له هه‌فته‌ی دوازده‌می خولی ئیسپانیا، كاتژمێر ده‌ی ئه‌م شه‌و به‌كاتی هه‌ولێر، یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌بێته میوانی یانه‌ی ڤالێنسیا كه ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م یاری بارسایه دوای ماڵئاواییكردنی له قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنس لیگ.
یاریزانانی تیپه كاتالۆنیه‌كه دوایین یه‌كه‌ی مه‌شقیان بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ یاریه‌كه سازكرد‌و هه‌رچوار یاریزان ڕۆناڵد ئاراوخۆ و ئه‌ندرێس كریستێنسن و مێمفیس دێپای و سێرجی ڕۆبێرتۆ به‌هۆی پێكان له پێكهاته‌ی بلاوگڕانا دابڕاون و به‌شداری له یاری ئه‌م شه‌و ناكه‌ن، بارسێلۆنا به كۆكردنه‌وه‌ی بیست و هه‌شت خاڵ له پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان دایه‌و ڤالێنسیاش له‌م وه‌رزه‌دا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ڕاهێنه‌ری ئیتاڵی جینارۆ گاتوسۆ یاری ده‌كات و ئێستا یانه‌كه خاوه‌نی پازده خاڵه‌و له پله‌ی نۆیه‌می ڕیزبه‌ندی لالیگا دێت.
چاڤی هێرناندیز ڕاهێنه‌ری بارسێلۆنا له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند كه ڤالێنسیا تیپێكی به‌هێزه‌و یاری به‌رامبه‌ر ئه‌م یانه‌یه ده‌رفه‌تێكه بۆ تیپه‌كه‌ی تا جارێكی دیكه تواناكانی ده‌ربخات.
چاڤی ئاشكراشی كرد كه ده‌رچوونی بارسا له قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنس لیگ گورزێكی كوشنده بوو بۆ یانه‌كه‌یان به‌ڵام نابێت ئه‌مه كاریگه‌ری نه‌رێنی بكاته سه‌ر ئاست و تواناكانیان و ده‌بێت بجه‌نگن بۆ درێژه‌دان به ڕكابه‌ری و بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان .
له‌لالیگادا ئه‌مشه‌و بارسێلۆنا ده‌بێته میوانی ڤالێنسیا
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.