Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 02:17

كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری دهۆك بەڕێوە دەچێت

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3-11-2022 پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی 14ی خۆی لە شاری دهۆك دەبەستێت ولە كۆنگرەكەدا زیاتر لە 1000 نوێنەر بەشدارن و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. 
كۆنگرەی یەكەم..
لە 16ـی ئابی 1946 لە ماڵی سەعید فەهیم لە بەغدا، بە بەشدرای (70) نوێنەر بە نهێنی كۆنگرەی یەكەمی خۆیان بەست و كۆنگرە‌كە بە سەركەوتوویی كار و ئەركەكانی ڕاپەڕاند، حزبی نوێ ناوی "پارتی دیموكراتی كوردی لێنرا و هەر لەلایەن نوێنەرانی كۆنگرەوە مستەفا بارزانی بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كورد هەڵبژێردرا. 
كۆنگرەی دووەم..
 لە ڕۆژانی 13 و 14ـی ئاداری 1951، لە ماڵی عەلی حەمدی، لە شاری بەغدا بەسترا، نزیكەی 30 ئەندام بەشدارییان تێدا كرد، ڕێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی كۆمیتەیەكی ناوەندی كاتی نوێ دروست بكرێ، بەو مەرجەی‌ ئەندامەكانی لە كۆمیتەی ناوەندی پێشوو ئەندام نەبووبن، پاش پێكهێنانیشی، ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی كۆن و نوێ پێكەوە گۆڕانكاری پێویست لە پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا بكەن و ئامادەكاریی بۆ بەستنی كۆنگرەی سێیەم بكەن.
كۆنگرەی سێیەم..
لە ڕێكەوتی 26ـی كانونی دووەمی 1953 بە ئامادەبوونی 35 تا 40 نوێنەر لە ڕێكخستنەكانی پارتی و‌ ئامادەبوونی سەركردایەتی كۆن و نوێی حزب، لە بارودۆخێكی ئەمنی دژوار و سەختدا بە شێوەیەكی نهێنی له ‌ماڵی ڕەئیس ئەوەل فاتح جەباری لە گەڕەكی شاترلوی شاری كەركووك كۆنگرەی سێیەمی پارتی بەسترا.
كۆنگرەی چوارەم..
هەروەها لە 4 تا 7ـی تشرینی یەكەمی 1959 (پارتی دیموكراتی كوردستان – عێراق)، دوای گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی  و هەڤاڵانی لە یەكێتی سۆڤیەت و یەكلاكردنەوەی كێشە ناوخۆییەكانی حزب، كۆنگرەی چوار لە‌ شاری بەغدا بە شێوەی ئاشكرا بەسترا.
كۆنگرەی پێنجەم..
ڕۆژی 5ـی ئایاری 1960 كۆنگرەی پێنجەم، بە ئامادەبوونی 168 نوێنەر لە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەڕەكی سەعدوونی‌ شاری بەغدا بە شێوەیەكی ئاشكرا بەسترا.
كۆنگرەی شەشەم‌‌..
كۆنگرەی شەشەم‌‌ بە بڕیاری سەرۆك مستەفا بارزانی لە ڕێكەوتی 1 تا 7ـی تەموزی 1964، لە شارۆچكەی قەڵادزێ بە ئامادەبوونی 639 نوێنەر بەسترا. 
كۆنگرەی حەوتەم..
كۆنگرەی حەوتەم لە ماوەی نێوان‌ 15 تا 21ـی تشرینی دووەمی 1966 لە قوتابخانەی ناوەندیی شارەدێی گەڵاڵەی سەر بە پارێزگای هەولێر بەسترا. سەرۆك مستەفا بارزانی جارێكی دیكە وەك سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوه و بۆ یەكەمینجار هەر یەك لە ئیدریس بارزانی و  مەسعود بارزانی لە كردنەوەی كۆنگرەدا بەشدار بوون.
كۆنگرەی هەشتەم..
دوای ڕێكەوتننامەی 11ـی ئادار، لە ڕێكەوتی 1 تا 6ـی تەموزی 1970، لە گوندی ناوپردان، بە ئامادەبوونی 488 نوێنەر كۆنگرەی هەشتەم بەسترا. 
كۆنگرەی نۆیەم..
لە ڕۆژانی 10 تا 14ـی تشرینی دووەمی 1979، بە ئامادەبوونی 325 نوێنەر، سەرەتا لە گوندی دەربەند و دواتر لە ئۆردوگای زێوەی پەنابەرانی باشووری كوردستان لە ڕۆژئاوای شاری ورمێ، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆنگرەی نۆیەم سازكرا‌. 
‌كۆنگرەی دەیەم‌..
لە ڕۆژانی 2-12ـی كانونی یەكەمی 1989 لە گوندی هێشماوە، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە ئامادەبوونی 332 نوێنەری هەڵبژێردراوی ناوچە ئازادكراوەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق و نوێنەرانی دەستنیشانكراوی ناوچە داگیركراوەكان، بە دروشمی "بەردەوامی خەبات لە پێناوی دیموكراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان"، ‌كۆنگرەی دەیەم‌ دەستبەكار بوو.
كۆنگرەی یازدە..
لە ڕۆژانی 16 - 26ی ئابی 1993، بە ئامادەبوونی 2167 نوێنەر، كۆنگرەی یازدە لە هۆڵی زەرد، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەسترا. 
 كۆنگرەی دوازدە..
لە 6ـی تشرینی یەكەمی 1999، كۆنگرەی دوازدەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هۆڵی زەرد لە شاری هەولێر بە دروشمی "ئاشتی، ئازادی، دیموكراسی" بە ئامادەبوونی 1473 نوێنەر، كە 8%ـیان ئافرەت بوون، بەسترا.
كۆنگرەی سێزدە ..
كۆنگرەی سیانزەیەم كە دوایین كۆنگرەی پارتییە، رۆژانی 11 بۆ 18ی مانگی 12ی 2010 لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا زیاتر لە 1500 ئەندام بەشدارییان كرد، لەم كۆنگرەیەشدا پەیڕەو و پرۆگرامی پارتی گۆڕانی تێدا كرا و نێچیرڤان بارزانی وەكو جێگری سەرۆكی پارتی لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە بەربژێر كرا و بە تێكڕای دەنگ پەسند كرا.
بەهۆی ئەو قەیرانانەی دووچاری هەرێمی كوردستان بوون لەگەڵ شەڕی داعش، پارتی دیموكراتی كوردستان نەیتوانی كۆنگرە ببەستێت، ئێستا دوای 12 ساڵ ئەمڕۆ 3-11-2022پارتی كۆنگرەی 14ی خۆی لە شاری دهۆك بە دروشمی ئازادی- دیموكراسی- دادپەروەری دەبەستێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.