Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 00:24

سوودانی: پێویستە کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن

کوردستان TV
100%

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 08ـی 11ـی 2022 جەختی کردەوە کە پێویستە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: پێویستە بابەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێت و نابێت بەردەوام بێت، ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە نەوت و بووجە و دەروازە سنوورییەکان و دۆسیەی دیکە.

ڕاشیگەیاند: خواستێکی جددی لەلایەن هەرێم و بەغداوە هەیە و ڕێککەوتنی سیاسییش کراوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم دۆسیانە ببنەوە و بەشێوەیەکی پیشەییانە مامەڵەی لەگەڵ بکەن و چارەسەر بکرێن و دادگەری بەدی بهێنن بۆ هەموو لایەنەکان.

سوودانی ئەوەشی خستەڕوو کە "بەغدا و هەولێر لەسەر بنچینەی دەستوور ڕێککەوتوون بۆ ڕێکخستنی ئەم پەیوەندییە، بابەتی یاسای نەوت و گاز یەکێکە لە گرنگترین چارەسەرەکانی ئەم کێشەیە، گفتوگۆکانمان لەگەڵ وەزارەتی نەوت بەردەوامن سەبارەت بە خستنەڕووی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز بۆ ئەوەی سەرەتا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەر لەوەی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت."

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە "بابەتێکی دیکەش بابەتی بووجەیە، ڕەشنووسی بووجەی 2023ـەیە و هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی یاسا و دەستوور پابەندی خۆی جێبەجێ بکات، تاوەکو بەغدا بتوانێت پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بێت لەسەر بووجە و شایستە داراییەکانی دیکە."

دوێنێ دووشەممە سەبارەت بە سەردانیکردنی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری کە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی بەغدا دەکەن ئاوات جەناب گوتی، "ئێمە لەپێناو بەدەستهێنانی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان دەچینە بەغدا، هیوادارین سەرەتایەکی باش هەبێت بۆ لێکتێگەیشتنی دانووستانەکان بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد بەپارێزراوی بەدی بێت."

وەزیری دارایی جەختیشی کردەوە کە ئامانجمان گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژە یاسای بووجەی 2023 و هاوکات دەبێت بەپێی دەستوور دۆسیەی نەوت و غاز چارەسەر بکرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.