Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 12:31

شاندی په‌رله‌مانی ئەڵمانیا: کۆمەک و هاوکاریی و هەماهەنگییەکانی وڵاتمان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

سەرۆکی ئەرکان و شاندێکی وڵاتی ئەڵمانیا سەردانی نەخۆشخانەی پێشمەرگەیان کرد
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ 27ی ئۆکتۆبەری 2022، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەیاوەری شاندی لیژنەی بەرگری پەرلەمانی وڵاتی ئەڵمانیا بەسەرۆکایەتی سارا نانی و کلاوس شترایشەر کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، کۆڵۆنێڵ ماتیاس راوێژکاری سەربازی هێزەکانی ئەڵمانیا لە وەزارەتی پێشمەرگە، نەخۆشخانەی پێشمەرگەیان بەسەرکردەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە جێگری سەرۆکی ئەرکان و بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی وەزارەت و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئامادەی بوون، سەرۆکی ئەرکان سوپاسی شاندی وڵاتی ئەڵمانیای کرد، بۆ ئەو کۆمەک و هاوکاریانەی، کە پێشکەش بە پێشمەرگەیان کردووە و رایگەیاند: لەچوارچێوەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەدا نەخۆشخانەی پێشمەرگە هەیە، کە دیارییەکی بەنرخی حکومەت و گەلی ئەڵمانیایە بۆ پێشمەرگە، هەروەها لەکاتی شەڕی داعشدا لەڕووی لۆجستی و چەک و تەقەمەنییەوە هاوکارییەکی باشی پێشمەرگەیان کردووە لەناویاندا چەکی میلان هەیە، لەبەر گرنگی و کاریگەری و بایەخەکانی ئەو چەکە لەشەڕی دژی داعشدا، خەڵکی کوردستان ناوی ئەم چەکەیان لە منداڵەکانیان ناوە.
هەرلە کۆبوونەوەکەدا، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کە نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەلایەن ئێمەوە گرنگی و بایەخێکی زۆری هەیە، دڵخۆشین بە دروست کردنی ئەو نەخۆشخانەیە خزمەت بە پێشمەرگە بکەین، هەروەها دووپاتی کردەوە، کە کۆمەک و هاوکاریی و هەماهەنگییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
پاشان سەرۆکی شاندی لیژنەی بەرگری پەرلەمانی ئەڵمانیا لە وتەیەکدا رایگەیاند: کە پەرلەمانی ئەڵمانیا کارێکی گرنگی ئەنجام داوە بە هێشتنەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق و خۆشحاڵی خۆی پیشان دا بەوەی، کە سەردانی بەشێک لە سەربازگەکانیان کردووە و کاریگەری هاوکاری و تیمە راوێژکارییەکانی ئەڵمانیایان لە بەرزکردنەوەی توانا مرۆیی و لۆجستییەکانی پێشمەرگە بینیوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.