لیژنەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە لە هەشتەمین خولی خۆیدا ئەمڕۆ یەكشەممە ڕایگەیاند، لە یەكەم ڕۆژی چالاكییەكانیەوە تا كۆتا ڕۆژ زیاتر لە 250 هەزار كەس سەردانی فێستیڤاڵەكەیان كردووە.
لێژنەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاندووە، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو و بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 250 هەزار كەس سەردانی فێستیڤاڵی هەناریان كردووە و ژمارەی ئامادەبووانی بە "ژمارەیەكی نوێ" وەسفكردووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو سەردانكەر و گەشتیارانە لە پارێزگای هەڵەبجە و شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەشدارییان لە فێستیڤاڵەكەدا كردووە.
هەروەها لیژنەی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە ئاماژەی بەوە كردووە، داهاتی فێستیڤاڵەكە 950 ملیۆن دیناری تێپەڕاندووە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە لە خولی هەشتەمیدا پڕۆژەیەكی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە و تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجەیە.
چالاكییەكانی هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لە پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان، بە بەشداری سەدان جووتیار و خاوەن باخچەكان دەستیپێكرد.
زیاتر لە 400 باخەوان و جووتیار بە نمایشكردنی بەرهەمەكانیان لە فێستیڤاڵەكەدا كە سێ ڕۆژی خایاند بەشداریان كرد.
بەرهەمی هەناری هەڵەبجە یەكێكە لە بەرهەمە بەناوبانگەكانی هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی لە ساڵانی ڕابردوودا هەناردەی دەرەوەی عێراق كراوە، بڕیارە ئەمساڵیش هەناری هەڵەبجە ڕەوانەی ئیمارات بكرێت.
داهاتی هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە نزیكەی یەك ملیار دینار بووە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.