ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 11ـی 11ـی 2022 دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی هەڵاتوویان لە شاری هەولێر ڕاگەیاند کە دایک و دوو خوشکی خۆی کوشتبوو.
لە ڕاگەیەنراوێک ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر تۆمەتبارێکی هەڵاتوو بە ناوی عەلی مەجید هاشم محەممەد دەستگیر دەکەن، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی سێ ئەندامی خێزانەکەی لە شاری بەغدا.
ڕاشیگەیاند: تۆمەتبار (عەلی مەجید هاشم محەممەد) لەدایکبووی 1999 و دانیشتووی شاری بەغدا، لە ڕێکەوتی 8ـی 11ـی 2022، سێ ئەندامی خێزانەکەی کە پێکهاتبوون لە دایکی بەناوی (زەهرا عەلی حسێن) و دوو خوشکی دیکەی بەناوەکانی (دوعا مەجید هاشم محەممەد و بوشرا مەجید هاشم محەممەد) دەکوژێت، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەڵدێت بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی خۆدەربازکردن لە دەست هێزە ئەمنییەکان و هەڵاتن بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەش داوە کە "پاش کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تۆمەتباری ناوبراو و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێرەوە توانرا لە ڕۆژی پێنجشەممە 10ـی 11ـی 2022 تۆمەتبار دەستگیر بکرێت و لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.