Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 10:27

دۆڵمە بەناوبانگترین خواردنی كولتووری شاری هەولێرە   

کوردستان TV
100%

دۆڵمە خواردنێكی كۆنی كولتووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بە تایبەتی لە عێراق، توركیا، ئێران و وڵاتە عەرەبییەكان دروست دەكرێت و لە هەر وڵاتێك بە شێوازێكی تایبەت دروست دەكرێت و بەهۆی پێكهاتە و كەرەستە جیاوازەكانییەوە گوزارشت لە خواردنێكی كولتووریی ناوچەكان دەكات.
دۆڵمە لە شاری هەولێر مێژوویەكی كۆنی هەیە و لەئێستادا لە زۆرێك دانیشتن و كۆبوونەوەكان، دەبێتە خواردنێكی سەرەكی و ئارەزوومەندەكانی لەسەر سفرەیەك كۆدەكاتەوە.
خاتوو نەریمان شێخ محەمەد ماوەی دوو ساڵە شوێنێكی گەورەی كردووەتەوە بۆ دروستكردنی ئەو خواردنانەی كە خەڵك ئارەزوویەتی و رۆژانە لەگەڵ چەند ئافرەتێكی دیكە جۆرەكانی خواردن بۆ خەڵك دروست دەكەن، ئەو ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی خواستی داواكارانەوە، دۆڵمە بووەتە خواردنێكی رۆژانە.
شوێنەكەی خاتوو نەریمان لە دوو نهۆم پێكهاتووە، نهۆمی خوارەوە هۆڵێكی گەورەیە كە تایبەتە بە چێشتخانە و هەموو كەلوپەل و پێداویستییەكانی خواردن و شیرینی دروستكردنی تیادایە و جگە لە خۆی و ئەو چەند ئافرەتەی كە كاری لەگەڵدا دەكەن، كەسی دیكە ناچێتە شوێنەكە و بەشێوەیەكی باش رەچاوكردنی مەرجە تەندروستییەكانی تیادا دیارە، لەناو هۆڵەكەدا ئەسانسۆرێكی بچووك هەیە بۆ گواستنەوەی ئەو مەنجەڵە گەورانەی كە پڕیەتی لە خواردن و لە نهۆمی سەرەوە كارمەندێكی دیكە مەنجەڵەكانی خواردن وەردەگرێت و دەیدات بەو كەسانەی كە بۆیان دروستكراوە.
خاتوو نەریمان شێخ محەمەد خاوەنی شوێنی نانا لە میانی دروستكردنی دۆڵمەدا، ئاماژەی بە پێكهاتە و شێوازی دروستكردنەكەی كرد و گوتی: یەكەمجار بە دروستكردنی كونافە و شیرنەمەنی دەستم بە كارەكەم كرد و سەرەتا لە ماڵەوە لە رێگای سۆشیالمیدیاوە، خەڵك دەیزانی كە شیرینی دروست دەكەم، دواتر ئەو شوێنەی ئێستام دانا، وێرای كارەكەی خۆم، هاوكات توانیوومە هەلی كار بۆ چەند ئافرەتێكی دیكەیش بڕەخسێنم و رۆژانە وەكو یەك تیم خزمەتگوزارییەكانمان پێشكەش دەكەین.
خاتوو نەریمان شێخ محەمەد ئاماژەی بەوەیش كرد كە رۆژانە داواكاری خواردنیان زۆرە لەوانە دۆڵمە، بریانی، مریشكی مەحشی، عروق، بوڕمە، كولیچە و جۆرەكانی دیكەی خواردن و جەختی لەوەشكردەوە كە بە پلەی یەكەم، خواست لەسەر دۆڵمە زۆرە بەجۆرێك بووەتە خواردنێكی رۆژانە.
ئەوەی كە دۆڵمەی هەولێر لەگەڵ شوێنەكانی دیكە جیادەكاتەوە ئەوەیە كە دۆڵمەی هەولێر جگە لەوەی رەنگی سوورە و چەندین سەوزەی وەك پیاز، تەماتە، كودی (كولەكە) باینجان، بیبەر، خەیار و سڵقی تیادایە، بەڵام شێوازی چاككردنی پیازەكە لە هیچ ناوچەیەكی دیكە بەكارنایەت بە جۆرێك لە هەولێر سەرەتا بە چەقۆیەكی تایبەت ژێرەوەی پیازەكە دەكۆڵن و دواتر هەموو چینەكانی ناوەوەی وەكو یەكتر دەردەهێنن و بۆ تێكردنی برنجی ناو دۆڵمەكە بەكاری دەهێنن، پیاز لە ناوچەكانی دیكە جیاوازە و لە شارەكانی دیكەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لەڕێگای خستنە ناو ئاوی گەرمەوە چینەكانی پیازەكە لەیەكتر دەكەنەوە، هەروەها لە شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش، سەر و ژێری پیازەكە بە چەقۆ دەبڕن.
لەبارەی ئەو كەرەستانەی كە بۆ دروستكردنی دۆڵمە بەكاری دەهێنێت، خاتوو نەریمان شێخ محەمەد گوتی: "سەرەتا كودی و پیاز لە رۆن دا سوور دەكەینەوە، ئینجا تێكەڵ بە برنجەكەی دەكەین، دەبێت ئەوە بڵێین كە ئێمە لە دروستكردنی دۆڵمەدا، برنجی كوردی بەكاردەهێنین، دواتر سۆسی تەماتە و بینەری رەشی تێدەكەین، پاشان سركەی هەناری تێدەكەین و ئینجا جوان تێكەڵی یەكتری دەكەین.
خاتوو نەریمان لەتەك كەرەستەكاندا، مەنجەڵێكی گەورەی لەسەر مێزێك داناوە و لەناوەوە بە چەند قاچكە سڵقێك دایپۆشتووە، دواتریش چەند پەراسویەكی لەپاڵ یەكتر داناوە، ئینجا ئەو كەرەستانەی كە برنجی دۆڵمەكەیان تێدەكات، بە ریز لەناو مەنجەڵەكە دایاندەنێت و بەدەم كاركردنەوە گوتی: سەرەتا ژێرەوەی مەنجەڵەكە لە رووی ناوەوەی بە لاسكی سڵق دادەپۆشین، ئینجا چەند بەراسویەكی ئاژەڵ دادەنێین، پاشان دەست بە پێچانەوەی كەرەستەكان دەكەین، سەرەتا بیبەرەكە دادەنێین بەهۆی ئەوەی درەنگتر لە كەرەستەكانی دیكە دەكوڵێت، ئینجا بەپێی ریزبەندی كوڵانەكە، كودی، باینجان، خەیار و لە كۆتاییشدا پیازی لە سەرەوە دادەنێین.
دوای پێچەوانەی دۆڵمەكە، هەندێك سماقاوی تێدەكەن و دواتیش بۆ رێگرییكردن لە هەڵوەشانەوەی كەرەستەكانی ناو مەنجەڵەكە، بەردێكی تایبەتی پان لەسەر كەرەستەكان دادەنێن و ئاگرێكی كزی لە ژێرەوەی هەڵدەكەن و دوای نزیكەی یەك كاتژمێر پڕۆسەی كوڵانەكە تەواو دەبێت و ماوەی چەند خولەكێك سەری مەنجەڵەكە واڵا دەكەن بۆ ئەوەی هەوا لێی بدات و ئەمەش پەیوەندی بە كارلێكی كەرەستەكانەوە هەیە و تامی خۆشتر دەبێت.
بە گشتی دوای كوڵانی دۆڵمەكەش، لەسەر سێنییەكی گەورە روو دەكرێت و ئینجا خوازیارانی لەسەر سفرەیەك كۆدەبنەوە و لە رێگای كەوگیرەوە دۆڵمەكە دەخەنە قاپەكانی بەردەمیان.

شێوازی ژیان هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.