Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 00:56

سەرۆكوەزیرانی نوێ دەتوانێ كۆتایی بە دۆخی سەختی عێراق بهێنێ ؟

کوردستان TV
100%

لەگەڵ بەڵێنی محەمەد شیاع سودانی ، سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق، بۆ كۆتاییهێنان بە دیاردەی "چەكی كۆنترۆڵنەكراو" لە بەرنامەی حكومەتەكەیدا، پرسیارەكان دەوروژێنرێت كە مەبەست لەم چەكە چییە.
دوای لەشكركێشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق، زۆر دیاردەی ئاژاوەگێڕی چەكداری لە عێراقدا دەركەوتووە، لەوانە چەكی خێڵەكان، چەكی باندە تاوانكارییە ڕێكخراوەكانی وەك قاچاخ و مادەی هۆشبەر و چەكی میلیشیا تائیفییەكان .
بە گوتەی ئەو سیاسەتمەدار و شرۆڤەكارانەی عێراقی كە قسەیان بۆ "سكای نیوز عەرەبی" كردووە، یەكێك لەو ئاڵنگارییە سەختانەی كە محەمەد شیاع سودانی ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئەوەیە كە بەشێك لەو گرووپانە ڕەتیدەكەنەوە چەكەكانیان دابنێن، لەنێویاندا گروپەكانی ناو " چوارچێوەی هەماهەنگی" كە پشتگیری لە كاندیدبوونی بۆ پۆستەكەی كرد.
سودانی لە بەرنامەی وەزارییەكەیدا، لەبەردەم پەرلەماندا ڕایگەیاند كە چەك بەدەست دەوڵەتەوەیە و ئەمەش درێژەپێدەری ئەركی مستەفا كازمی پێش خۆیەتی كە هەڵمەتەكانی بەم ئاراستەیە دەستپێكرد.
لەوبارەیەوە عەلی فەتلاوی ، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، وێنەیەكی گەشبینانە دەكێشێت لەوەی كە بە "دەرفەتێكی گەورە" وەسفی كردووە بۆ ئەوەی سودانی هەنگاو بنێت لە مەلەفی میلیشیا چەكدارەكاندا و دەڵێت:سودانی جیاوازە لە سەرۆك وەزیرانی پێشوو، بەهۆی ئەو پاڵپشتییە سیاسییەی كە بەدەستی هێناوە، ئەمەش دەرفەتێكی گەورەیە. هەروەها سودانی مەرجی ئەوەی دانابوو كە هەموو كوتلەكان لەم فایلە تایبەتەدا پشتگیری لێ بكەن، بۆ ئەوەی دواتر دژایەتی نەكەن.
هاوكات بەرتەسككردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا داواكارییەكی جەماوەرییە، هەروەها یەكێكە لە ئامانجەكانی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
هەروەها د.ئەمیر ساعدی، پسپۆڕی ستراتیژی دەڵێت: بەرنامەی حكومەتی سودانی ئومێدبەخشە، بەڵام جێبەجێكردنی لەسەر زەوی قورسە.

ساعدی ڕوونی دەكاتەوە كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێكەڵبوونی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ كوتلە چەكدارەكان، بەو پێیەی زۆرێك لەو لایەنانەی پاڵپشتی لە سودانی دەكەن باڵی سەربازییان هەیە، ئەمەش ئەركی گواستنەوەی ئەم فایلە ئاڵۆزتر دەكات.
لەهەمانكاتدا ساعدی پێی وایە دەستووری عێراق و یاساكانی كارپێكراو بەسە بۆ چارەسەركردنی ئەم دووفاقییە، بەو پێیەی مەرجی ڕێگری دەكات لە پێكهێنانی گروپی چەكداری لەدەرەوەی بازنەی یاسا، هەروەها ڕێگریكردن لەو لایەنانەی كە باڵی سەربازییان هەیە .
بە وتەی پسپۆڕانی كاروباری عێراق ،كشانەوەی موقتەدا سەدر، سەركردەی شیعەكان لە پڕۆسەی سیاسی دەرفەتێكی لەبار بوو بۆ بەشێك لە گروپە چەكدارەكان بۆ قۆرخكردنی گۆڕەپانی سیاسی و دووبارە داڕشتنی نەخشەی هەژموونی خۆیان لە چوارچێوەی دامودەزگاكانی دەوڵەتدا.
جێگای ئاماژەیە بانگەوازەكانی سنوورداركردنی چەك لە دەوڵەتدا دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، لە دوای سەرهەڵدانی گرووپە چەكدارەكان لە دوای ساڵی 2033. ئەم مەلەفە بڕگەیەكی هەمیشەیی بووە لە بەرنامەكانی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكاندا بە تایبەت دوای ئەوەی بەشێك لە میلیشیاكان چوونە ناو دامودەزگاكانی دەوڵەتەوە، بە بیانووی ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگیان هەبووە لە تێكشكاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە دوای ساڵی 2014.
بانگەوازەكان لەگەڵ وەرزەكانی پێكهێنانی حكومەتدا پەرەدەسەنن، بەتایبەتی كە چەكەكان ململانێی توندی خێڵەكانی زۆرتر كردووە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.