Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 12:43

هێزە ئەمنییەكانی ئێران 16 خۆپیشاندەریان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان كوشت

کوردستان TV
100%

ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئەنجامی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەكان لە خۆپیشاندانەكانی شاری خاش سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان باشووری رۆژهەڵاتی ئێران گیانیان لەدەست دا بۆ 16 كەس بەرزبووەوە.
لەوبارەیەوە عەبدولحەمید ئیسماعیل زەهی، زانای ئایینیی سوننە مەزهەب، لە راگەیەندراوێكدا كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی كردووەتەوە ئاماژەی بەوە داوە كە لە خۆپیشاندانەكانی شاری خاش لانیكەم 16 كەس كوژران و دەیانی دیكەش بریندار بوون.
لە راگەیەندراوەكەدا رەخنە لە بەكارهێنانی هێز دژ بە خۆپیشاندەران گیراوە، هاتووە: خۆپیشاندەران لە بەردەم تەلاری پارێزگای خاش گردبوونەوە و دروشمیان گوتەوە و بەردیان گرتە باڵەخانەكە. هێزە ئەمنییەكانیش بە تەقەكردن وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە. 
عەبدولحەمید ئیسماعیل زەهی لە راگەیەندراوەكەدا رایگەیاندووە ،لە شاری خاش لانیكەم 16 كەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان كەسی دیكەش برینداربوون. تا ئێستا نازانرێت بۆچی هەڵوێستی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلوچستان جیاوازە لە پارێزگاكانی دیكە، لەم پارێزگایەدا خەڵك بێ بەزەییانە دەكوژرێن و خوێنیان دەڕێژرێت.
ئەو زانا ئاینییەی ئێران دەشڵێت: ئەو كارەساتە خوێناوییانەی رۆژی پێنج شەممە لە شاری زاهیدان و رۆژی هەینی لە شاری خاش روویاندا، رەهەندەكانی ستەم و جیاكاریی دەخەنەڕوو. سەركۆنەی ئەم كارەساتە دەكەم و پرسە و سەرەخۆشی خۆشم ئاراستەی كەسوكاری ئەو كەسانە دەكەم كە لەو رووداوەدا گیانیان لەدەست دا.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.