Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 20:35

کۆمیسیۆنی ئەوروپا: گۆڕانی ئاووھەوا گەورەترین ئاڵنگارییە

کوردستان TV
100%


سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین رایگەیاند، گۆڕانی ئاووھەوا گەورەترین ئاڵنگارییە کە بەرەوڕووی جیھان بووەتەوە و ئاماژەی بەوەیش دا کە بەستنی کۆنفرانسی ئاووھەوا لە شاری شەرەمشێخ لە میسر، بەدواداچوون دەکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێننامەکان لەبارەی ئاووھەواوە.

ئورسولا ڤۆن دێر لاین لەبارەی 27ھەمین کۆنفرانسی باڵای جیھانیی ئاووھەوا COP27" کە لە شاری شەرەمشێخ بەڕێوەدەچێت، تویتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە "جیھان بەرەوڕووی چەندین ئاڵنگاریی بووەتەوە، بەڵام گۆڕانی ئاووھەوا گەورەترین ئاڵنگارییە کە بەرەوڕووی جیھان بووەتەوە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ھەروەھا نووسیوویەتی: کۆنفرانسی ئاووھەوا لە شاری شەرەمشێخ بەدواداچوون دەکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێننامەکان لەبارەی ئاووھەواوە، پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی گەرمبوونی جیھان بۆ 1،5 پلەی سەدی سنووردار بکەین.

جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەرووپا لەچوارچێوەیەدا، لەسەر رێگای راست ھەنگاو دەنێت.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین بەشداری دەکات لە 27ھەمین کۆنفرانسی باڵای جیھانیی ئاووھەوا "COP27" کە لە شاری شەرەمشێخ بەڕێوەدەچێت و لە میانیدا وێنەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ریشی سوناک بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ ریشی سوناک ئەنجامداوە.

دوێنێ یەکشەممە، 27ھەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی رێککەوتننامەی پەیوەندیدار بە گۆڕانی ئاووھەوا سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان "COP27" لە شاری شەرەمشێخ لە میسر دەستی پێ کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، چالاکییەکانی کۆنفرانسەکە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی دەستی پێ دەکات.

کۆنفرانسی لایەنەکانی رێککەوتننامەی پەیوەندیدار بە گۆڕانی ئاووھەوا کە بەرفراوانترین لووتکەی جیھانییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووھەوا تاکو 18ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە 40 ھەزار بەشداربوو و 100 گەورە بەرپرس و سیاسەتمەدار لە نزیکەی 190 وڵات بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا بکەن.

پلانی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمی پارێزەرەکان، گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی ئاووھەوا، بابەتەکانی پێدانی قەرەبوو بە وڵاتانی تازەگەشەکردوو وەک ئەوەی بەڵێن دراوە؛ لە گرنگترین ئەو تەوەرانە دەبن کە لە لووتکەکەدا دەخرێنە بەرباس.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.