Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 12:34

محەمەد شیاع سوودانی: بەپێی دەستوور كێشەكانی بەغدا و هەولێر چارەسەر دەكەین

کوردستان TV
100%

محەمەد شیاع سوودانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، لەچوارچێوەی كارنامەی حكوومەتەكەیدا رایگەیاندووە "پڕۆژە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر پێشكەش دەكەن و بارەگای پارتە كوردییەكان لە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركووك، سەڵاحەددین و دیالە كە بە دەستی لایەنی دیكەوەن، چۆڵدەكرێن.
كارنامەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی كە پێشكەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كردووە بڵاوكرایەوە و تیایدا ئاماژەی بەو پرسە گرنگانە كردووە كە لەپێشترینن لە كاری حكوومەتی نوێدا.
سوودانی لە كارنامەكەیدا رایگەیاندووە كە لەچوارچێوەی دەستووردا، پڕۆژە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵیی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش دەكەن، هەروەها كار دەكەن لەسەر گەڵاڵەكردنی یاسا و نەوت گاز.
راسپێرداو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق جەختی كردووەتە لەسەر ئەوەی كە پارتە كوردییەكان مافی خۆیانە لە پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە چالاكی سیاسیی خۆیان ئەنجام بدەن و ئاشكراشی كردووە، بارەگای پارتە كوردییەكان لە كەركووك و نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین كە بەدەست لایەنی دیكەوەن، چۆڵدەكرێن.
محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی رێككەوتنی ئەمنی نێوان هێزەكانی فیدراڵیی و پێشمەرگە ئەوەی خستووەتەڕوو كە لەچوارچێوەی كارنامەكەیدا، كار دەكەن بۆ تەواوكردنی رێوشوێنەكانی تایبەت بە رێككەوتنی پڕكردنەوەی بۆشایی نێوان هێزەكانی حكوومەتی فیدراڵیی و پێشمەرگە.
هەروەها جەختی كردووەتەوە كە هەماهەنگیی لەنێوان حكوومەتی فیدراڵیی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو دۆسیانەی پەیوەندیدارن بە هەرێمی كوردستانەوە دەكرێت و راشیگەیاندووە كە ناوەندەكانی خوێندنی كوردی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی فیدراڵییەوە دەبەسترێنەوە.
راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لەچوارچێوەی كارنامەكەیدا، باسی لەوەش كردووە كە رێككەوتننامەی شنگال خراوەتە نێو كارنامەی حكوومەتەوە بۆ ئەوەی ئارامی بۆ قەزاكە بگەڕێتەوە و رایگەیاندووە كە لە ماوەی مانگێك دوای پێكهێنانی حكوومەت، لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ پێكدەهێندرێتەوە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ئەو كەسانەی كە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە قەرەبوو دەكرێنەوە، هەروەها هێزی پۆلیسی ئامادە لە خەڵكی كەركووك پێكدەهێندرێت، دۆسیەی ئەمنی شارەكەیش لەلایەن ئەو هێزەوە بەڕێوەدەبرێت.
محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی كارنامەی حكوومەتەكەیدا، راشیگەیاندووە كە هەوڵەكانی لە پێناو لەناوبردنی گەندەڵی، هەروەها بەهەدەردانی سامانی گشتیی دەخاتەگەڕ و كار دەكات لە پێناو زیادكردنی بەرهەمی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان، باشتركردنی كەرتی پیشەسازی و گەڕانەوەی متمانە بۆ بەرهەمی خۆماڵی، هەروەها پەرە دەدەن بە پیشەسازی نەوت.
سوودانی جەختیشی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە حكوومەتەكەی بوودجەی گشتیی بۆ بەڕێوەبردنی سامانی گشتیی و كەمكردنەوەی فشاری خەرجییەكانی بەكاربردن ئامادە دەكات و كار دەكات بۆ باشتركردنی كوالێتی خزمەتگوزارییە پەیوەندییەكان، هەروەها پەرە دەدەن بە كەرتی گواستنەوە.
بەشێكی كارنامەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی تایبەتە بە باشتركردنی سیستەمی پەرەوەردە و لەوبارەیەوە، باسی لەوە كردووە كە كار دەكەن بۆ بەدیهێنانی سیستەمێكی باش تایبەت بە پەروەردە و فێركردن.
راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لەبارەی كەرتی وەبەرهێنان و گەشتوگوازریشەوە ئەوەی خستووەتەڕوو كە كار دەكات بۆ فراوانكردنی ئاسۆی وەبەرهێنان و كاراكردنی كەرتی گشتوگوزار، هەروەها هەمەجۆركردنی سەرچاو ئابوورییەكان.
سوودانی لەبارەی سیاسیەتی نیشتەجێكردنەوە رایگەیاندووە كە سیاسیەتێكی نیشتەجێكردن كە هاوسەنگ بێت لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی دیموگرافی دانیشتوان پەیرەو دەكەن.
باسی لەوەش كردووە كە پرسەكانی مافی مرۆڤ كارا دەكەن و هەوڵەكانیشی بۆ پتەوتركردنی سەروەری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی دەخەنەگەڕ.
سوودانی راشیگەیاندووە كە كار دەكەن لە پێناو بەهێزكردنی دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەكان و جەختیشی كردووەتەوە كە كۆتایی دەهێنن بە دیاردەی هەڵگرتنی چەك لە دەرەوەی یاسا.
راسپێرداو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئاماژەی بەوەیشداوە كە دوای دەستبەكاربوونی حكوومەتەكەی، پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشكەش دەكەن و ئاشكراشی كردووە كە كار دەكەن بۆ ئەوەی لە میانی ساڵێكدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
ئەمەیش لە كاتێكدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی تشرینی یەكەمی 2022، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت بە مەبەستی دەنگدان لەسەر كابینەی نوێی حكوومەت، بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی و كارنامەكەی ئەنجام دەدات.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.