وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ئاماژە بە پرۆژەکانی وەزارەتەکەیان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەکات و رایدەگەیەنێت پڕۆژەی دروستکردنی پردی دەربەندی رانیە بە باشی دەستی پێ کردووەتەوە و لە ھەوڵیشداین لە ساڵی داھاتوو رێگای دوسایدی دەربەند-ژاراوە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئهمڕۆ دووشهم دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پڕۆژەی دروستکردنی پردی دەربەندی رانیەی بەسەرکردەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پرۆژەکە بەشێوەیەکی باش دەستی پێ کردووەتەوە و لە ئێستادا لە قۆناغی دانانی گێردەرەکانی پردەکەدایە و رێژەی ئەنجامدراویش گەیشتوەتە 58٪، ھیوادارین لە مانگی ئایاری داھاتوو تەواو بکرێت و بچێتە خزمەتی ھاووڵاتییانەوە.
وەک مژدەیەکیش بۆ دانیشتوانی سنوورەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتی: پلانێکمان داناوە لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی داھاتوو رێگهی دووسایدی دەربەند-ژاراوە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بە پڕۆژەی رێگای دوکان-چوارقوڕنە کرد و رایگەیاند: کارکردن لە پڕۆژەکە بەھۆی گرفتێکی ھونەرییەوە وەستابوو، ئەو گرفتە لەنێوان ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە چارەسەرکراوە و وەک وەزارەت ھەموو رێکارە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە تەواو کراوە بۆ ئەوەی بەڵێندەر دەستبەکاربێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.