Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 02:13

عەبدوڵڵا حاجی : دووری لە زێدو ئازیزانم كاریگەری تەواوی بەسەر شیعرەكانمدا هەبووە

شیعر هیچ پێناسەیەكی تەواوی بۆ ناكرێت، چونكە عەقڵ و بیركرنەوە پەیام لە خەیاڵەوە وەردەگرن 
کوردستان TV
100%

(عەبدوڵڵا حاجی)، شاعیرێكی هەست ناسك زیاتر لە (22) ساڵە ژووانی لەگەڵ شیعر بەستووەو خۆی خستۆتە ناوە دەریایەكی بێبنی جیهانی شیعر ، هەمیشە عیشق و خۆشەویستی بوونەتە هەوێنی شیعرەكانی، تائێستا خاوەنی دووكتێبی شیعرییە بە ناوەكانی " شەبەنگی پایز ، بوركانی عیشق لە دەریای خەم" ، ئەو ماوەی (20) ساڵە لە ئەوروپا دەژیت ،جگە لەبواری شیعر نووسین لە رێگەی چەندین رێكخراو و كۆمەڵەی هونەرو وێژە خزمەتێكی زۆری كردووە ، یەكێكە بووە لە دەستەی دامەزرێنەری كۆمەڵەی  وێژەو هونەر كوردی لە فینلەندا، كە ڕێكخراوێكی چالاكەو  چەندین پرۆژەی هونەری و كەلتوری پێشكەش كردوە  دوای گەڕانەوەی لە فینلەندا بۆ كوردستان بە باشمان زانی لە نزیكەوە وەكو ماڵپەری كوردستان تیڤی ئەم گفتۆگۆیەی لە گەڵدا ساز بكەین. 
* ئەگەر بكرێت زیاترخۆتان بە خوێنەرامان بناسێنیت 
 من لە 17-8-1980  لە باڵەكایەتی لە دایك بووم ،خوێندنی سەرەتایی  و ناوندی لە شارۆچكەی حەریر تەواو كردووە جگە لە زمانی دایك، شارەزایییەكی باشم  لە زمانەكانی فارسی و عەرەبی  و  ئینگلیسی و یۆنانی و فینلەندی ھەیە.  
 ماوەی 22 ساڵە لە بواری نووسینی  شیعر دەنووسم، كتێبێكم بە چاپ گەیاندووە لە ساڵی 2019 بەناوی   "شەبەنگی پایز"، لە ئێستادا كتێبكی دیكەی شیعرم بە چاپ گەیاندووە لە ساڵی 2022 بە ناوی (بوركانی عیشق لە دەریای خەم)، خاوەنی دەیان كۆری شیعریم  لە كوردستان و ئەوڕوپا،چەندین بڕوانامەی  ڕێزلێنانیم پێ بەخشراوە، وەكو بڕوانامە ڕێزلێنانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی . 
ماوەی 20 ساڵە لە ئەوڕوپا دەژیم ، دەستەی دامەزرێنەی كۆمەڵەی  وێژەو ھونەر كوردییم لە فینلەند، كە ڕێكخراوێكی چالاكەو  چەندین پرۆژەی ھونەری و كەلتوری ڕەخساندووە، بەم دوایانە بەرنامەی ڤیستیڤاڵێكی گەورەی نێودەوڵەتی ساز دەكات ، بۆ  بەرپرسی دەزگای ئەكادیمیان بەدرخان كە بڕیارە لە  28-5-2023. ئەنجام بدرێت،دەستەی دامەزرێنەری  كۆمەڵەی روناكبیرانی كوردم لە یۆنان، ئەندامی  چەندین كۆمەڵەی كوردی و فینلەندی بۆ ناساندنی كەلتورو ئاشنابوون بە كەلتورەكانی تر،ئێستا وەكو قوتابی، بۆ بڕوانامەی بزنس دەخوێنم لە فینلندا لە  شاری توركۆ  دەژیم..
*چۆن پێناسەی شیعر دەكەیت؟
- دەتوانین بڵێین، شیعر  هاوار و پەیامی  دڵ و عەقڵ و ڕوح و چاوی مرۆڤە. بەڵام لە ڕاستی دا شیعر  ھیچ پێناسەیێكی تەواوی بۆ ناكرێت، چونكە عەقڵ و بیركرنەوە پەیام لە خەیاڵەوە وەری دەگرن، خەیاڵیش دونیایێكی بێ سنوورە، هەر شتێكیش سنووری نەبێت پێناسەی بۆ ناكرێت.
*چۆن بوو دونیای شیعرت ھەڵبژارد؟
- شیعر منی ھەڵبژاردووە نەك من شیعرم ھەڵبژاردبێت،چونكە شیعرو شاعیر بوون خوێندنگە نیە بە ئارەزووی خۆمان چی بوارێكمان لاپەسەند بێت ھەڵیبژێرین.
 *هەوێنی شیعرەكانی تۆ لەچی سەرچاوە دەگرن؟
 - هەوێنی هەر دەقێكی شیعریم عیشق و خۆشەویستی و مرۆڤ  دۆستییە،عیشق و خۆشەویستی بەتەنیا شیعر ناهێنێتە بەرهەم، بەڵكو وادەكات جوانتر بیربكەینەوەو جوانتر بژین و بە ئومێدەوە بڕوانینە ژیان.
 *ئاستی شاعیرانی لاوانی كوردستان چۆن دەبینیت؟
- ئەگەرچی بەراورد ناكرێن بە شاعیرانی لاو لە ڕابردوو،بەڵام لە نێو ئەو جیهانە جەنجاڵەی ئێستای تەكنەلوجیادان، لە گەڵ ئەوەشدا لاوانێكی هەڵكەوتوو لە مەیدانی شیعر نووسیندان و  ئومێد بەخشن بۆ داھاتوو..
*دووری و دابڕانت لە ئازیزانت، تا چەند كاریگەریان لەسەر شیعرەكانت هەبووە؟
- بێ گومان دوور  لە زێدو ئازیزانم كاریگەری تەواوی بەسەر شیعرەكانم ھەبووە و  غوربەت و غەریبی بۆتە ھەوێنی زۆربەی شیعرەكانم.
( نیشتیمان )
‌ماڵت ئاوا...
‌نیشتیمانی خۆشەویستم 
‌هەتا ماوم، 
‌لە هەر كوێبم
‌ئەت پارێزم،
‌بە عیشقی تۆ هەموو ساتێ
‌تاس و مەستم،
‌لە ئامێزی خاك و خۆڵت 
‌من سەربەستم،
‌لە پێناوت 
‌هەمیشە گیان لەسەر دەستم،
‌دەبا گیانم 
‌لە پێناوت بە قوربان بێ
‌وەفاو سۆزی ئەم دایكەمان 
‌هەر لە یاد بێ
‌بیپارێزین وەكو چاومان 
‌دڵ و گیان بێ
‌نوێژی خوایی بەڕووگەی خواو 
‌ڕووەو خاك بێ 
‌ماڵت ئاوا،  
‌گیانی گیانم، پەناگەكەم
‌پڕ بە دڵ و هەست و سۆزم 
‌هاوا دەكەم، 
‌تا دوا ترپەی دڵی شێتم، 
‌یادت دەكەم ...!  
*جیاوازی شیعرەكانی تۆ لە شیعری شاعێران لە چیدایە؟
- ھەموو شاعیرێك هەوڵ دەدات ڕێچكەیێكی  تایبەت بەخۆی بێت، منیش هەوڵم داوە جیاوازیم بەڵام دواتر ئەوە خوێنەرە بڕیار دەدات لەسەر ئاست و جیاوزی لە نێوان شیعری شاعرانی تر.
 *دوابەرهەمی بەرێزتان چیە؟
 -  دوابەرھەمی شیعریم كتێبێكە بەناوی " بوركانی عیشق لە دەریای خەم" ، ساڵی 2022 بەچاپم گەیاندووە  ھیوادارم خوێنەر چێژی لێوەربگرێت.
هەڤپەیڤین – كامەران حاجی ئەلیاس

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.