قەشەنگ ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، 24 ى ئۆكتۆبهری 2022، هاوکات لەگەڵ چلەی ژینا ئەمینی، قەشەنگ ئەحمەدی، ئافرهتێكی تەمەن 57 ساڵ و خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شەقامی فیردەوسیی ئەو شارە ڕفێندراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بۆ هەنگاو نێردراون، ناوبراو نزیک بە 48 کاتژمێر پاش ڕفاندنی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی بە بنەماڵەکەیەوە گرتووە.
قەشەنگ ئەحمەدی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە کورت ماوەدا لەسەر بارودۆخی خۆی و شوێنی ڕاگیرانی قسەی کردووە و ڕایگەیاندووە: "لە بەندیخانەم، بەڵام نازانم کام بەندیخانەیە و لە کوێیە".
بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو؛ ناوەند و هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، جیا لەوەی وەڵامدەری بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ڕفێندراوان و دەستبەسەرکراوەکان نابن، بەڵکوو زۆر جاریش هەڕەشەیان لێ دەکەن.
ئەوە هەڕەشانەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە بڕێک لە بنەماڵەکان بەدواداچوونەکانیان لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان نەدەنە ڕاگەیاندنەکان و بڵاوی نەکەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.