Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 16:58

ئیسرائیلییەكان پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكانی ئێران دەكەن

کوردستان TV
100%

لە تەل ئەبیب پایتەختی ئیسرائیل، خۆپیشاندانێك بە مەبەستی پشتیوانیكردن لەو خۆپیشاندانانەی ئێران بەڕێوەچوو كە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
سەدان ئافرەت كە لە گۆڕەپانی هابیمە لە تەل ئەبیب گردبووبوونەوە، بە دەم گوتنەوەی دروشم لە دژی حكوومەتی ئێران، دروشمی "ئازادی بۆ ئافرەتان"یان بەرز كردبووەوە.
ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرانیش وەك پشتیوانیكردن لە خۆپیشاندانەكان لە ئێران قژی خۆیان بڕی.
ژمارەیەك لە سیاسەتمەداران، چالاكوانان و هونەرمەندانی ئیسرائیل بە رەچەڵەك ئێرانی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكەدا كرد.
رۆژی 13ی ئەیلوول، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساكانی جلوبەرگی ئیسلامی" ژینا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵی دەستگیر كرد، دوای دەستگیركردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێكچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە رۆژی 16ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
ژینا ئەمینی رۆژی 17ی ئەیلوول لە شاری سەقز بە خاك سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاكسپاردنەكەش خۆپیشاندان دروست بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا، شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتەوە.
ئاژانسی داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، لەو راپۆرتەی بڵاوی كردووەتەوە بانگەشەی ئەوەی كردووە لە ئاكامی خۆپیشاندانەكان لە رێككەوتی 17ی ئەیلوول بۆ 14ی تشرینی یەكەم، لانیكەم 233 كەس گیانیان لەدەستداوە لەنێویاندا 32 منداڵ و 26 كارمەندی هێزە ئەمنییەكان.
هەرچەند دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی ئێران زانیاری روون بڵاو ناكەنەوە لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەی لە خۆپیشاندانەكاندا گیانیان لە دەستداوە، بەڵام روانگەی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە ئێران كە بارەگاكەی لە نەرویجە، بانگەشەی ئەوە دەكات لە ئاكامی خۆپیشاندانەكان زیاتر لە 200 كەس گیانیان لەدەستداوە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.