Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 07:14

ماوەی 50 ساڵە خەریكی خشت دروستكردنە

كرێكاری وا هەبووە ماوەی دوو كاتژمێر كاری كردووە و كارەكەی بەجێهێشتووە
کوردستان TV
100%

خشتبڕین، پیشەیەكی كۆنی ناوچەكەیە و لە كۆنەوە زۆرێك لە خانووەكانی گوند لە خشت دروست دەكران، خشت پێكدێت لە خۆڵ و كا كە تێكەڵ یەكتر دەكرێن و دوای شێلان و خووساتدنی، لە قالب دەدرێت و بە شێوازی لاكێشەیی یان چوارگۆشەیی، دەبڕدرێت.
یاسین ئەنوەر كوورەچی، خەڵكی گوندی پیرداودی سەربە ناحیەی شەمامك لە قەزای ناوەندی هەولێرە، نزیكەی 50 ساڵە خەریكی پیشەی كوورەچییە و ساڵانە لە كۆتایی وەرزی بەهاردا، دەست بە خشتبڕین دەكات تا نیوەی وەرزی پاییز بەردەوام دەبێت لە خشتبڕین، دوای ئەوەش بەهۆی هاتنی وەرزی زستان و بارانبارینەوە، دەست لەكار هەڵدەگرن.
لەوبارەیەوە یاسین كوورەچی دەڵێت: سەرەتای حەفتاكان بوو، تەمەنم بچووك بوو كاتێك وەك یارمەتیدانی باوكم دەستم بەوكارە كرد و ماوەی نزیكەی 50 ساڵە لەوكارە بەردەوامم و بڕیاریشمداوە تا لە ژیاندا مابم واز لەو كارە نەهێنم.
یاسین كوورەچی لەگەڵ ژمارەیەك كرێكار لە بەیانییەكی زووەوە دەست دەكەن بە خشتبڕین و سەرەتا خۆڵ و كا تێكەڵ دەكەن و پاشان لە رێگای حەوزێكی ئاوەوە، خۆڵ و كایەكەی تەڕ دەكەن و ئینجا دەست دەكەن بە قوڕشێلان و لەماوەی 20 خولەكێكدا قوڕەكە دەخوسێنن.
دوای خوساندنی قوڕەكە لە رێگای عارەبانەوە، قوڕەكە لەسەر زەوییەكی بە كا داپۆشراو روو دەكەن و پاشان بەشێوازێكی رێك لەناو قالبە دارەكەی دەكەن و چنگێك كای لەسەر دەكەن و ئینجا دەیبڕن.
لەو شوێنەی یاسین كوورەچی خشتی تیادا دەبڕێت، خۆڵێكی زۆر هەڵدراوەتەوە و چەندین گونیەی كا لەتەك خۆڵەكە لەسەریەكتر دانراون، ئەو لەبارەی پێكهاتەی خشتەوە دەڵێت: خشت لە پێكهاتەی خۆڵ و كا پێكدێت كە بە تێكەڵكردنی ئاو لەگەڵیان دەبێتە قوڕ و بۆ ماوەیەك قوڕەكە دەشێلین تا تەواو دەخووسێت، پاشان لە رێگای دوو قالبی جیاوازە دەیكەینە خشت و هەڵیدەخەین بۆ وشكبوونەوە.

یاسین كوورەچی گوتیشی: دوو جۆر قالب هەیە، قالبێك هەیە لاكێشەیییە و ئەو جۆرەیان بۆ خانوو دروستكردن بەكاردێت، بەڵام قالبێكی دیكە هەیە دوولای باریكترە ئەمەیان بۆ دروستكردنی گومبەت بەكاردێت كە زیاتر كوورەچییەكان بەكاری دەهێنن.
خشتبڕین پێویستی بە كەشێكی گەرم هەیە بۆ ئەوەی لەماوەیەكی كەم دا وشك بێتەوە، بۆ ئەمەش یاسین كوورەچی گوتی: ئێمە بە گشتی لە مانگی نیسان دەست بە خشت دروستكردن دەكەین تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم و رۆژانە 600 بۆ 650 خشت دروست دەكەین لە وەرزی گەرمادا، خشتە دروستكراوەكان هەمان رۆژ هەڵدەگرینەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی كەشەكە كەمێك ساردە، پێویستی بە دوو رۆژ هەیە تا وشك بێتەوە.
یەكێك لە جیاوازییەكانی ئەم پیشەیە ئەوەیە كە كڕیارەكان دەتوانن نرخەكان دیاریی بكەن نەك فرۆشیارەكان، لەمبارەیەوەش یاسین كوورەچی گوتی: پێشتر هەزار دانە خشت بە 450 هەزار دینار دەفرۆشرا، بەڵام دوایی كڕیارەكانمان نرخەكانیان دابەزاند بۆ 350 هەزار و رایانگەیاند كە هەزار خشتیان بە بڕی 350 هەزار دینار دەوێت، بۆیەش نرخەكانمان بەپێی خواستی كڕیارەكان دابەزاند.
لەگەڵ یاسین كوورەچی چەند كرێكارێكی دیكە كار دەكەن و ئەو دەڵێت:  كەم كرێكار توانای خشتبڕینی هەیە و گوتی: كارەكەی ئێمە زۆر سەختە، كرێكاری وا هاتووە ماوەی دوو كاتژمێر كاری كردووە و كارەكەی بەجێهێشتووە، بەڵام من تا هێزم هەبێت بەردەوام دەبم لەو كارەدا، زۆر هەوڵمدا منداڵەكانم لەو پیشەیە بەردەوام بن، بەڵام ئەوان حەزیان بەوكارە نەكرد و پیشەی فیتەرییان هەڵبژارد.
شایانی باسە بەرزی خشتی لاكێشەیی بە گشتی پێنج بۆ 10 سانتیمەتر دەبێت، درێژییەكەی 30 سانتیمەتر و پانییەكەی 15 بۆ 20 سانتیمەتر دەبێت، تایبەتمەندی ئەم خشتە ئەوەیە كە لە وەرزی هاوین پلەی گەرمی شوێنەكە كەم دەكاتەوە و لە وەرزی زستانیش پلەی گەرما زیاد دەكات، ئەمەش بەهۆی هەڵمژینی شێی ئاوی باران و كەمكردنەوەی تیشكی خۆرە بەهۆی پێكهاتەی ماددەكان، بەڵام لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە، بەهۆی دروستكردنی بلۆك و بەكارهێنانی لە شوێنی خشت بۆ خانوو دروستكردن، بۆیە پیشەكە بەرەو كەمبوونەوە چوو.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.