سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 02ـی 11ـی 2022 لەگەڵ ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا، ڤیلە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا، ماوریتزۆ گریگانتێ باڵیۆزی ئیتاڵیا و پراشانت پیسێ باڵیۆزی هیندستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێی فیدراڵی کرا.
سەرۆکی حکوومەت لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و ئومێدەوارن حکوومەتی نوێ لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەکەیدا کار بکات، لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق، لە سەر بنەمای دەستووریش کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.
مەسرور بارزانی هەر لە کۆبوونەوەکە کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەدیجیتەڵکردن و هەنگاونان بەرەو حوکمڕانییەکی ئەلیکتڕۆنی خستەڕوو. جەختيشی کردەوە کە بەھیچ شێوەیەک لە ھەرێمی کوردستان، ڕێگە بە تیرۆر و تۆقاندن نادەین.
باڵیۆزانی بەشداری کۆبوونەوەکە، ئامادەیی و خواستی وڵاتەکانیان بۆ هاریکاریکردن و برەودان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.