له كۆبوونهوهی ئهمڕۆ دووشهمی ئهنجوومهنی باڵای وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستیدا چهند بڕیارێكی گرینگی دهركرا، یهكێك له بڕیارهكانیش گۆڕانكاری سیستهمی وهرگرتنی قوتابییان بوو له زانكۆ و پهیماناگاكان كه تێیدا ڕهچاوی خولیا و ئارهزوو و توانای قوتابی دهكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم بە سەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبوونەوەى ژمارە (7)ى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى بەڕێوەچوو.
لە خاڵى یەکەمى بەرنامەى کارى کۆبوونەوە کە بە ئامادەبوونى نوێنەرانى دەرچووانى ساڵى ڕابردوى دوانزەى ئامادەیى بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە زیادکردنى کورسى خوێندنى پارالێل لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، بۆ ئەم پرسە ئەنجوومەنى وەزارەت دواى تاوتوێکردنى ورد و گفتوگۆى چڕ و وەرگرتنى وتەى هەریەک لە نوێنەرى خوێندکاران و قوتابییان، بڕیاردرا لە ڕێگەى لێژنەیەکى تایبەتمەند لەو زانکۆیانەى کۆلێجى پزیشکییان هەیە ئەم بابەتە دیراسە بکرێت و دواتر پێشنیازەکانیان بۆ ئەنجوومەنى وەزارەت بەرز دەکرێتەوە.
خاڵى دووەمى بەرنامەى کارى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە یەکخستن و ڕێکخستنى کرێى خوێندنى پارالێل لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت کار بۆ یەکخستنی کرێی خوێندنی بەشە هاوشێوەکان لە سەرجەم زانکۆکاندا دەکەن.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا پاڵپشت بە دیدگا و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزوومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشانەوە لەسەر ئەو قوتابی و خوێندکارانە جێبەجێ دەکرێت کە لە ساڵی خوێندنی (2025-2026)دا لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن.
لەهەمان ئەو ماوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا کار دەکات بۆ گۆڕینی سیستمی ناوەندی وەرگرتن، لە ڕێگەی هێنانەکایەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، کە تیایدا ڕەچاوی خولیا و ئارەزوو و توانای داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئاراستەی پیشەیی خوێندکاران و قوتابییان بکرێت و زانکۆکانیش بەشداربن لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرچووانی ئامادەیی لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی خوێندنی پەیوەندیدار .
بەپێى خاڵێکى دیکەى بەرنامەى کارى کۆبوونەوە، ئەنجوومەنى وەزارەت تاوتوێی کۆنفرانسى زانستى تەکنیکى و پیشەیى (TVET) لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بڕیارە لە کۆتاى مانگى داهاتوو لە شارى هەولێر ئەنجامبدرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى زانستى دەربارەى دۆخى زمانى کوردى لە ناوەندە پەروەردەیى و ئەکادیمییەکان و کارگێرییەکاندا پەسەند کرا، بۆ ئەمەش لایەنە پەیوەندارەکان ڕاسپێردران بۆ ئەنجامدانى ئامادەکارى پێویست بۆ بەستنى ئەم کۆنفرانسە.
بۆ چارەسەرکردنى ناونیشانى وەزیفى ئەو بەشانەى زانکۆى چەرمو لە چەمچەماڵ کە ناونیشانى وەزیفیان نییە یان ناونیشانەکانیان ڕوون نین، ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆنووسى لێژنەى تایبەتمەندى وەزارەتى بە کۆى پێشنیازەکان پەسەند کرد، کە لەپاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ خوێندکاران و قوتابییان و وەرگرتنى ڕاى شارەزایان و پسپۆڕانى بوارى کارگێڕى و دارایى، چارەسەری پێویستیان بۆ ئەو بەشانە دیارى کردبوو کە کێشەى ناونیشانیان هەبووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.