ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له پانێڵی كۆتاییی دیداری مێريدا كرد كه له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا ژماره‌یه‌كی زۆری به‌رپرسانی عێراقی فیدرال و هه‌رێمی كوردستان و كونسول و نوێنه‌ری وڵاتانی بیانی و مامۆستایانی زانكۆ و بیرمه‌ند و كه‌سایه‌تيی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئاماده بوون.
له پانێڵه‌كه‌دا سه‌ره‌تا ده‌رباره‌ى دید و بۆچوونیان له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی محه‌مه‌د شیاع سوودانی و مامه‌ڵه‌ی هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌م حكوومه‌ته، نێچیرڤان بارزانی گوتی: دوای نزیكه‌ی ساڵێك له دواكه‌وتن، له ئه‌نجامدا ده‌بینین ئه‌مڕۆ له به‌غدا حكوومه‌تێك پێكهێنراوه، هه‌ر خودی پێكهێنانی ئه‌م حكوومه‌ته به دیدی به‌نده هه‌نگاوێكی گرنگ بوو بۆ دۆخی ئێستای عێراق. بێگومان پرسه‌كه ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان نییه، باسی هه‌موو عێراق ده‌كه‌ین و خه‌می ئێمه‌ش ته‌نیا خه‌می هه‌رێمی كوردستان نییه، به‌ڵكو خه‌می هه‌موو عێراقییه‌كانه. پێموایه ئێستا دۆخێكی نوێ هاتۆته پێش و هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێ به جددی یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق و كابینه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بن، چونكه ئه‌گه‌ر عێراق سه‌قامگیر بێت، هه‌رێمی كوردستانیش سه‌قامگیر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر دۆخی ئه‌منی له عێراق تێكبچێت، دۆخی هه‌رێمی كوردستانیش تێك ده‌چێت و ئه‌م شتانه هه‌موو به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و نا‌توانیت به‌غدا له هه‌رێمی كوردستان جیا بكه‌یته‌وه و هه‌رێم له به‌غدا جیا بكه‌یته‌وه. ئه‌وه‌ی كه من هیوادارم ئه‌وه‌یه هه‌ردوولامان توانیبێتمان وانه له ڕابردوو وه‌ربگرین، وانه له‌وه وه‌رگرین هه‌روه‌ك ئێستا خۆتان به‌و پرسیاره له خۆمان ده‌ستپێی بكه‌ین، بابه‌تی سه‌ره‌كیی كۆنفرانسهكهشتان ئه‌وه‌یه (عێراق بۆ هه‌مووان)، پرسیاری جددی ئه‌وه‌یه: ئایا عێراقییه‌كان هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه عێراق بۆ هه‌مووانه؟ ئه‌گه‌ر له‌م ده‌رگایه‌وه بچینه ژووه‌ره‌وه، وه‌ڵامه‌كه‌ی زۆر ساده‌یه كه نه‌خێر ئه‌و هه‌سته نییه! ده‌بێت ئه‌وه دروست بكرێته‌وه. به ڕای من ده‌بێت ئێمه وانه له هه‌موو ئه‌و هه‌ڵانه وه‌رگرین كه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو كراوه، هه‌موومان خۆمان تاقیكرده‌وه، به‌غدا خۆی تاقیكرده‌وه و هه‌رێمیش خۆی تاقیكرده‌وه، به‌ڵام له ئه‌نجامدا گه‌یشتین به یه‌ك خاڵ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت هه‌موومان یارمه‌تیی یه‌كتری بده‌ین بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی عێراق. كێشه‌كانی عێراقیش ئاسان نین و زه‌حمه‌تن، ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان داوای ده‌كات ئه‌وه‌يه به‌پێی ده‌ستووری عێراق كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. ئێمه له هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2003ـوه كه به‌شێكی سه‌ره‌كى بووین له پێكهێنانی عێراق و خوالێخۆشبوو جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال و جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی ئه‌وه‌ی له توانایاندا بوو بۆ ئه‌م عێراقه ئه‌نجامیان دا، تا ڕاده‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو به‌غدا كێشه دروست نه‌بێت هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان وه‌ك به‌شێك له سیسته‌می به‌رگریی عێراق نارد بۆ به‌غدا تاكو كێشه‌ی ئه‌منی له به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ن، پرسیاره‌كه ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان، كه ده‌ڵێم هه‌رێمی كوردستان مه‌به‌ستم ته‌نیا كورد نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ستم هه‌موو پێكهاته كوردستانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه، پرسیاره‌كه ئێستا ئه‌وه‌یه ئایا سیسته‌می عێراق چییه؟ ئه‌و سیسته‌مه‌ی عێراق به‌ڕێوه ده‌بات چییه؟ ئه‌م سیستمه ناوه‌ندییه؟ سیسته‌مێكی فیدرالییه؟ ئه‌وه‌ی كه له ده‌ستووری عێراقدا پێناسه‌ی بۆ كراوه ده‌ڵێ سیسته‌مێكی فیدرالییه. پرسیاره‌كه بۆ به‌غدا ئه‌وه‌یه ئه‌رێ به ڕاستی عێراق خاوه‌نی سیسته‌مێكی فیدرالییه؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی ساده‌یه، نه‌خێر، زۆر به‌داخه‌وه عه‌قلییه‌تێكی مهركهزيی به‌هێز ئیداره‌ی ئه‌م وڵاته‌ی كردووه تا ئێستا. پێش ساڵی 2003 دۆخه‌كه‌مان وه‌ك ئێستا بوو و نه‌گۆڕاوه، حكوومه‌تی خۆمان هه‌بوو و پێشمه‌رگه‌ی خۆمان هه‌بوو و پۆلیسی خۆمان و هه‌موو ده‌زگاكانی خۆمان هه‌بوو، ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا به ئێمه‌یان گوت كه عێراقێكی نوێیه و ئێمه‌ش به هیوایه‌كی یه‌كجار زۆره‌وه به‌شداریمان كرد بۆ دروستكردنی ئه‌و عێراقه نوێیه. قسه‌ی من بۆ گله‌یی نییه كه چی كراوه و چی نه‌كراوه، قسه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه و پێشموایه كه دره‌نگ نییه بۆ ئه‌و دهستپێكردنهوهیه. سه‌قامگیریی سیاسیی عێراق به‌نده به سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستانه‌وه و ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان له ڕووی سیاسییه‌وه سه‌قامگیر بێت، ئه‌مه ده‌ستكه‌وته بۆ به‌غدا، ئه‌مه سه‌ركه‌وتنه بۆ به‌غدا، گه‌ر به جددی بكه‌وینه ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدرالدا هه‌یه چارسه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه، عێراق به ته‌واوه‌تی خۆی له دۆخێكی باش‌دا ده‌بینێته‌وه.
سه‌باره‌ت به حكوومه‌تی ئێشتاش. سه‌رۆك وه‌زيران كه تا ئێستا چه‌ندینجار به په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی قسه‌مان كردووه و به‌ڕێزیشیان به‌ر له‌وه‌ی ببێته سه‌رۆك وه‌زیران ته‌شریفی هێنایه هه‌ولێر، شایسته‌ی ئه‌وه‌یه كه پشتگیریی بكرێت، شایشته‌ی ئه‌وه‌یه ده‌رفه‌تی پێ بدرێت تا بتوانێت هه‌ندێك له‌و كێشانه‌ی له عێراقدا هه‌ن چاره‌سه‌رییان بۆ بدۆزێته‌وه و ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌كمان پابه‌ندی ده‌ستووری عێراق بین و یارمه‌تیی یه‌كتری بده‌ین، پێموایه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن. كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كێ به‌هێزه و كێ بێهێزه له‌م وڵاته‌دا چاره‌سه‌ر ناكرێن، ده‌بێت وه‌ك عێراقی ئه‌مه بزانین و چاره‌سه‌رێك بدۆزینه‌وه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه و فۆرمۆلێك بدۆزینه‌وه چۆن به‌یه‌كه‌وه بژین له جوگرافیایه‌كدا كه پێی ده‌گوترێت عێراق، ئه‌مه گرنگترین ده‌ستكه‌وت ده‌بێت بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان. له‌لایه‌كی دیكه‌وه خه‌می ئێمه خه‌می عێراقییه‌كانه، عێراقییه‌كان دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه له خۆیان ده‌پرسن و خۆیان به‌راورد ده‌كه‌ن، نه‌وه‌یه‌كی نوێ ئێستا له عێراق دروست بووه بێ ئه‌وه‌ی سه‌فه‌ر بكات هه‌ر به ڕێگه‌ی ئينته‌رنێت ده‌زانێن له وڵاتانی ده‌ره‌وه چی هه‌یه و دۆخی خۆی به‌راورد ده‌كات به وڵاتانی ده‌وروبه‌ر. به بۆچوونی ئێمه عێراقییه‌كان شایسته‌ی ژیانێكی باشترن زۆر له‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه، ده‌رفه‌تیش هه‌یه. سوپاس بۆ خوا عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده و ئیمكانیاتی زۆره و ده‌كرێت عێراق ببێته پێشه‌نگ له هه‌موو ناوچه‌كه. پرسی خزمه‌تگوزارییه، ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ی كه ئێمه له عێراق ده‌مانبینی به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا هه‌موویان ده‌بینین داواكارییه‌كانیان داواكاریی زۆر یاسایین، داواكارییان ئه‌وه‌یه كه وڵات باشتر ببێت و ده‌رفه‌تی كار هه‌بێت و گه‌نجه‌كان ژیانێكی باشتریان هه‌بێت و من پێموایه عێراقییه‌كان شایسته‌ی ئه‌وه‌ن.
ده‌رباره‌ی سیستمی سیاسی له عێراق و به‌رده‌وامیی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و قبووڵنه‌كردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌رده‌واميی دۆخی ئاڵۆز و چاره‌سه‌ركردنى، سه‌رۆكی هه‌رێمی ئاشكرای كرد: دیموكراسییه‌ت دیارییه‌ك نییه بدرێته وڵاتێك و پێی بگوترێت ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌مه كولتووره. به بۆچوونی من له عێراق ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكرێت له‌نێوان ساڵانی 2003 و 2004 و تا ئێستا، ده‌بینین كه پێشكه‌وتنی زۆرمان به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئێمه نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و قۆناغه‌ی كه وه‌ك نموونه‌ی به‌ریتانیات هێنایه‌وه، له سه‌رتادا كه هه‌ڵبژاردن بوو هاوپه‌یمانیی سێقۆڵی دروست بوو، به‌و هیوایه بوو كه سیسته‌مه‌كه دیموكراسییه و ئه‌و لایه‌نانه‌ی له هه‌ڵبژاردن براوه‌ن ده‌توانن حكوومه‌ت پێك بهێنن، به‌ڵام بینیمان كه پرسی عێراق زۆر له‌وه ئاڵۆزتره، پرسه‌كه ته‌نیا ئه‌وه نییه كه عێراق خۆیه‌تی، زۆر فاكته‌ری تر هه‌ن كه ده‌ستیان له بابه‌ته‌كه‌دا هه‌یه و ئه‌مه به ئاسانی ناچێته سه‌ر، كه‌واته ده‌بێت فۆرمۆلێك بدۆزینه‌وه كه بتوانین چۆن به‌یه‌كه‌وه ئیداره‌ی وڵات بكه‌ین له‌م قوناغه‌دا. ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له‌نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا و پێشتردا بكه‌ی، ده‌بینین سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشتر هیچ پشتگیرییه‌كی وه‌های له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانی دیكه‌وه نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه ناتوانرێت به‌یانی هه‌ر بڕیارێك بدات لایه‌نه‌كانی دیكه به‌تایبه‌تی شیعه ناتوانن بڵێن ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه بێ پشتیوان بووه، ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه پشتیوانیی هه‌موو لایه‌نه‌كانی شیعه‌ی هه‌یه، پشتیوانیی كوردی هه‌یه، پشتیوانیی سوننه‌ی هه‌یه، ئه‌م حكوومه‌ته له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی پێشتر زۆر جیاوازه، بۆیه چاوه‌ڕوانيی ئێمه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق له‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه جیاوازتره له سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی دیكه، بۆیه بهرپرسیاريهتيی سه‌رشانی ئه‌و، زۆر زۆر زیاتر و گه‌وره‌شه و ده‌بێت ئه‌وه‌ی كه جه‌نابت باسی لێ ده‌كه‌ی، له‌و بڕوایه‌دام عێراق له قۆناغێكی ڕاگوزه‌ردایه و تا بگه‌ینه ئه‌وه‌ی بتوانین ئۆپۆزسیۆنمان هه‌بێت و ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێت هێشتا ماویه‌تی، به ڕاستی واقعی عێراق بۆ ئه‌و قۆناغه ماومانه.
ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدرال و چاره‌سه‌رنه‌كردنیان و هه‌ڵپه‌ساردنیان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كۆتایی بۆیان: نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه دا: له ساڵی 2004 هه‌ر حكوومه‌تێك له عێراق پێكهێنراوه، شتێكی نووسراومان نییه و ئه‌مه یهكهمجارمانه ئێمه وه‌ك دوو هێزی سه‌ره‌كیش له هه‌رێمی كوردستان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت، ڕێككه‌وتنێكمان هه‌یه و ئیمزا كراوه و هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی ئێستا باسی ده‌كه‌ین له پرسه‌كانی نه‌وت و بودجه و شه‌نگال و ئه‌وانی دیكه‌شی تێدایه، بودجهشى بۆ دانراوه، كه‌واته جیاوازیی ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ ڕابردوو ئه‌وه‌یه كه ئێمه له‌سه‌ر كاغه‌ز شتێكی ئیمزاكراومان هه‌یه و له‌مه‌ش گرنگتر به‌غدا تا كه‌ی ده‌بێت وا بیر بكاته‌وه كه ئه‌م كێشانه هه‌ر وا ده‌بێ به هه‌ڵپه‌سێردراوی بمێننه‌وه و چاره‌سه‌ریان بۆ نه‌دۆزرێته‌وه؟! پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئایا به‌غدا ده‌یه‌وێ عێراقێكی سه‌قامگیر هه‌بێت له‌ڕووی سیاسییه‌وه، عێراقێكی سه‌قامگیر هه‌بێت له ڕووی ئابوورییه‌وه؟! بۆ سه‌قامگیريی ئه‌و عێراقه مه‌رجی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه ده‌بێت ئه‌م كێشانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌مه مه‌رجێكی سه‌ره‌كییه بۆ هه‌ر كه‌سێك كه له به‌غدا ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتدار. هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر به قه‌باره بچو‌وكیش بێت، به‌ڵام به ده‌نگ ده‌نگێكی گه‌وره‌یه له ڕووی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌وه، بۆیه له به‌رژوه‌ندیی به‌غدایه بڵێت كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردن ده‌چن. من نازانم باشییه‌كه‌ی چییه بچینه هه‌ر وڵاتێك بڵێین عێراق هیچ ناكات و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات؟! به ڕاستی ئه‌مه بۆ عێراق زۆر خراپه و ناكرێت به‌غدا هه‌رێمی كوردستان به كه‌م ببینێت. هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌كه پێگه‌ی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه و بۆ به‌غدا باشتره ئه‌م كێشانه‌ی له‌ڕووی سیاسییه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات. ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش داوای ده‌كات شتێكی زۆر گه‌وره نییه، شتێكه به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. با نموونه‌یه‌كتان بۆ بهێنمه‌وه، به‌داخه‌وه له به‌غدا هه‌ر كاتێك باسی پرسی نه‌وت ده‌كرێت، هه‌مووی به مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌وه‌ریی عێراقه‌وه گرێ ده‌درێت. ئێمه نه ده‌مانه‌وێ سه‌روه‌ريی عێراق پێشێل بكه‌ین و نه مه‌به‌ستیشمانه. شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئێمه بۆ نه‌وت و غاز زۆر جیاوازه له شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی به‌غدا بۆ ئه‌م پرسه. ئێمه وه‌ك كاڵایه‌كی بازرگانی سه‌یری نه‌وت ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێت ئه‌م كاڵا بازرگانییه به شێوه‌یه‌ك بێت له به‌رژوه‌ندیی هاووڵاتیانی عێراقدا بێت و له ئه‌نجامدا بتوانێت یارمه‌تیی خزمه‌تگوزاری بدات بۆ هه‌موو گه‌لی عێراق. به‌ڵام ئه‌وان یه‌كسه‌ر به پرسی سه‌روه‌ری و یهكگرتوویيی عێراقه‌وه ده‌یبه‌ستنه‌وه. هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیای هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كه كه ئه‌گه‌ر نهوتیشت هه‌بێت، ئه‌وا نه‌وت ناتوانێت سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان به‌ده‌سته‌وه بهێنێت، مومكینه بتوانێت خۆشگوزه‌رانیی بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان فه‌راهه‌م بكات، به‌ڵام نایێته هۆكاری سه‌ربه‌خۆیيی كوردستان، چونكه جوگرافیای هه‌رێمی كوردستان ئاڵۆزه، بۆیه پێویسته بۆچوونی به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بگۆڕدرێت و هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شی سه‌ره‌كیی به‌غدايه و ده‌بێت ئه‌مه قبووڵ بكرێت. باری سه‌ر شانی ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه زۆر گران ده‌كه‌ین، به‌ڵام مافی خۆمانه، چونكه ئێمه به یه‌كێك له كۆتا ده‌رفه‌ته‌كانی خۆمانی ده‌زانین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدرال.
ده‌رباره‌ی پرسى نه‌مانى كاريگه‌ريى كوردستان له به‌غدا وه‌ك جاران و په‌رته‌وازه‌بوونى لايه‌نه‌كانى، نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند: كاتێك قسه‌م له‌سه‌ر به‌غدا و كێشه‌كان كرد، هی ئه‌وه نه‌بوو كه هه‌موو خه‌تاكه بخه‌مه سه‌ر به‌غدا، بێگومان هه‌روه‌ك گوتم پێویسته هه‌ردوولامان وانه له هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو وه‌رگرین و به دیدی من ئێستا ده‌رفه‌تێكمان له‌به‌رده‌مه بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان، به‌س ئه‌وه نییه كه هه‌موو هه‌ڵه‌كان ده‌خه‌مه سه‌ر به‌غدا و ئێمه‌ش هیچ هه‌ڵه‌یه‌كمان نییه، نه‌خێر! پێویست به‌وه ناكات ئێمه ئه‌م موجادهلهیه بكه‌ین، ده‌بێت دابنیشین و بڵێین ئێمه ده‌ستوورێكمان هه‌یه و به‌پێی ئه‌م ده‌ستوور ئه‌ركه‌كانمان ئه‌مانه‌ن و مافه‌كانیشمان ئه‌مانه‌ن و ده‌مانه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانمان جێبه‌جێ بكه‌ین، داوای مافه‌كانیشمان ده‌كه‌ین و له‌وه زیاتر و كه‌متر نییه! به‌ڵام ئه‌م په‌رته‌وازه‌ییه‌ی ئێمه له هه‌رێمی كوردستان هه‌مانه نه‌ك هه‌ر زیانێكی گه‌وره‌ی له كورد داوه، به پێچه‌وانه‌وه كاریگه‌رییه‌كی زۆر زۆر خراپشی هه‌یه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه. ئه‌گه‌ر به یه‌كگرتوویی له به‌غدا بین هه‌م به‌هێزین و هه‌م سهنگیشمان زیاتره و هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه ئه‌وه‌ی كه گرنگه بۆ ئه‌مجاره ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كه له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كردوومانه، به‌تایبه‌تی ئێمه دوو لایه‌نی سه‌ره‌كیی كوردستانی به‌یه‌كه‌وه ئه‌مه‌مان ئیمزا كردووه، جا له تاكتیكدا هه‌ندێك كێشه‌مان هه‌بووه، ئه‌مه به‌ره‌و ئه‌ولا چووه و مه‌و به‌ره‌و ئه‌ولا چووه، به‌ڵام له ڕووی ستراتیژه‌وه كه به‌یه‌كه‌وه داوای مافی خۆمان بكه‌ین، هه‌ردوولامان یه‌كده‌نگ بووین و به‌یه‌كه‌وه‌ش ئیمزامان كردووه.
ده‌رباره‌ی بێده‌نگیی عێراق به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی له وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێم ئه‌نجام ده‌درێن، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی: پێموایه ده‌بێت ئه‌م پرسیاره له براده‌رانی خۆمان له به‌غدا بكه‌ین، پێشێلكردنی سه‌روه‌ری ڕێك ئه‌مه‌یه، پێشێلكردنی سه‌روه‌ری ئه‌وه نییه كه هه‌رێمی كوردستان نه‌وه‌تی ده‌رهێناوه و هه‌نارده‌ی كردووه، له هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه یه‌ك بنه‌مامان په‌یڕه‌و كردووه كه نامانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان ببێته شوێنی كێشه دروستكردن بۆ دراوسێكانمان، ناكرێت هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ئه‌مین سه‌یر بكرێت و له هه‌رێمی كوردستانه‌وه كێشه بۆ دراوسێكانمان دروست بكرێت! له‌گه‌ڵ ئه‌م بنه‌مایه‌ن و زۆریش هه‌وڵمانداوه و كاریشمان بۆی كردووه كه ده‌بێت ئه‌م بنه‌مایه پارێزراو بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه دراوسێكانمان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ڕێك ئه‌وه‌يه كه ده‌بێت عێراق به جددی وه‌ریگرێت و تا ئێستاش به‌غدا ئه‌م پرسه‌ی به جددی وه‌رنه‌گرتووه، پێشنیارمان بۆ به‌غدا ئه‌وه بووه كه با لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌نێوان هه‌ردوولاماندا دروست بكه‌ین، چونكه ئه‌مه دوو لایه‌نی هه‌یه، لایه‌نێكی په‌یوه‌ندی به سه‌روه‌ریی عێراقه‌وه هه‌یه، لایه‌نێكی دیكه‌شی په‌یوه‌ندی به ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه. ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانیش په‌یوه‌ندی به ئه‌من ئاسایشی به‌غداوه هه‌یه، داوامان له عێراق كردووه لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش پێك بهێنین تا قسه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بكه‌ین و به پله‌ی یه‌ك ئه‌م بابه‌ته به‌رپرسیاريهتیی حكوومه‌تی فیدراله كه ده‌بێت زۆر به جددی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بوه‌ستێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچیان نه‌كردووه.
ده‌رباره‌ی كێشه‌كانى یه‌كێتی و پارتى باسكردنى دوو ئیداره‌یی (زۆرنی سه‌وز و زه‌رد) له هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێزیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه، گوتی: پێموایه نابێ زۆنی سه‌وز و زه‌رد هه‌بێ، ده‌بێ زۆنی كوردستان هه‌بێ، من خۆم شه‌خسی زۆر دژی به‌كارهێنانی ئه‌م دهستهواژهيهم كه ئه‌مه زۆنی زه‌رده و ئه‌مه زۆنی سه‌وزه، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌يه هه‌ر دروست نییه و به‌كارهێنانیشی ده‌بێته هۆكاری زیاتر بێهێزكردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و له‌مه زیاتر هیچ شتێكی دیكه‌مان ده‌ست ناكه‌وێت. یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوبه‌شی سه‌ره‌كیی پارتی دیموكراتی كوردستانه له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا له ساڵی 2003ه‌وه تا ئێستا و پێش ئه‌و كاتیش سه‌رباری هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه له‌نێوان یه‌كێتی و پارتیدا هه‌بووه، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوبه‌شی سه‌ره‌كيی پارتی بووه. من حه‌ز ده‌كه‌م ئێستاش زۆر به ڕاشكاوانه بڵێم: پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌یه، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵێ ناتوانم نكۆڵى بكه‌م كه كێشه نییه. كێشه هه‌یه و ئه‌م كێشانه ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌وه‌ی له توانای مندا هه‌بووه تا ئێستا ئه‌نجاممداوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه، ناتوانم بڵێم چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیمان بۆ ئه‌و كێشانه كردووه، به‌ڵام له زۆر قۆناغدا چاره‌سه‌رمان كردووه تاكو كێشه‌كان گه‌وره‌تر نه‌بن. من ئه‌وه‌نده ڕه‌شبین نیم كه ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر ناكرێن، ده‌لێم به‌ڵێ ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه چۆن سه‌یری یه‌كتری ده‌كه‌ین؟ سه‌باره‌ت به ئێمه وا سه‌یری یه‌كێتی ده‌كه‌ین وه‌ك هاوبه‌شی سه‌ره‌كیی خۆمان و دڵنیام یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وه‌ها سه‌یری پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات، كه‌واته له ڕووی ستراتیژه‌وه ماده‌م به‌م شێوه‌یه بێت، هه‌ردوولامان ده‌بێت وه‌ك چۆن باسی خۆمان به‌غدا ده‌كه‌ین، ده‌بێت به هه‌مانشێوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كتری بكه‌ین و دانیشین و بزانین هه‌ڵه‌كانمان چییه و یه‌كێتی دان به هه‌ڵه‌كانیدا بنێت و پارتی دان به هه‌ڵه‌كانیدا بنێت و هه‌ردووكمان بگه‌ینه تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م وڵاته. باش و خراپ نه پارتی به‌دیلی یه‌كێتییه و نه یه‌كێتیش به‌دیلی پارتییه. ئێمه ته‌واوكه‌ری یه‌كترین له‌م وڵاته‌دا وه‌ك دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه لایه‌نه‌كانی دیكه ده‌وریان له‌م پرۆسه‌یه‌دا نه‌بێت، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وانیش هه‌ن، هه‌ندێكجار ئه‌و براده‌رانه ده‌بێت باری ئێمه هه‌ڵگرن و هه‌ندێك جاریش ئێمه ده‌بێت باری ئه‌وان هه‌ڵگرین، به‌ڵام له ئه‌نجامدا ده‌بێت هه‌ردوولامان جددی بین له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان و ئه‌مه‌ش بۆ پیاهه‌ڵدان و موجامه‌له نییه. زۆر به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم كه ئێمه چاره‌سه‌ر ده‌دۆزینه‌وه تا ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ده‌رفه‌ت ناده‌ین جارێكی دیكه ئه‌و پرسیاره له ئێمه بكه‌یته‌وه.
سه‌باره‌ت به لێدوانه‌كانی شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێمی كوردستان و ئاماژه‌كردن به دۆخی ئاڵۆزی هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: من هه‌موو دیداره‌كه‌ی شێخ جه‌عفه‌رم نه‌خوێندۆته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێكم بینیوه، بێگومان وا وه‌ری ده‌گرم كه له دڵسۆزی ئه‌و قسانه بكات، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ئاگری ناتهبایيی نێوان هه‌ردوولا زیاتر بێت. من هه‌ر وا وه‌ری ده‌گرم و پێشموایه بۆ كه‌سێكی وه‌كو كاك شێخ جه‌عفه‌ر له‌و پێگه‌یه وه‌ك جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و كه‌سێك كه هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له خزمهتكردندا و پێشمه‌رگه بووه و خه‌باتی كردووه، به دڵسۆزی وه‌ری ده‌گرم، هه‌رچه‌نده له‌وانه‌یه ده‌كرا به تایبه‌تیتر له‌گه‌ڵ من ئه‌و شتانه‌ی باس بكردبا و پێویست نه‌بوو له ڕاگه‌یاندن به‌و شێوه‌یه باس بكرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێ ده‌گه‌م كه گه‌یشتۆته چ قۆناغێك، په‌یام و قسه‌كانی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م پرسه جددیه و ده‌بێت چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزینه‌وه و چاره‌سه‌ریشی بۆ ده‌دۆزینه‌وه.
له وه‌ڵامێكی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و تێنه‌په‌ڕاندنی له په‌رله‌مانی كوردستان و مانه‌وه‌ی ئه‌م پرسه و واژۆنهكردنی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد: له كۆبوونه‌وه‌كاندا كه كاك قوبادیش له زۆربه‌یاندا ئاماده بوو، زۆر هه‌وڵم دا له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان تا هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا به‌ڕێوه بچێت، وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمیش هه‌موو ئه‌و ئیجرائاته‌ی كه له‌سه‌ر شانی من بووه، هه‌مووم جێبه‌جێ كردووه به نووسینی نامه بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و ڕۆژهكهشم دیاری كردووه، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه حزبه‌كان له‌سه‌ر شتی زۆر بێ‌مانا نه‌گه‌یشتن به ئه‌نجام! حه‌ز ده‌كه‌م بزانن شته‌كان ئه‌وه‌نده بێ‌مانا بوون باوه‌ڕ بكه‌ن هه‌ر ناتوانم باسیان بكه‌م، چونكه پێویست نه‌بوو كه كێ كورسی زیاتر ده‌بێت و كێ كه‌متر ده‌بێت. له ئه‌نجامدا ئیشی په‌رله‌مانی له‌ناو په‌رله‌ماندا ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه كاركردن بێت، ده‌بێت لۆبی دروستكردن بێت له‌ناو په‌رله‌مان، ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنی یاسای باش بۆ ئه‌م وڵاته. ئێمه وه‌ك پارتی له كاتێكدا سی و چه‌ند كورسیمان هه‌بوو و ئێستا سه‌ره‌وه‌ی چل كورسیمان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و كاته زۆر به‌هێزتر بووین له ئێستا، چونكه لۆبییه‌كی به‌هێزمان له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌بوو و ئیشمان به‌یه‌كه‌وه ده‌كرد، ئێستاش به‌داخه‌وه له‌و باوه‌ڕه‌دام نه سه‌رۆكی په‌رله‌مان و نه جێگره‌كه‌ی نه‌یانده‌ویست ته‌مه‌نی په‌رله‌مان ساڵێك درێژ بكرێته‌وه، به‌ڵام كرا. پرسی ده‌ستووریش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانی من بووه وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێم كرووه، ئه‌مه به‌رگريكردن نییه له خۆم، من هاوڕام كه پێویسته هه‌رێمی كوردستان ده‌ستووری خۆی هه‌بێت و هه‌بوونی ده‌ستووریش له هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق ناكۆك نییه، چونكه ده‌ستوور ئه‌و مافه‌ی به هه‌رێمی كوردستان داوه. له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌روا به‌رده‌وام بێت دادگای فیدرالی بڕیارێك ده‌ر ده‌كات و ده‌ڵێت ئێوه بۆچى ده‌ستوورتان نییه؟! كه‌واته ئێستا ده‌ستوور له په‌رله‌مانه و تۆپه‌كه له گۆڕه‌پانی په‌رله‌مانه و پێشم گوتوون كه هه‌موو ئاسانكارییهكتان بۆ ده‌كه‌م و بێگومان له قۆناغی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا پرسه‌كه دواكه‌وت، به‌ڵام ئێستا ده‌ستیان به پرۆسه‌كه كردۆته‌وه و هیوادارین له‌و ماوه‌یه‌ی كه په‌رله‌مان ته‌مه‌نی خۆی درێژ كردۆته‌وه، بتوانین بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه ده‌ستوورێكمان هه‌بێت و بتوانێت چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه بكات ئه‌وانه‌ی له حوكمڕانی له كوردستان هه‌یه.
سه‌باره‌ت به پرسی یه‌كگرتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان و هه‌وڵه‌كانی له‌مباره‌یه‌وه، هه‌روه‌ها گوتی: هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له هه‌رێمی كوردستان یارمه‌تیده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه ڕێڕه‌وی خۆی وه‌رگرێت بۆ چاره‌سه‌ر، ئه‌گه‌ر بڵێین هیچ نه‌كراوه ڕاست نییه، چونكه شت كراوه و پرۆسه‌كه‌ش به‌ره‌و پێشه‌وه چووه و هه‌ندێك شتی باشیش كراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بلێین هه‌مووی ته‌واو بووه؟ نه‌خێر هه‌مووی ته‌واو نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه ته‌واوكراون ناكرێت به كه‌م بیانبینین و ده‌بێت به هه‌نگاوی جددی بیانبینین. ئه‌و فشاره‌ی كه هاوپه‌یمانان ده‌یكه‌ن به بۆچوونی من له دڵسۆزییانه بۆ هه‌رێمی كوردستان و ده‌یانه‌وێ هێزه‌كان یه‌ك بگرن و كێشه‌یان نه‌مێنێت. ئێمه پرۆسه‌كه‌مان ده‌ست پێ كردووه و پرۆسه‌یه‌كی خێرا نییه و به هێواشی ده‌ڕوات، به‌ڵام ده‌ستی پێ كردووه و ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه نییه بڵێم هه‌موو شتێك ته‌واوه و هیچ كێشه‌یه‌ك نییه، چونكه له هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به واقعی سه‌یری كێشه‌كان بكه‌ین و ده‌بینین ئه‌م پرۆسه‌یه وا به ئاسانی ته‌واو نابێت. ئه‌وه‌ی كه كراوه و هه‌نگاوی باشیش به‌ره‌و پێشه‌وه ڕۆیشتووه و له دوو بۆنه‌ی جیاوازیش له سلێمانی و زاخۆ زۆر به ڕاشكاوی باسی پێشمه‌رگه و یه‌كگرتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌م كردووه، هه‌موو شتهكانیشم باس كردووه وه‌ك به‌رپرسیاريهتیی خۆم.
ده‌رباره‌ی ڕۆڵی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له هاوكاریكردنی خوشك و برایانی ئێزدی و ڕزگاركردنیان و كێشه‌ی شه‌نگال و داواكاريی ئێزدییان، ئاشكرای كرد: ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌نجاممانداوه بۆ سوپاس و چه‌پڵه‌لێدان نهمانكردووه، ئه‌وه ملـلهتی ئێمه‌یه و ئه‌وه‌ی كراوه ئه‌ركێك بووه و ئه‌نجاممانداوه و ئه‌گه‌ر به ته‌واوه‌تیش نه‌كراوه یان كه‌موكووڕی هه‌بووه، داوای لێبوردن له ملـلهتی خۆمان ده‌كه‌ین. نه‌ك وه‌ك منه‌تێك به‌سه‌ریانه‌وه بكه‌ین، من سوپاسیان ده‌كه‌م كه باسیان كردووه. ئه‌وه‌ی جێبه‌جێمان كردووه شتێكی یه‌كجار یه‌كجار كه‌م بووه له‌و ئازار و به‌دبه‌ختی و نههامهتیيهی ڕووبه‌ڕووی ئێزدییان بۆته‌وه. هه‌م ئێزدییه‌كان و هه‌م كرستیانهكان هه‌ریه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌ك، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئازاری زۆریان بینیوه ئێزدییه‌كانن، زۆر جیاواز له هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه، ئه‌وان له‌سه‌ر ناسنامه‌ی ئایینیی خۆیان له‌م وڵاته‌دا و به ناوی ئایينیشهوه ئه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر كرا. هه‌روه‌ك خۆشیان ئاماژه‌یان پێ كرد له مێژوودا چه‌ندین فه‌رمانیان به‌سه‌ردا هاتووه و زۆر به‌داخه‌وه تا ئێستاش وه‌ك پێویست دوای ساڵی 2014ه‌وه ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان و نه‌هامه‌تییه‌كانیان زۆر گه‌وره‌ن و برینیان زۆر زۆر قووڵه و ده‌بێت هه‌موو لایه‌كمان یه‌ك شت بكه‌ین، نابێت پرسی ئێزدیان بكه‌ین به وه‌ره‌قه‌یه‌كی سیاسی و سوودیان لێ ببینین. نابێت هیچ لایه‌نێكی سیاسی ئه‌م كاره بكات و ئه‌مه هه‌نگاوی یه‌كه‌مه. ئه‌م ملـلهته خه‌ریكه ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی گه‌وره ده‌بێته‌وه، خه‌ريكه له‌ناو ده‌چێت و خه‌ریكه ناسنامه‌ی ئایينی و نه‌ته‌وه‌یيی خۆیان له‌یاد ده‌كه‌ن. چوونه ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ ئه‌م ملـلهته چاره‌سه‌ر نییه، هه‌روه‌ك خۆیان ئه‌مڕۆ له پانێله‌كاندا ئاماژه‌یان پێ دا به‌ر له هه‌موو ملـلهتێك ئه‌وان لێره ژیاون و به‌رگه‌ی هه‌موو ناخۆشییهكیان گرتووه و هه‌رچی بهسهریشیان هاتووه به‌رگه‌یان گرتووه و ئاماده بوون، ملـلهتێكیشن ده‌یانه‌وێت به ئاشته‌وایی و ئارامى له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه‌ى موسڵمان و كرستیان و هه‌موولایه‌ك بژین و گه‌وره‌ترین كێشه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كارته بۆته كارتێكی سیاسی. ڕێككه‌وتنی شه‌نگال، جه‌نابی پارێزگاری مووسڵ لێره ئاماژه‌ی پێ كرد، بۆ ڕێككه‌وتنی شه‌نگال هه‌ر پرسیشی پێ نه‌كراوه كه پارێزگاره! ده‌مه‌وێ لێره سوپاسی جه‌نابی پارێزگاری مووسڵ بكه‌ین و ڕێزمان هه‌یه بۆی، چونكه هه‌م برایانی ئێزدی و هه‌م برایانی كرستیان زۆر به بایه‌خه‌وه باسی ڕۆڵی جه‌نابیان كرد، منیش ده‌مه‌وێ به ناوی هه‌رێمی كوردستانه‌وه سوپاسی بكه‌م. ڕێككه‌وتنی شه‌نگال له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا كراوه و جه‌نابی پارێزگاری مووسڵ ئاماژه‌ی پێ كرد كه كێشه‌كان چییه، به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه تا ئێستاش له به‌غداوه ئیراده‌یه‌كی به‌هێز نییه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه و به‌ردی بناغه‌ی دروستكردنی متمانه له‌و سنووره ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ئه‌و ڕێككه‌وتنه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه، ئاماده‌ین بیكه‌ین. ئه‌مه یه‌ك له‌و شتانه‌یه كه له ڕێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت هاتووه كه ده‌بێت ڕێككه‌وتنی شه‌نگال جێبه‌جێ بكرێت و ئه‌و هێزانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به‌و سنوورانه‌وه نییه، ده‌بێت له‌وێ ده‌رچن. ئه‌و هێزانه‌ی كه له‌وێ له كێشه و ده‌رده‌سه‌ری زیاتر بۆ خه‌ڵكی ئێزدی هیچی دیكه‌یان به‌رهه‌م نه‌هێناوه. ئێستا پرسی شه‌نگال ڕه‌هه‌ندێكی ئیقلیمیشی وه‌رگرتووه، تا ئه‌م پرسه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌م خه‌ڵكه هه‌ر له‌و كه‌مپانه‌دا ده‌مێننه‌وه و كێشه‌ی ئێزدییه‌كانیش ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر ده‌بێت. سه‌باره‌ت به كرستیانهكانیش هیوادارین ئه‌وانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشن بۆ ئه‌و ناوچه‌یه بگه‌ڕێنه‌وه و هیوادارین ئه‌و هێزانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی یاسان و چه‌كیان به ده‌سته‌وه‌یه و كێشه بۆ ئه‌و سنووره دروست ده‌كه‌ن، ده‌بێت سنوورێكیان بۆ دابنرێت، ئه‌وانه ئه‌و شتانه‌ن كه ئێمه هه‌موومان له حكوومه‌تی ئێستای عێراق چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین چاره‌سه‌ریان بكات.
دواتر ئاماده‌بووانی پانێڵ چه‌ند پرسیارێكیان ئاراسته‌ی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی كرد ده‌رباره‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی سه‌ید موقته‌دا سه‌در له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، پرسی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، ئه‌و دادگاییكردنه‌ی له‌سه‌ر ناردنی نه‌وتی هه‌رێم له نێوان ئه‌نقه‌ره و به‌غدا هه‌یه، بوونی ده‌رفه‌ت له ماوه‌ی دهرێژكردنهوهی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌ستووری هه‌رێم تێپه‌ڕێنرێت، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ڕێزێكی زۆرمان بۆ جه‌نابی سه‌ید موقته‌دا سه‌در هه‌یه و پێمانوابوو كه به‌شداریكردنی ڕه‌وتی سه‌در له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا پێويستييه و ئه‌و كات پێمان وابووه، ئێستاش هه‌ر له‌و بڕوایه‌دان. له دیداری خۆم كه له نه‌جه‌ف چوومه خزمه‌تی به‌ڕێزیان، پێمگوت جه‌نابت ده‌توانی هێزێكی گه‌وره بده‌ی به ڕیفۆرمی سیاسی له عێراقدا و ڕێڕه‌وی سیاسیی عێراق ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ری ده‌ڕوات به هیممه‌تی جه‌نابت ڕاست بكرێته‌وه، ئێستاش پێمانوایه ڕه‌وتی سه‌درى و بوونی ئه‌و له پرۆسه‌ی سیاسيدا پێویسته و پێموایه ته‌نیا ئه‌و حكوومه‌ته‌ی ئێستا پێكهێنراوه ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵی خۆی بدات بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت برایانی ڕه‌وتی سه‌دری ڕازی بكرێن تا یارمه‌تیده‌ری حكوومه‌ت بن و به‌شدار بن له حكوومه‌تدا. سه‌باره‌ت به كشانه‌وه‌یان، ئه‌وه‌یان بڕیاری سیاسیی خۆیان بوو و من ناتوانم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته قسه بكه‌م، به‌ڵام ڕۆڵ و پێگه‌ی ڕه‌وتی سه‌دری و ڕۆڵی سه‌ید موقته‌دا له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا ڕۆڵێكی سه‌ره‌كییه و هیوادارین كه جه‌نابیان له‌م پرۆسه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه به‌شدار بێت و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ سه‌رخستنی ئه‌و حكوومه‌ته‌ی ئێستا له به‌غدا پێكهێنراوه و پێموایه پشتگیرییكردنی ئه‌م حكوومه‌ته ئه‌ركی هه‌موولایه‌كمانه.
“دادگایيی نێوان ئه‌نقه‌ره و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت، ئاڵۆزه. سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی كه توركیا كردوویه‌تی بۆ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان بووه و كاتی خۆی كه ده‌رفه‌تی به ئێمه‌دا بۆڕیی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستانه‌وه دروست بكه‌ین و بچێت بۆ به‌نده‌ری جیهان، وای ده‌بینین كه ئه‌مه یارمه‌تی بوو بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بردنی ئه‌م بابه‌ته بۆ دادگای نێوده‌وڵه‌تی به دیدی ئێمه چاره‌سه‌ری هیچ كێشه‌یه‌ك له‌نێوان عێراق و توركیادا ناكات. ئه‌گه‌ره عێراق له‌و باوه‌ڕه‌دا بێت به بردنی ئه‌م كێشه‌یه بۆ دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌مه چاره‌سه‌ر نابێت. ئێمه دراوسێى یه‌كترین و عێراق هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كیی توركیایه و ئه‌م زمانه‌ی قسه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتری له‌م بابه‌ته‌دا، زمانێكی دروست نییه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. داوا له حكوومه‌تی به‌غدا و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا ده‌كه‌م واقعبینانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا بكات و له ئه‌نجامدا ده‌بێت شتێكی وا بكه‌ین هه‌م خێری عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌م خێری توركیاشی تێدا بێت، چونكه ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت به دڵنیاییه‌وه شتی خراپتری به‌دوادا دێت و به بۆچوونی من عێراق زیانێكی یه‌كجار گه‌وره ده‌كات، ئه‌مه بۆچوونی منه. ئه‌گه‌ر عێراق له‌و بڕوایه‌دا بێت له‌م دادگاییكردنهدا ده‌یباته‌وه، بردنه‌وه نییه و ناشیباتهوه، واته ئه‌گه‌ر بیباته‌وه‌ش هه‌ر دۆڕاوه و ئه‌م پرسه ده‌بێت به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه و گفتوگۆ له‌نێوان توركیا و عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێت، وه‌ك هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده‌ین ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌م كاره‌دا ببینین. با به شێویه‌كی دیكه‌ش باسی بكه‌م، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی ئێستای عێراق پابه‌ندی ئه‌و ڕێككه‌وتنه بێت كه له‌گه‌ڵ به‌غدا كردوومانه بۆ پێكهانانی حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر ئێمه یاسای نه‌وت و غازمان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر یاسای دابه‌شكردنی داهاتمان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌مان هه‌بێت كه چۆن ئیداره‌ی ئه‌م دۆسیایه بكه‌ین، كه‌واته به ڕاستی ئه‌وه‌ی كه پێویست نییه پرسی ئه‌م دادگاییهیه، بۆ ئێمه‌ش وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی كه گرنگه ئه‌وه‌يه بزانین له‌م پرسه‌دا ئه‌رك و مافمان چییه و چاره‌سه‌ریشی بكه‌ین”.
سه‌باره‌ت به بۆچوونیان له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق له ئه‌ركه‌كانیدا كه له حزبێك هاتووه پێشتر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و ئاشكرانه‌كردنی ڕێككه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ پێكهانی حكوومه‌تی نوێ بۆ ڕای گشتی، نێچیرڤان بارزانی گوتی: پرسیارێكی زۆر جه‌وهه‌رییه، ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی كه پاڵپشتیی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستایان كردووه، له‌وانه بوون كه پێشتریش له حكوومه‌ت بوون، ئایا ئه‌مڕۆ چ شتێك گۆڕاوه كه وا بڕوا بكرێت ئه‌م حكوومه‌ته سه‌رده‌كه‌وێت؟! به بۆچوونی من زۆر شت گۆڕاوه له ئه‌نجامی ئه‌و داواكارییه‌ی كه خه‌ڵكی عێراق له ماوه‌ی ڕابردوو هه‌یانبووه و ئه‌و گه‌نجانه‌ی له هیچ شتێك نه‌ترسان و له هه‌موو شاره‌كانی عێراق چوونه سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆپیشاندانیان كرد و داوای مافه‌كانی خۆیان كرد! پێموایه ده‌بێت ئه‌م حزبانه ئێستا ئه‌م په‌یامه‌یان وه‌رگرتبێت له خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر و ملله‌ت كه په‌یامه‌كانیان زۆر ڕوونه. په‌یامی ئه‌و خۆپیشاندانانه كه له هه‌موو شوێنه‌كانی عێراق به‌رێوه‌چوون یه‌ك په‌یام بوو كه ته‌واو، لێتان قبووڵ ناكه‌ین! یان ئه‌م دۆخه ده‌گۆڕدرێت، یان هه‌تا هه‌تا ئێمه گفت و پهیمانهكانتان په‌سه‌ند ناكه‌ین! وه‌ختێك له عێراق مۆدێلێك دروست بوو ئه‌گه‌ر بیانویستبا ده‌نگ كۆبكه‌نه‌وه، قسه‌یان به هه‌رێمی كوردستان ده‌گوت، ده‌یانگوت ئه‌وه هه‌مووی خه‌تای هه‌رێمی كوردستانه! خزمه‌تگوزاری نییه له به‌سڕا و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق خه‌تای هه‌رێمی كوردستانه! خه‌ڵكی عێراق تێگه‌یشت كه ئه‌مه ڕاست نییه و خۆیان بڕیاریان دا به حزبه‌كانیان گوت قبووڵ ناكه‌ین، چونكه ئه‌مه ڕاست نییه! ئه‌گه‌ر بیرتان بێت له هه‌ڵبژاردنی پێشتر یه‌ك وشه‌ش له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌بوو! به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنه‌كانی تر هه‌مووی دژی هه‌رێمی كوردستان بوو تا ده‌نگ كۆ بكه‌نه‌وه. هه‌روه‌ك باسم كرد كه پێویسته له هه‌ڵه‌كانمان فێر بین، هیوادارم ئه‌م هێزه سیاسیانه‌ی عێراقیش له‌و هه‌ڵانه‌ی خۆیان فێر بن و تێ بگه‌ن گه‌لی عێراق و گه‌نجانی عێراق كه ته‌مه‌یان له‌نێوان هه‌ژده و نۆزده بوو كه سه‌یری ته‌له‌ڤزیۆنمان ده‌كرد، خۆ ته‌مه‌نیان هه‌ر ئه‌وه‌نده بوو، په‌یامی ئه‌وانیش ڕوونه و ده‌ڵێ من ژیانێكی باشترم ده‌وێت و ده‌رفه‌تی كارم بۆ بڕه‌خسێ. به هه‌موو باوه‌ڕێكه‌وه ده‌ڵێم ئه‌و به‌ڕێزه‌ی ئێستا بۆته سه‌رۆك وه‌زیران شایسته‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و چانسه‌ی پێ بدرێت و هه‌موو ئه‌و هێزه سیاسییانه به كورد و سوننه و شیعه‌كانه‌وه، هه‌موومان پشتگیری بكه‌ین تاكو له‌و ئه‌ركه‌ی كه ئێستا هه‌یه‌تی سه‌ركه‌وێت”.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.