Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 14:24

له‌ چامپیۆنزلیگدا ناپۆلی گه‌یشته‌ قۆناغی 16 و تۆتنهام و سپۆرتینگ لەشبۆنەش گه‌ڕی داهاتوو یه‌كلای ده‌كه‌نه‌وه‌

کوردستان TV
100%


لە چامپیۆنس لیگ، یانەی ناپۆلی درێژەی بە ئەنجامە باشەكانی داو بە سێ‌ گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی گلاسكۆ ڕێنجەرزی میوانی بردەوە، لە خولەكی یازدەدا، جیۆڤانی سیمیۆنی ئەرژەنتینی و كوڕی دیێگۆ سیمیۆنی ڕاهێنەری ئەتلەتیكۆ مەدرید، گۆڵێكی بۆ ناپۆلی تۆماركرد.
 دوای پێنج خولەكی دیكەش، هەمان یاریزان گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەكەی بەدەستهێناو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو، لە گێمی دووەم و لە درێژەی هێرشەكانی ناپۆلی و لە خولەكی هەشتادا، لیۆ ئۆستیگاردی نۆروێژی گۆڵی سێیەمی تیپە ئیتاڵیەكەی تۆماركرد.
 بەم ئەنجامەش ناپۆلی كە پێشتر بە شێوەی پێشوەخت گەیشتنی بۆ قۆناغی شازدە مسۆگەركردبوو، پێنجەم یاری لەسەریەكی بردەوەو كۆی خاڵەكانی لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی یەكەم گەیاندە پازدە خاڵ، گلاسكۆ ڕێنجەرزیش پێنجەم یاری لەسەریەكی دۆڕاندو بەبێ‌ هیچ خاڵێك لە دوایین خانەی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت.

 
هەر لە گەڕی پێنجەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ و لە گڕوپی چوارەمدا، یانەی تۆتنهام میوانداری یانەی سپۆرتینگ لەشبۆنەی كرد، لەئەنجامدا هەردوو یانە بە گۆڵێك بۆ هەریەكەیان یەكسان بوون.
لە گێمی یەكەمدا، سپۆرتینگ لەشبۆنە بە گۆڵێك پێشكەوت، گۆڵەكەش ناوەڕاستكاری ئێرلەندی ماركوس ئێدواردز لە خولەكی بیستودوو تۆماری كرد، لە گێمی دووەم و لە خولەكی هەشتادا، ڕۆدریگۆ بێنتاكوری ئۆرگوایی گۆڵی بەرامبەری تۆتنهامی بەدەستهێناو ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەكەی یەكسان كردەوە.
 بەم ئەنجامەش كۆی خاڵەكانی تۆتنهام لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی چوارەم بۆ هەشت خاڵ بەرزبووەوەو سپۆرتینگ لەشبۆنەش بە حەوت خاڵ لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت، هەڵوێستی تیپەكانی ئەم گڕوپە بۆ گەیشتن بۆ قۆناغی شازدە هەفتەی داهاتوو لە گەڕی شەشەم و كۆتایی یەكلایی دەبێتەوە.

 
لە یاریه‌كی دیكه‌ی گەڕی پێنجەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ و لە گڕوپی دووەمدا، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بە دوو گۆڵ لەگەڵ یانەی بایەرلیڤەركوزنی میوانی یەكسان بوو.
 لە خولەكی نۆدا، موسا دیابی فەڕەنسی گۆڵێكی بۆ لیڤەركوزن تۆماركرد، پاشان هێرشبەری بەلجیكی، یانیك كاراسكۆ گۆڵی بەرامبەری ئەتلەتیكۆی لە خولەكی بیستودوو بەدەستهێنا، لە خولەكی بیستونۆشدا، هێرشبەری ئینگلیزی، كالوم هودسۆن ئۆدۆی گۆڵی دووەمی تیپی میوانی تۆماركردو گێمی یەكەم بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك بە سوودی لیڤەركوزن تەواوبوو.
 لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجادا، ڕۆدریگۆ دی پاولی ئەرژەنتینی گۆڵی دووەم و بەرامبەری ئەتلەتیكۆی بەدەستهێناو ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەكەی یەكسان كردەوە، بەم ئەنجامەش كۆی خاڵەكانی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی گڕوپی دووەم گەیشتە پێنج خاڵ و نەیتوانی بگاتە قۆناغی شازدە، بایەرلیڤەركوزنیش بە چوار خاڵ لە دوایین خانەی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت.
 
 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.