Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 20:22

له‌ نزیكترین كاتدا گفتوگۆكانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕال ده‌ست پێ ده‌كات

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم 9ی تشرینی دووەم، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌درا كه‌ له‌ نزیكترین كاتدا گفتوگۆكانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕال ده‌ست پێ ده‌كات.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە تیمی وەزاری پارتی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەی پارتی.

پاشان دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان بەناوی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و سەرۆکی تیمی وەزاری گۆڕان بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، هەروەها ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەن، پیرۆزباییان لە تیمی وەزاری پارتی کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە نەخشەڕێگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەیوەندیی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا، لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و هەروەک لە بەرنامەی کاری (المنهاج الوزاري)ی کابینەی نوێ دا هاتووە و لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کرا، بەتایبەت دۆسییەی ماددەی 140ی دەستوور تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و گاز و بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز).

دوای تاوتوێکردنی ئەم بڕگەیە، بڕیاردرا شاندی دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ لەم بەڕێزانە پێک بێت، وەزیری دارایی وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها راسپێردران لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان، لە نزیکترین کاتدا دەست بە گفتوگۆ بکەن و جەخت لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتی فیدڕاڵی و ئەو رێکەوتنە سیاسییەی کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردرا کرایەوە.

لە بڕگەی دووەمدا، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو و بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێردرێن بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.