Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 12:34

لە جنێف ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ رزگار کردنی رفێندراوانی دەستی داعش

کوردستان TV
100%


بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، و بە بەشداری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ پەیمانگای قورتبە بۆ ئاشتی-جنێڤ، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی بۆ تاوتوێکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان لە جنێڤ رێکخست.

 ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە  لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان و پلانی نیشتمانی حکومەتی ئیتحادی بۆ مافەکانی مرۆڤ.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم كە هاوکات سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پلانی هەرێمە بۆ مافەكانی مرۆڤ وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا خستە سەر ئەو پێشكەوتنانەی كە بەدیهاتوون لە پرۆسەی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی پلانی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چونکە بێسەروشوێنکردن بەشێکە لە پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ و لە کۆی (٣٨٩) راسپاردە بۆ هەرێم، (٩) راسپاردە تایبەتە تاوانی بێسەروشوێنکردن و تاوانە نێودەوڵەتییەکان و لەم رووەوە حکومەتی هەرێمی چەندین هەنگاوی ناوە.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان (یاسای بێسەروشوێنکراوان لە هەڵمەتەکانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان)ی دەرکردووە. لە ساڵی ٢٠٢١ پێشنیاز کرا بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە بۆ ئەوەی قوربانیانی تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بگرێتەوە، ئەمە جگە لە یاسای ماف و ئیمتیازاتی بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفال بۆ هەرێمی کوردستان - عێراق.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە قوربانیانی داعش کرد و گوتی: دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی وەزاری پێکهێنا بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و لیژنەیەکیش بۆ رزگارکردنی رفێندراوەکان کە ژمارەیان گەیشتووەتە: (٦٤١٧) کەس بوو، لەنێویاندا (٣٥٤٨) مێ و (٢٨٦٩) نێر، بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم توانراوە تا ئێستا (٣٥٥٤) کەس رزگار بکرێن. هەروەها حكومەتی هەرێم دەستیكرد بە دۆكیومێنتكردنی تاوانەكانی داعش، (٥١٧٠) فایل ئەرشیف كراون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە (٢٣٢٤) دۆسیە بە شێوەیەكی یاسایی تەواو كراون و (٢٠٠٠) کەیس تائێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدان، هەروەها (٢٩١٦) دۆسیە  وەک ونبوو تۆمارکراوە. 
پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە زیاتر لە (٢٢٣٤) قوربانی کراوە.

زێباری تیشکی خستە سەر هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێم وتیمی یونیتاد و وتی: پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە نزیکەوە ئاگاداری هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن لە بارەی هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ سزادانی تیرۆریستان، دوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە (٢٣٧٩)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی (٢٠١٧) بۆ پێکهێنانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) وەک حکومەتی هەرێم هەماهەنگی بەردەواممان هەبووە لە چوارچێوەی لیژنەی هەماهەنگی نیشتمانی هاوکاریکردن لەگەڵ یونیتاد (NCC) لەسەر زۆر بابەت، لەوانە بنیاتنانی توانای دادوەر و لێکۆڵەران، بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکان، پاراستنی شایەتحاڵەکان، کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەی پاشماوەکان، و چاوپێکەوتن لەگەڵ دەستگیرکراوەکان. بە ئامانجی سزادانی تاوانباران لە دادگایەکی تایبەتمەند و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییەکان.

 ئەوەشی خستەڕوو: لە چوارچێوەی پرۆسەی ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکان بە هاوکاری لەگەڵ یونیتاد، بە هەزاران بەڵگەنامە کە پێکهاتوون لە بەڵگەنامە و دۆسیەی یاسایی و ڤیدیۆ و وێنە و تۆمارە دەنگییەکان لە فەرمانگە جیاجیاکان کۆکراونەتەوە لەوانە لە فەرمانگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێنراوەکان (٣٥٤٣) کەیس لە (٥٣٩٣) لاپەرەدا تۆمار و ئەرشیف کران. لە هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی (384)مێگابایت (124 وێنە) و (28.3) گێگابایت لە (105 ڤیدیۆ) ئەرشیف کراوە. ئێستاش کار لە پڕۆژەکە بەردەوامە.

سەبارەت بە ئەگەری لێپێچینەوە لە تاوانبارانی داعش د. دیندار زێباری  وتی: ئەو تاوانانەی داعش دژی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە بە تاوانی نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێن، چونکە دەچێتە خانەی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید، بۆ دادگایی کردنی تیرۆریستان حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەشنووسی یاسای دامەزراندنی دادگای تایبەتمەند ئامادەکرد و ئاراستەی پەرلەمانی هەرێمی کرد و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کرا. 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستە روو کە چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و یونیتاد ئەنجامدران بۆ هەمان مەبەست، بەڵام لە پێشینەیەکی بێ وێنەدا دادگای باڵای ئیتحادی بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان پرۆژە یاساکەی ڕەتکردەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە دەکەین کە پێویستە گفتوگۆی زیاتر بە بەشدار نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت و پشتگیری کردن لەم پڕۆژەیە یاسایە و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم بەتایبەتی یاسای دژە تیرۆر بکرێت و پشتیان پێ ببەسترێت بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لەبەردەم دادگا نیشتمانییەکان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.