Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 22:34

لە چالاكییەكانی ئاهەنگی هالۆوینی كۆریای باشوور نزیكەی 300 كەس بوونەتە قوربانی

کوردستان TV
100%

بەهۆی دروستبوونی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغی لە چالاكییەكانی پەیوەندیدار بە جەژنی هالۆوین لە شاری سیۆلی پایتەختی كۆریای باشوور، 146 كەس گیانیان لەدەستدا و 150 كەسیش برینداربوون.
بەرپرسانی كۆریای باكوور رایانگەیاند كە بەهۆی دروستبوونی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغی لە چالاكییەكانی جەژنی هالۆوین لە ناوچەی ئیتایۆون كە ناوەندێكی كات بەسەربردنە لە شاری سیۆل، 146 كەس گیانیان لەدەستداوە.
یەكێك لە بەرپرسانی رێكخستنی بەرگریی شارستانی نیشتمانی كۆریای باشوور، چۆییی چیۆن سیك رایگەیاند كە ئەوان پێیانوایە گرووپێكی دواوە لە كۆڵانێكی تەسكی ناوچەكە پاڵیان بە قەرەباڵغیەكە ناوە و بەم هۆیەوەش پاڵەپەستۆیەكی بەهێز لە نێو خەڵكەكەدا دروستبووە.
راشیگەیاند كە لەو رووداوەدا 150 كەس برینداربوونە.
ئەو بەرپرسەی بەرگریی شارستانی كۆریای باشوور ئاماژەی بەوەشدا كە زیاتر لە 800 كارمەندی فریاگوزاریی سەرەتایی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و 140 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریش رەوانەی ناوچەكە كراون.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشدا كە زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەنجانی تەمەن دەوروبەر 20 ساڵانن.
لەلایەكی دیكەش، بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیا خۆجێیەكانی ئەو وڵاتە بڵاوكراوەتەوە، قەرەباڵغییەكە بەهۆی ئەوە دروستبووە كە گوایە هونەرمەندێكی ناسراوی كۆریای باشوور كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە، سەردانی یەكێك لە ناوەندەكانی كات بەسەربردن دەكات و بەم هۆیەوەش ژمارەیەكی زۆری خەڵك لەم ناوچەیە كۆبووەتەوە.
هەر بەپێی هەواڵەكانی میدیا خۆجێیەكان، بانگەشەی ئەوە كراوە كە نزیكەی 100 هەزار كەس بەشداریان لە چالاكییەكانی ئاهەنگی هاڵۆوین لە شەقامەكانی ناوچەی ئیتایۆون كردووە.
لەلایەكی دیكەش بەپێی ئەو گرتانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، لە دوای رووداوەكە دەیان كەس پاڵ كەوتوون و تیمەكانی فریاگوزاریش هەوڵی رزگاركردنی گیانی ئەو كەسانە دەدەن.
هەر لە گرتەكاندا ئەوەش دەركەوتووە كە تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە پاڵ یەكتر ریز كراون و جەستەكانیان داپۆشراون.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.