Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 06:19

لە یاری کۆتایی جامی پاڵەوانانی ئەرجەنتین 10 کارتی سوور بەڕووی یاریزاناندا بەرزکرایەوە

کوردستان TV
100%


ناوبژیوانی ئەرجەنتینی فاکۆندۆ تێلۆ کە لە مۆندیالی 2022ی قەتەر-یشدا ئەرکی ناوبژێوانێتی پێدراوە لە یاری کۆتایی جامی پاڵەوانانی ئەرجەنتین کە لەنێوان یانەکانی بۆکا جونیۆرز و ریسێنگ بەڕێوەچوو، کارتی سووری بەڕووی 10 یاریزاندا بەرز کردەوە.

لە یارییەکەدا، فاکۆندۆ تێلۆ بەهۆی توندوتیژی یاریزانانەوە ناچار بوو زوو زوو پەنا بۆ کارتی سوور ببات. له کاتێکدا کاتی ئاسایی یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات لە خولەکی 95دا، سەباستیان ڤیلا لە تیپی خاوەن یاریگا و یۆهان کاربۆنێرۆ لە یانەی ریسێنگ کارتی سووریان وەرگرت.

لە خولەکی 100ی یارییەکەدا کە چووە ناو کاتی زیادکراوەوە، ئالان ڤارێلا لە یانەی بۆکا جونیۆرز بە کارتی سوور دەرکرا و تیپەکە بە نۆ یاریزان بەردەوام بوو لە یاریکردن.

کارلۆس ئەلکاراز لە تیپی میوان، دوای ئەوەی لە خولەکی 118 گۆڵێکی تۆمار کرد، بەبۆنەی گۆڵەکەوە خۆشی خۆی لە بەرامبەر هاندەرانی تیپی رکابەردا گێڕا بەم هۆیەوە کارتی سووری وەرگرت، بەمەش یارییەکە گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت.

ناوبژیوان فاکۆندۆ تێلۆ لە کۆتا خولەکەکانی یارییەکەدا، چەندین جار کارتی سووری بەکارهێنا و هەریەک لە یاریزانانی بۆکا جونیۆرز، لویس ئەدڤینکولا (لە خولەکی 125)، کارلۆس زامبرانۆ (لە خولەکی 126)، دیێگۆ گۆنزالێز (لە خولەکی 127)، فرانک فابرا (لە خولەکی 128) و داریۆ بێنێدیتۆ-ی (لە خولەکی 130) لە یارییەکە کردە دەرەوە.

هەروەها یاریزانی یانەی ریسێنگ، جۆناسان گالڤان لە خولەکی 126 کارتی سووری وەرگرت.

بەمەش ناوبژیوان فاکوندۆ تێلۆ لە تەواوی یارییەکەدا، بەکۆی گشتی 10 یاریزانی بە کارتی سووری لە یارییەکە کردە دەرەوە کە حەوتیان یاریزانی بۆکا جونیۆرز و سێی دیکەش یاریزانی یانەی ریسێنگ بوون، هەروەها له خولەکی 97 راهێنەری تیپی خاوەن یاریگا، هوگۆ ئیبارا-ی بە کارتی سوور کردە دەرەوە.

ئەنجامی یارییەکە کە گرژی و ئاڵۆزی زۆری تێکەوت بە 2-1 لە بەرژەوەندی یانەی ریسێنگ کۆتایی هات و تیپی ناوبراو جامەکەی بردەوە.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.