Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 20:29

هۆشداری ژینگەیی .. تا ساڵی 2100 شەپۆلی گەرما 90 هەزار ئەوروپی دەكوژێت

کوردستان TV
100%

دەزگای ژینگەی ئەوروپا هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ڕێوشوێنی گونجاو نەگیرێتەبەر، شەپۆلی گەرما ساڵانە تا كۆتایی سەدە ساڵانە 90 هەزار ئەوروپی دەكوژێت.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەبێ ڕێوشوێنی گونجاندن، لەژێر سیناریۆی 3 پلەی سەدی گەرمبوونی جیهان تا ساڵی 2100، ساڵانە 90 هەزار ئەوروپی بەهۆی گەرمای زۆرەوە دەمرن.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ گەرمبوونی جیهان بە پلەی 1.5 پلەی سەدی، ئەو ڕێژەیە بۆ 30 هەزار مردن لە ساڵێكدا دادەبەزێت.
وڵاتان بەڵێنیان دا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی لە 1.5 پلەی سەدی لە سەرووی ئاستی پێش پیشەسازییەوە بهێڵنەوە، ئامانجێك كە پێدەچێت جیهان لە ڕەوتی ئێستای دەردانی گازی ژەهراویدا تێپەڕێنێت.
دەزگای ژینگەی ئەوروپا بە پشتبەستن بە داتای بیمە ڕایگەیاندووە، نزیكەی 129 هەزار ئەوروپی بەهۆی گەرمای زۆرەوە لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 2020 گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، شەپۆلی گەرمای زیاتر كە پەیوەندی بە گۆڕانی كەشوهەوا و پیربوون و زیادبوونی شارنشینییەوە هەیە، وایكردووە ئەم ژمارەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەرزبێتەوە، بەتایبەتی لە باشووری كیشوەرەكەدا.
دوایین هۆشداری دەزگای ژینگەی ئەوروپا دوای ڕاپۆرتێك دێت كە ڕۆژی دووشەممە 7ی ئەم مانگە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە بڵاوكرایەوە و تیایدا باس لەوە دەكرێت كە تا ئێستا لەمساڵدا لانیكەم 15 هەزار كەس لە ئەوروپا بەهۆی گەرمی كەشوهەوا گیانیان لەدەستداوە.
جێگای سەرنجە كە سێ مانگەكە لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئاب گەرمترین مانگ بووە لە ئەوروپا لەوەتەی تۆمارەكان دەستیپێكردووە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ناوازە بووە هۆی خراپترین وشكەساڵی لە كیشوەرەكەدا لە سەدەكانی ناوەڕاستەوە.

دەزگای ژینگەی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشكرد، جگە لە خودی گەرما، گۆڕانی كەشوهەوا دەتوانێت ئەوروپا زیاتر بەرەوڕووی نەخۆشییە درمیەكان بكاتەوە، وەك مەلاریا و تای خوێنبەربوون، كە بەهۆی پێوەدانی مێشوولە بڵاودەبێتەوە.
هەروەها بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاوی دەریاكان تادێت لەبارتر دەبێت بۆ ئەو بەكتریایانەی كە دەبنە هۆی كۆلێرا، بەتایبەتی بەدرێژایی كەناراوەكانی دەریای باڵتیك.
ئاژانسەكە جەختی لەوە كردەوە: كەمكردنەوەی كاریگەرییە تەندروستییەكانی گەرما پێویستی بە جێبەجێكردنی كۆمەڵێك چارەسەری بەرفراوان هەیە، لەوانە پلانی كاركردنی كاریگەر بۆ تەندروستی گەرمی، سەوزكردنی شارەكان، دیزاین و بیناسازی گونجاو، و دەستكاریكردنی كات و بارودۆخی كاركردن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.