ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 3ی 11ی 2022، تەرمی هونەرمەندی دێرین و پێشەنگ مامۆستا (باکووری) لە گۆڕستانی عەنکاوە بە خاکسپێردرا.
له رێوڕه‌سمی ناشتنی ته‌رمی هونه‌رمه‌ند وتاری هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بنەماڵە خوێندرایەوە و چەپکێ گوڵی ڕێز و شانازیی لە سەر گۆڕی دانرا.
شایانی باسه ئه‌مڕۆ یەکەم ڕۆژی پرسەکەیتی لە هۆڵی رجا‌و لە شارۆچکەی عەنکاوە.
هونه‌رمه‌ند ( ئه‌ندریۆس ئیسرائیل خه‌ممۆ ) ناسراو به باكوری ئه‌م هونه‌رمه‌نده له (5/11/1928) له قشڵه‌ی شاری كۆیه له‌دایكبووه بووه،له‌به‌هاری ساڵی (1952) له شاری به‌غدا ده‌چێته ڕادیۆی كوردی به‌غدا و پێوه‌ندی به(كامیل ئه‌مین عه‌بدولكه‌ریم حاجی عه‌باس )ناسراو به (كامیلی كاكه مین( 1913_1987) ه‌وه ده‌كات،ئه‌و كات به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆ ده‌بێت.كاتی تاقیكردنه‌وه بۆ دیاری ده‌كرێت و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هه‌لسه‌نگاندنی ده‌نگه‌وه تاقیده‌كرێته‌وه له‌لایه‌ن ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌وه( عه‌لی مه‌ردان ، ڕه‌فیق چالاك و ئه‌حمه‌د خه‌لیل) دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌نگی وه‌ك گۆرانیبێژی ڕادیۆ وه‌رده‌گیرێت، كامیلی كاكه‌مین وه‌ك چۆن نازناوی بۆ هه‌ندێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ڕادیۆی كوردی داناوه ، بیر له‌وه ده‌كاته‌وه كه ناوێك بۆ هونه‌رمه‌ند هه‌ڵبژێرێت ، دواتر به ( باكووری) ده‌ناسرێت و به‌و شێوه‌یه نازناوی هونه‌ری بڵاوده‌بێته‌وه.
تێكه‌ڵاوبوون به‌دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ئه‌و ناوه دوورودرێژه‌ی له‌كۆل مامۆستا باكووری یش كردۆته‌وه ،
باكووری هونه‌رمه‌ند له‌دایك و باوكێكی ئاسووری له‌ڕێكه‌وتی (5/11/1928) له قشڵه‌ی شاری كۆیه له‌دایكبووه ، باوك و دایكی هونه‌رمه‌ند له دێی ( صاتیبه‌گ ) و ( خه‌راشك ) سه‌ربه‌شاری وانی باكوری كوردستان له‌دایكبوون، له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو دێنه شاری كۆیه‌و له( قشڵه‌ی كۆیه) نیشته جێ ده‌بن .
مامۆستا باكووری له‌ساڵی (1935) چۆته به‌رخوێندن و قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌شاری كۆیه له (1946) ته‌واو كردووه ،له قۆناغی سه‌ره‌تایدا له‌ڕێی وانه‌ی سروود و خوێندنی سروود له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه هه‌ست به‌توانا و ده‌نگخۆشیی هونه‌رمه‌ند كراوه‌و مامۆستا ( شه‌فیق سابیر) یه‌كه‌م هانده‌ری بووه، هه‌روه‌هاژینگه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی ده‌نگی خۆش بووه و ئه‌و فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری ستران و لاوكه‌ی باكووری كورستانی له‌گه‌ڵدا ژیاوه‌و شه‌وانه له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی لاوك و سترانه كۆنه‌كانی ده‌ڤه‌ری وان ی خوێندووه و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند( كاوێس ئاغا) به‌به‌رده‌وامی له ماڵه‌كه‌یاندا له‌ڕێی گرامافۆنه‌وه بیستراوه ، ئه‌وه‌ش هۆكارێكی دیكه‌یه له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند باكوری، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قۆناغی ئاماده‌یی له كۆیه نه‌بووه ، باوكی هونه‌رمه‌ند به‌هۆی پیشه‌كه‌ی ( پۆلیس ) بووه شوێنی كاره‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه بۆشاری هه‌ولێر و ، له هه‌ولێر هونه‌رمه‌ند پۆلی چوار و پێنجی ئاماده‌یی به‌شی (وێژه‌یی ) ته‌واو ده‌كات ، بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن له‌ساڵی (1952) ڕووده‌كاته شاری به‌غداو له كۆلیژی ( دارالمعلمین عالیه ) به‌شی زمانی ئینگلیزی وه‌رده‌گیرێت ،له‌هه‌مان ساڵدا ده‌چێته ڕادیۆی كوردی به‌غدا، دوای چوار ساڵ خوێندن به‌سه‌ركه‌وتوویی بڕوانامه‌ی ده‌رچوون وه‌رده‌گرێت، له‌ساڵی (1957) وه‌ك مامۆستای زمانی ئینگلیزی ، له‌ناوه‌ندی كوڕانی كۆیه كه‌پێشتر خۆی قوتابی بووه له‌و قوتابخانه‌یه داده‌مه‌زرێت ، هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاره‌كه‌ی( حاجی قادر و سێوه‌و تایه‌رتۆفیق و دڵدار ) به‌ڵام به‌ته‌نیا تا ساڵی (1959) خانه‌واده‌كه‌ی به‌یه‌كجاری ده‌گه‌ڕێنه‌وه كۆیه.
ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری مامۆستا باكوری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ئاشنابوونی به هونه‌رمه‌ندانی كورد و عه‌ره‌ب .
مامۆستا باكووری به‌دامه‌زرێنه‌ی تیپی مۆسیقای باواجی له‌كۆیه داده‌نرێت، یه‌كێك له‌قوتابییه‌كانی مامۆستا هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د) سه‌باره‌ت به سه‌ره‌تای هاتنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندبۆ شاری كۆیه ده‌كات ( كاتێكیش مامۆستا باكووری له‌ساڵی (1957) وه‌ك مامۆستای وانه‌ی ئینگلیزی بۆ ناوه‌ندی كۆیه هات ، به‌هۆی ئه‌و مامۆستایه‌وه له‌بواری موزیك و ئامێرژه‌نیندا زیاتر ده‌ركه‌وتین ، ئێمه چه‌ند كه‌سێك بووین له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی بووین مامۆستا باكووری هه‌وڵیدائێواران له‌قوتابخانه كۆببینه‌وه) (3)
چالاكییه هونه‌رییه‌كانی مامۆستا باكووری لێره‌وه زیاتر گه‌شه ده‌كات و ده‌ناسرێت و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌و هونه‌رییانه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) و هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی شاری كۆیه‌و هه‌ولێر فراوانتر ده‌بێت، له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌ند ئه‌م قوتابیانه بۆیه‌كه‌م جار فێری مۆسیقاده‌بن وه‌ك :
1/ زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم (ڤیۆلۆن)
2/ئیبراهیم فه‌ره‌جوڵڵا (ڤیۆلۆن)
3/ ئه‌كره‌م باقی (عوود)
4/ سه‌ردار ئه‌حمه‌د(شمشاڵ)
5/ جان تۆماس (ده‌ف)
6/ نه‌شئه‌ت حه‌مید (ده‌ف)
7/ عه‌ونی عه‌لی مه‌ولود (ته‌پڵ)
8/كاكه مه‌م قادر (عوود)
9/حه‌مید ئیسماعیل (كه‌مان)
10/ یوسف باكووری ( ئۆكۆردیۆن) (4)
یه‌كێكی دیكه له قوتابییه‌كانی كه زۆر به‌ئه‌مانه‌ت و به‌ئه‌مه‌كه‌و باس له‌ڕۆڵی مامۆستا باكوری ده‌كات كه ڕۆڵی هه‌بووه له‌فێركردنی ئامێری موزیكدا ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( سه‌ردار ئه‌حمه‌د عه‌بدولڵا 1945 _17/3/2019) ده‌ڵێت: ( مامۆستا باكووری ده‌ورێكی سه‌ره‌كی هه‌بوو كه بگه‌مه ئه‌و پایه و ببم به هونه‌رمه‌ند ) (5)
باكووری یه‌كێك بووه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی شاری كۆیه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (سێوه) كه‌به‌شداری هه‌ردوو ئاهه‌نگی شاری هه‌ولێر و كۆیه ، ساڵی (1957) كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه بۆ زیان لێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی شاری سلێمانی.
له‌ساڵی (1961) وه‌ك كاری مامۆستایه‌تیه‌كه‌ی ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه بۆ شاری هه‌ولێر و نیشته‌جێ ده‌بێت ، له‌هه‌ردوو بواره‌كه‌دا وانه وتنه‌وه‌و هونه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، باكووری خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی هێمن و له‌سه‌ر خۆ ، به‌ڵام كه‌سێك بووه هه‌میشه حه‌زی له‌گه‌شت و سه‌یران و به‌زم و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی دۆست و یاران و باده نۆشین بووه ، له‌هه‌ر شوێنێك بانگهێشت كرابێت خۆیی و ئامێری عووده‌كه‌ی له‌وێ بوون و خۆشیی و شادی و خه‌نده‌ی به ڕۆحی ئاماده‌بووان به‌خشیوه و هه‌میشه ژیانی خۆشویستووه گه‌شبین بووه، هونه‌رمه‌ند دوای ئه‌و میژووه جوان و پرشنگداره له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه خۆی زیاتر سه‌رقاڵی نووسین كردووه، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا چه‌ند كتێبێكی به‌چاپ گه‌یاندووه ، جگه له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان وتار و نوسینی هه‌بووه، سوپاس بۆ خامه‌ی جوانی و خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت كه‌به‌و به‌رهه‌مه جوانانه كتێبخانه‌ی كوردی ئاوه‌دان كردۆته‌وه :
1/ یه‌كه‌م كتێبی ، بابه‌تێكی وه‌رگێڕان بووه له‌زمانی ئینگلیزییه‌وه بۆ كوردی به‌ناوی ( چۆنیه‌تی گۆرانی گوتن)
2/ سێ به‌رگ له كتێبی (گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان) كه پێكهاتووه له (699) لاپه‌ڕه و، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره جوان و شیرینه‌كانی ( 47) هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مان .
3/ كتێبی چیرۆكی هه‌ندێ گۆرانی كوردی ڕه‌سه‌ن .
4/ كتێبی ته‌مه‌نێك ، گۆرانی و ئاواز‌و مۆسیقا و خۆشخوانی.
5/ كتێبی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه له (1957 تا 2008)
6/ كتێبی ئیزگه ، مێژووی دامه‌زراندنی ڕادیۆی به‌غدای عه‌ره‌بی و به‌شی كوردی.
مامۆستا باكووری به‌هۆی ئه‌و ئه‌زموونه دوور‌و درێژ و لێوریژه له‌هونه‌ر بۆته سه‌رچاوه‌و هه‌میشه سوود له‌زانیارییه‌كانی وه‌رگیراوه و خاوه‌نی ئه‌رشیفێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندی بواری هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردییه وه‌ك ( وێنه و قه‌وانی گرامافۆن)،
هونه‌رمه‌ندله‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا چه‌ندجارێك خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی پێ به‌خشراوه‌و و ڕێز له‌مێژووی هونه‌ری گیراوه ، هه‌روه‌ها خاوه‌نی دووه‌مین خه‌ڵاتی (ماملێ )یه له‌ساڵی (2010) كه‌له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ وه پێبه‌خشراوه‌و ، باكووری هونه‌رمه‌ند یه‌كێك بووه له ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری (بنكه‌ی مه‌قام) له‌شاری هه‌ولێر .
هونه‌رمه‌ند باكوری دوێنی له شاری هه‌ولێر له ته‌مه‌نی 94 ساڵی كۆچی دوایكرد.
ئا- كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.