له زانكۆی سۆران، پێشبڕكێی ئه‌دسنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ باشترین داھێنان به‌ڕێوه‌چوو. فاكه‌ڵتیی یاسا، زانسته سیاسییه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی زانكۆی سۆران، به ھاوكاریی كۆلیژه‌كانی په‌روه‌رده و ئه‌ندازیاریی زانكۆی سامه‌ڕا و سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تیی فه‌ڕه‌نسی بۆ زانایان و داھێنه‌ران لقی عێراق، به به‌شداری 67 به‌شداربوو له 17 زانكۆی حكومی و ئه‌ھلی له 10پارێزگای عێراق، ھه‌روه‌ھا به‌شداربوون له سێ ده‌وڵه‌تی بیانیه‌وه، شه‌شه‌مین پێشبڕكێی ئه‌دسنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ باشترین داھێنان ساز كرا.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، هه‌ر یه‌كه له به‌رێزان پ. ی. د. شێروان شه‌ریف قورتاس، سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، هه‌ڵگۆرد شێخ نه‌جیب، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له مامۆستایان، قوتابیان و میوانان به‌شداربوون.
ڕێوڕه‌سمه‌كه به وته‌ی به‌ڕێز پ. ی. د. شێروان شه‌ریف قورتاس، سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، ده‌ستیپێكرد، وێڕای ده‌ستخۆشی له ڕێكخڕانی پێشبڕكێیه‌كه، ئاماژه‌ی به گرنگی ئه‌م جۆره چالاكییانه‌ی كرد، وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ ناساندن و پێشاندانی شیان و لێهاتوویی داهێنه‌ران. هه‌روه‌ها، ئومێدی خواست كه چالاكی له‌م جۆره به‌رده‌وامیان هه‌بێ له پێناو خزمه‌تكردن له ڕێگه‌ی بیر و كاری داهێنه‌رانه به كایه جیاوازه‌كانی زانستی و ئه‌كادیمی و ژیاری.
پاشان به‌ڕێز هه‌ڵگۆرد شێخ نه‌جیب، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد. تیایدا ڕۆشنایی خسته‌سه‌ر ڕۆڵی ناوه‌نده زانستی و ئه‌كادیمییه‌كان له ڕه‌خساندنی كه‌شێكی له‌بار بۆ گه‌شه‌كردنی بیر و توانای داهێنه‌رانه لای قوتابیان و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه. ڕاشیگه‌یاند حكومه‌ت له پلانیدایه ناوه‌ندێك دروست بكات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی توانای داهێنه‌ران، ئه‌مه‌ش ئاسانكارییه‌كی زۆر ده‌كات بۆ مامه‌ڵه‌كردنێكی دروست له‌گه‌ڵ ئه‌و توانا و داهێنانه و ئاڕاسته‌كردنی به‌ره‌و خزمه‌تی كه‌رت و كایه جیاوازه‌كان.
ئه‌نجا، له كورته ڤیدیۆیه‌كدا پوخته‌یه‌ك سه‌باره‌ت به زانكۆی سۆران خرایه‌ڕوو بۆ ئاشنابوون به مێژوو، كار و به‌رهه‌م و ده‌ستكه‌وته‌كانی زانكۆ. پاشان سیمیناری پ. د. عه‌لی عه‌بدولحسێن مه‌هدی، به ناونیشانی: ته‌كنۆلۆژیای نوێی گۆڕینی جۆری خوێن له موجه‌ب بۆ سالب به ڕێگای به‌رگریی و هه‌روه‌ها سیمیناری د. تاڵیب برایم سلێمان، به‌ناونیشانی: پاراستنی یاسایی داهێنان له نێوان ڕێكه‌وتنی ته‌ربیس و یاسای عێراقیدا، پێشكه‌ش كران.
دواتر قه‌ڵغانی ڕێزلێنان به‌خشرایه به‌شێك له به‌شداربووان. پاشان پێشانگای داهێنه‌ران كرایه‌وه. هه‌ر داهێنه‌رێك له پۆسته‌رێكدا داهێنانه‌كه‌ی نمایشكرد بوو سه‌باره‌ت به تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی و ئه‌و خزمه‌تانه‌ی پێشكه‌شی ده‌كات و ئه‌و بواره‌ی زۆرترین سوود له داهێنانه‌كه‌ی ده‌بینێت. له بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، بڕوانامه‌ی به‌شداربوون دابه‌ش كرا و له كۆتاییشدا خه‌ڵات به ژماره‌یه‌ك له داهێنه‌ران و به‌شداربووان درا.
ئا- كامران
له زانكۆی سۆران پێشبڕكێی ئه‌دسنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ باشترین داھێنان به‌ڕێوه‌چوو
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.