Erbil 38°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 16:15

سه‌رۆكی ئێران وه‌ڵامی جۆ بایدن ده‌داته‌وه‌.. بینیمان به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ چیتان به‌ عێراق كرد

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی ئێران ئه‌مڕۆ هه‌ینی وه‌ڵامی وته‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای دایه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ ئێمه‌ و وڵاتانی جیهان‌ بینیمان چی له‌ عێراق ڕووی دا كاتێك ئێوه‌ به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ چوونه‌ نێو خاكی عێراقه‌وه‌.

ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆكی ئێران ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌ تاڕان ڕایگه‌یاند: سه‌ره‌ڕای گاماڕۆكان ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌وتن و سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی خۆی له‌ چه‌ك و ده‌رمان به‌ زیاده‌وه‌ به‌هه‌م ده‌هێنێت.

ڕاشیگه‌یاند: سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان خۆی داوای لێبوردنی لێ كردم به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه‌ سزاكان هه‌ڵبگرێ و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كانی دژ به‌ په‌تای كۆڕۆنامان بۆ ئێران بنێرێ، به‌ڵام من پێم گوت كه‌ ئێمه خۆمان‌ 6 جۆری جیاوازی ڤاكسینی دژ به‌ كۆڕۆنامان به‌رهه‌مهێناوه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌شی ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: دوژمن ده‌یه‌وێ ڕێگری له‌ پێشكه‌وتنه‌كامان بگرێ، به‌ڵام گه‌نجان و گه‌لی ئێران ڕێگه‌ به‌و ڕێگرییانه‌ ناده‌ن، ئه‌وان پێشتریش هه‌وڵیاندابوو ڕێگری له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بكه‌ن و ئێران به‌ته‌واوی گۆشه‌گیر بكه‌ن، به‌ڵام له‌م پیلانه‌شیان شكستیان خوارد.

ئیبراهیم ڕه‌ئیسی گوتیشی: رۆلی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا گرینگه‌، دوژمنان ده‌یانه‌وێ پێشكه‌وتنه‌كانی ئێمه‌ بكه‌نه‌ ئامانج و گه‌لی ئێران ملكه‌چی ڕۆژئاوا بكه‌ن و گۆشه‌گیریان بكه‌ن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ میانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا له‌ كالیفۆرنیا، بۆ هاووڵاتییانی ئێرانی گوتی: خه‌متان نه‌بێت، ئێمه‌ ئێران ئازاد ده‌كه‌ین، به‌مزووانه‌ ناڕه‌زایان و خۆپیشانده‌رانی ئێران ڕزگار ده‌كه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌م‌ وتانه‌ی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆكی ئێران گوتی: بینیمان چی له‌ عێراق و سووریا و ئه‌فغانستان ڕووی دا كاتێك ئێوه‌ به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ چوونه‌ نێو خاكی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌‌.

هه‌روه‌ها گوتی: به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێم ئێران كه‌ 43 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕزگاركراوه‌ و ئێستاش پێداگیری له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ ده‌كات.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا تا ئێستا 62 ئه‌په‌ڕاسیۆنی بۆ كوده‌تا له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان ئه‌نجامداوه‌.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.