵی سێیەمی ڕێدزی تۆماركرد.
 بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی لیڤەرپول لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپی یەكەم بۆ دوازدە خاڵ بەرزبووەوەو بە شێوەی پێشوەخت گەیشتنی بۆ قۆناغی شازدە مسۆگەركرد، ئەیاكس ئەمستردامیش بە سێ‌ خاڵ لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە مایەوە .
 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.