Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 00:24

سیستەمی پریپەیدی کارەبا پرۆژەیەک بۆ دابینکردنی کارەبایەکی 24 کاتژمێری

کوردستان TV
100%


 پاش جێبەجێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک، وەزارەتی کارەبا بە شێوەی ئەزموونی سەرقاڵی جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەیدی کارەبایە، کە لە بواری ئابوورییەوە بۆ هاووڵاتیان و حکوومەت سوودێکی زۆری دەبێت.

لەو شوێنانەی کە سیستەمی پریپەید جێبەجێ کراوە، هاوبەشانی کارەبا پارەیەکی کەمتر بە کرێی کارەبا دەدەن و لە بری دوو کرێی کارەبا (ئەهلی و حکومی) تەنیا کرێی کارەبای 24 کاتژمێری نیشتمانی دەدەن، بە بێ ئەوەی کە گۆڕانکاری بەسەر نرخی یەکەی کارەبای نیشتمانیدا هاتبێت.

کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: تا ئێستا سیستەمی پریپەید بە شێوەی ئەزموونی لە شەش شوێن جێبەجێ کراوە، دوو شوێن لە هەولێر و دوو شوێن لە سلێمانی و دوو شوێن لە دهۆک.

 سیستەمی پریپەید تا ئێستا لە بازاڕی لەنگە و سیتییەکی  هەولێر و بازاڕی دهۆک و کۆمەڵگەی ئەڤرۆ ستی لە دهۆک و  چوار ستی و علوەی سلێمانی جێبەجێ کراوە.

لە بازاڕی لەنگەی هەولێر 1500 هاوبەشی کارەبا، بە سیستەمی پریپەید کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێریان هەیە و تێچوونەکەشی لە سەریان کەمتر بووەتەوە.

لە بازاڕی دهۆک و ئەڤرۆ ستی بە گشتی 9300هاوبەشی کارەبا، بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە کارەبای 24 کاتژمێریان هەیە و پارەیەکی کەمتریش بە بەراورد لەگەڵ بەر لە دانانی سیستەمەکە بە کرێی کارەبا دەدەن.

سیستەمی پریپەید لە رێگەی پێوەری زیرەکی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت و بە وتەی بریکاری وەزارەتی کارەبا "ملیۆنێک و 300 هەزار پێوەری زیرەک بۆ کۆی نزیکەی ملیۆنێک 800هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراون و ئەکتیڤ کراون.

نرخی کارەبا بە سیستەمی پریپەید بە هەمان نرخی پێشووە، بەڵام کارەبایەکی 24 کاتژمێری دابین دەکرێت. جیاوازییەکەی تەنیا ئەوەیە کە هاوبەشی کارەبا لە سەرەتادا کارتی یەکەی کارەبا دەکڕێت و بەهۆیەوە بە پێی پێداویستیی خۆی کارەبا بەکار دێنیت، کە ئەم شێوازە سێ سوودی گرنگی هەیە. یەکەم تێچوونی کرێی کارەبا لەسەر هاوڵاتی کەم دەکاتەوە و دووەم بارگرانیی سەر تۆڕەکانی کارەبا ناهێڵێت و سێیەم کێشەی کۆ کردنەوەی داهات یان کرێی کارەبا چارەسەر دەکات، چۆنکە بەهۆی دەست پێوە گرتنەوە، بە پێی پێویست کارەبا بەکار دەهێنێت و کارەبا بە فیڕۆ نادرێت و کرێی کارەباش لە کاتی خۆیدا دەدرێت و لەسەر هاوڵاتی کۆ نابێتەوە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: هەرزانترین نرخی کارەبا لە هەموو جیهاندا لە هەرێمی کوردستانە، لە قوناخی یەکەمدا هەر کیلۆ واتێکی کارەبای بۆ ماڵان دوو سەنتە. لە سیستەمی پریپەیدا، دەستکاری نرخی کارەبا نەکراوە، تەنیا ئەوەیە کە سەری مانگ کرێی کارەبایەکی 24 کاتژمێری دەدات.

لە بازاڕی لەنگەی هەولێر، بۆ نموونە کاسبکارێک کە مانگێکی دیاریکراو148 هەزار دیناری تەنیا داوەتە کرێی کارەبای ئەهلی، جگە لە کرێی کارەبای نیشتمانی، ئێستا ئەم کاسبکارە بەهۆی پریپەیدەوە مانگانە بەتەواوەتی تەنیا 32 هەزار دینار دەداتە کارەبایەکی 24 کاتژمێری و بۆ هەموو شتێکیشی دەتوانێت بەکاری بێنێت.

 ئەندازیار قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: لە مانگی ئابی ئەمساڵ هەر ئەمپێرێکی کارەبای ئەهلی لە دەوروبەری بازاڕی لەنگە 19 هەزار و 250 دینار بووە، هەر هاوبەشێکی کارەبا بە سێ ئەمپێری کارەباوە 57 هەزار و 750  دیناری تەنیا بە کارەبای ئەهلی داوە، لە کاتێکدا ئەم بڕە لەناو بازاری لەنگە بۆ هەر هاوبەشێکی کارەبا سفر بووە و تەنیا کرێی کارەبای 24 کاتژمێری نیشتمانیی داوە. 

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی رایگەیاند: لە قەیوان ستی و پاشا ستی، سیستەمی پێدانی کرێی کارەبای هەزار و 483 هاوبەش کراونەتە پریپەید، لە بەرزاییەکانی سلێمانی هەزار و 44هاوبەش و لە بەرزاییەکانی قەیوان هەزار و 30 هاوبەش و لە بازاڕی عەلوە 351 هاوبەش بە سیستەمی پریپەید مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.  تاوەکو ئێستا لە سلێمانی بە گشتی 3 هەزار و 908 هاوبەش  بەهۆی سیستەمی پریپەیدەوە کارەبایەکی 24 کاتژمێریان دەبێت.

بە هۆی سیستەمی پریپەیدەوە، کێشەی وەرگرتنی کرێ و قەرزی کارەباش لە نێوان وەزارەتی کارەبا و هاوبەشانی کارەبا چارەسەر دەکرێت و وەزارەتی کارەبا بودجەیەکی باشتری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی لەبەر دەستدا دەبێت، یەکێک لەوان پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: لە کۆتایی ئەم مانگە وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی 500 مێگاوات کارەبا لە بازیان بەگەڕ دەخرێت.

ژێرخانی کارەبای هەرێم توانایی بەرهەمهێنانی زیاتر لە 7 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا 3 هەزار و 500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت. بە چارەسەرکردنی شێوازی وەرگرتنی کرێ و قەرزی کارەبا لە رێگەی سیستەمی پریپەیدەوە، توانایی ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی کارەباش بەهۆی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا یان دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان بەرز دەبێتەوە. لە ئەنجامی جێبەجێکردنی پرۆسەی پریپەیدەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە شوێنەکانی دیکەش زیاتر دەبێت، تا ئەو کاتەی کە بە جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید،  کارەبای هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.