لە میانی كۆبوونەوەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆكی ئیسرائیل، لە كۆشكی سپی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان لە سەروویانەوە ئێران تاوتوێ كرا.
لە كاتێكدا كەمتر لە هەفتەیەكی ماوە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل، هێرزۆگ لە كۆشكی سپی لەگەڵ بایدن كۆبووەوەو بەر لە كۆبوونەوەكە هەردوولا بۆ میدیاكاران دووان.
بایدن ئاماژەی بەو سەردانە دا كە لە مانگی تەمووز بۆ ئیسرائیل ئەنجامی دابوو و لەلایەن هێرزۆگەوە میداڵیای دەوڵەتی پێ بەخشرابوو و جەختی لەسەر "پشتیوانی پتەو"ی ئەمریكا بۆ ئیسرائیل كردەوە.
هەروەها بایدن بە ئاماژەدان بەوەی كە سبەی واژوو لەسەر رێككەوتنی سنووری دەریایی لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان دەكرێت، گوتی: ئەم رێككەوتنە بە راستی دەبێتە خاڵێكی وەرچەرخانی مێژوویی. لە رێگای ئەم رێككەوتنەوە هەردوو وڵات گۆڕەپانی وزەیان فراوانتر دەكەن. هیوا و دەرفەتی نوێی بە دوادا دێت بۆ گەلی لوبنان. دەشبێتە هۆی ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بۆ ئیسرائیل".
هێرزۆگ-یش لای خۆیەوە سوپاسی میواندارییەكەی بایدنی كرد و لە دوای كۆبوونەوەكەیش بۆ میدیاكاران دووا.
هێرزۆگ لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێرانەوە كە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی ئەو وڵاتەی گرتەوە، گوتی: ئێران ئەو هاووڵاتییانەی خۆی لەناو دەبات كە بە دوای ئازادییەوەن. لەلایەكی دیكەیشەوە چەكی ئەتۆمی و كوشندە رەوانە دەكات كە هاووڵاتییانی بێتاوانی ئۆكراینای پێ دەكوژرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.