پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان و ناوچە دەشتاییەكان جیاوازە و رۆژانە بە پێی سیستەمێكی تایبەت لە ڕێگەی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و گاز لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆییەكان دابەش دەكرێت.
فەلاح مەولود ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی كانزایی لە لێدوانێكدا بۆ پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی كراوە و تا ئێستا لە پارێزگای هەولێر 4 ملیۆن و 488 هەزار و 310 لیتر و لە پارێزگای سلێمانی 8 ملیۆن لیتر و لە پارێزگای دهۆک 6 ملیۆن و 646 هەزار و 174 لیتر و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 220 هەزار لیتر و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک ملیۆن و 213 هەزار و 200 لیتر نەوتی سپی بەسەر ماڵان دابەشكراوە.
بەپێی داتاکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە دهۆك 10 هەزار و 700 خێزان و لە گەرمیان هەزار و سەد خێزان و لە سۆران 6 هەزار و 66 خێزان، نەوتیان وەرگرتووە کە كۆی گشتی دەگاتە 17 هەزار 866 خێزان و بۆ هەر خێزانێكیش 200 لتر دابین كراوە.
فەلاح مەولود گووتیشی، بڕە نەوتێکی زۆر لە کۆگاکانی بەڕێوەبەڕایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی هەیە، هەر کاتێک لە ڕێگەی قائیمقامیەتەكانەوە داوا بکەن، نەوتەکەیان بۆیان دەنێردرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی كانزایی لەبارەی نرخی نەوتی سپی وتی: نەوتی سپی 284 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت و بە نرخی پاڵپشتیکراوی100 هەزار دینار دەدرێتە هاوڵاتیان.
لە ئێستادا پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوامە و دوایی ئەویش لە ناوچەکانی دەوروبەر و سەنتەری شارەکان دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
دانانی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.