Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 12:35

بەهۆی ئامێری نوێوە پیشەی پەڕەچی بەرەو لەناوچووندایە 

بنەماڵەی كەنعان ئەحمەد قەتان ماوەی سەد ساڵە لە شاری هەولێر خەریكی ئەو پیشەیەن
کوردستان TV
100%

پیشەی پەڕەچی (هەلاج)، یەكێكە لە پیشە كۆنەكان كە بریتییە لە پەڕەكردنی لۆكە یاخود خوری، پیشەی پەڕەچی جاران بە دەست دەكرا، بەڵام ئێستا لە رێگای ئامێری تایبەتەوە دەكرێت بۆ ئەوەی لێف، دۆشەگ، بالیف و كۆمەڵێك كەلوپەلی دیكەی لێ دروست بكرێت، لەئێستاشدا ئەم پیشەیە لەبەردەم لەناوچووندایە.
مێژووی ئەم پیشەیە لە عێراق و هەرێمی كوردستان روون نییە، بەڵام بۆ یەكەمجار لە سەدەی دووەمی زاینییەوە لە هیندستان پەیدابووە كە لە رێگای دارێكی دەستییەوە كە پێیان دەگوت كەوان، لۆكە یان خورییەكە پەڕە دەكرا، دواتر لە سەدەی هەژدەهەمدا ئەم پیشەیە بەشێوازێكی جیاواز گەیشتە ئینگلتەرا و وڵاتانی ئەورووپا كە بریتیی بوو لە پەڕەكردنی لۆكە یان خورییەكە لە رێگای ئامێرێكەوە كە دەست كاری پێ دەكرا.
لە كۆنەوە ئەم پیشەیە لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەبووە، بنەماڵەی كەنعان ئەحمەد قەتان كە ماوەی سەد ساڵە لە شاری هەولێر خەریكی ئەو پیشەیەن و ئێستاش خەڵكێكی زۆر سەردانیان دەكەن و لێف، دۆشەگ و كەلوپەلی دیكە دروست دەكەن.
كەنعان ئەحمەد قەتان ئەگەرچی بەهۆی تەمەنەوە هێزی كاركردنی نەماوە، بەڵام لە دوكانێكی گەورەی گەڕەكی تەیراوە بەدیار منداڵەكانی دانیشتووە كە پەرە بە پیشەكەی بنەماڵەكەیان دەدەن و رۆژانە لە رێگای ئامێرێكی كارەباییەوە لۆكە و خورییەكان پەڕە دەكەن و دەیكەنە دۆشەگ و بالیف.
كەنعان ئەحمەد قەتان لە بارەی پیشەكەیانەوە گوتی: لە بیستەكانی سەدەی رابردوو، باپیرم دەستی بەو پیشەیە كردووە و دواتر لە باوكمەوە بۆ من ماوەتەوە، منیش ماوەی 50 ساڵ دەبێت خەریكی ئەو پیشەیەم و بۆ ئەوەی پیشەكەمان لە فەوتان بپارێزم، منداڵەكانی خۆم فێر كردووە و ئێستاش بەردەوامن.
لۆكە سەرچاوەی سەرەكی پیشەی پەڕەچی (هەلاج)ییە، سەرەڕای زەوییەكی كشتوكاڵی زۆر، بەڵام بەهۆی بەرهەمی هاوردەكراوەوە چاندنی لۆكە كەم بووەتەوە و لەبارەی دەستكەوتنی لۆكەشەوە، كەنعان قەتان گوتی: كاتی خۆی پەمۆی كشتوكاڵی هەبوو لە ناوچەی كۆیە بۆمان دەهات و لێرە لەگەڵ ناوكەكەی لەیەكتر جیادەكرانەوە و پاشان پەڕە دەكرا، هەتا كۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردوو وابوو، دواتر ئامێری پەڕەكردن هات و كارەكانی ئێمەیش ئاسانتر بوو.
بەگوتەی كەنعان قەتان، پەمۆی ئێستا بەهۆی بەكارهێنانی ماددەی كیمایی تیایدا، كوالێتی جیاوازترە لەو لۆكەیەی كە لە كۆنەوە بەكاریان دەهێنا و گوتی: ئێستاش هەر پەمۆ بەكاردەهێنین، بەڵام پەمۆی كۆن باشتر بوو، چونكە لە وەرزی گەشەسەندندا ماددەی كیمیایی بەكارنەدەهات و ئێستا بەهۆی بەكارهێنانی ماددەی كیماییەوە كوالێتی كەمترە.
لە سەردەمی ئێستادا، بەهۆی ئامێری نوێوە زۆرێك لە پیشەكان بەرەو لەناوچوون دەچن، بەڵام كەنعان ئەحمەد قەتان هەوڵیداوە پەرە بە پیشەكەی بدات و بۆ ئەم مەبەستەش منداڵەكانی فێركردووە و بۆخۆیشی چاودێری كاركردنیان دەكات و رێنمایی دیزایین و دروستكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتییان دەدات.
لەناو دوكانەكەدا، جگە لە كاری پەڕەكردن و چاككردن، ژمارەیەكی زۆر كەلوپەلی كۆن و كولتووری تیادایە كە وەك حەز و خولیایەك كۆكراوەتەوە و لەم شوێنەدا نمایشكراون، لەمبارەیەوە كەنعان ئەحمەد قەتان گوتی: لە كۆنەوە حەز و خولیام بۆ كەلوپەلی كۆن و كولتووریی هەبووە و بە درێژایی تەمەنم هەركاتێك كاتم هەبووبێت گەڕاوم بۆ كۆكردنەوەی ئەو كەرەستانەی لە كۆندا بەكارهاتوون، هەروەها هەندێك تابلۆی كۆن هەبووە كە لە كۆندا لە ماڵەكان هەڵواسراون و ئەمە بۆ من بیرەوەرییەكی منداڵییەوە و حەزم لێیەتی.
بە گوتەی كەنعان ئەحمەد قەتان ئێستا نزیكەی 10 دوكانی پەڕەچی لە هەولێر ماوە و ئەوانی دیكە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی سەردەمەوە، زۆربەیان وازیان لە پیشەكە هێناوە، پێشتر لە زۆربەی گەڕەك و بازاڕەكاندا دوكانی پەڕەچی هەبوو كە تیایدا چەند كەسێك دارێكی درێژیان بەدەستەوە بوو، دارەكە داوەبەنێكی پێوە بەسترابووەوە كە خوری و لۆكەیان پێ شیی دەكردەوە، هەندێكجار لە كاتی كاركردندا ئەو داوەبەنە دەنگی لێوەدهات.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.